لە یادی ساڵڕۆژی وەفاتی مامۆستا مەلا حەمە ئەمین عەبدولقادر حوسێن پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی شاری کەلار دا هەرچەندە خۆی لەناومان نەماوە بەڵام شوێنی لەناو دڵمان و یادەوەریە جوانەکان و کارەچاکەکانی لە پێش چاومان ماونەتەوە !
هەندێک مرۆڤ بە مردنیان کۆتاییان پێ دێت، بەڵام هەندێکی تر بەو ئەسەرە چاکەی لە دوای خۆیان بەجێی دەهێڵن هەمیشە لە ناو خەڵکیدا دەژین،
مامۆستا مەلا حەمە ئەمین یەکێک بوو لەو پیاوانەی کە ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتکردنی ئاین و مزگەوت و بەختەوەری کۆمەڵگە.
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر کۆچی دواییی ئەو مامۆستا بەڕێزەدا تێدەپەڕێت؛ بەڵام یاد و یادەوەریەکانی هەر لە نێوماندا ماوەتەوە!
ئەمڕۆ دەنگی لە مینبەرەوە نابیستین، بەڵام وشەکانی هەر لە گوێمان دەزرنگێتەوە! لە نێوماندا نییە بەڵام ئەو خزمەتانەی کە بۆ خەڵک و دین و کۆمەڵگە بەجێی هێشتوون هێشتا دەژین.
ئەو لە ماوەی خزمەتی خۆیدا لە مینبەری مزگەوتی گەورەی شاری کەلار تەنها ئەرکی ئیمامەت و وتاربێژی بەڕێوە نەدەبرد بەڵکو مینبەری بۆ شوێنی بانگەوازی چاکە و ڕێنمایی و چاکسازیی کۆمەڵایەتی بەکارخستبوو.
مامۆستا مەلا حەمە ئەمین لەگەڵ زانایان و مامۆستا و مەلای مزگەوتەکان پەیوەندییەکی بەهێزی هەبوو ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی کوردستان بوو، هەمیشە لە کۆڕی یەکێتی زانایان لە سەنگەری بەرگری لە ئاین و ژیانی گەلەکەیدا بوو، لە غەمی خەڵک و کێشە و ئازارەکانی گەلی کورد بوو هەرگیز خۆی لە خەڵک و کۆمەڵگە و خۆشی و ناخۆشییەکان بە دوور نەدەگرت،
ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە زانا و مەلای مزگەوت نابێت تەنها لە ناو چوار دیواری مزگەوتدا بێت بەڵکو دەبێت لەگەڵ خەڵک بێت و ئازارەکانیان بزانێت و تاڵیەکانیان بچێژێت و لە خۆشحاڵییەکانیشان هاوبەش بێت و لە خزمەتی کۆمەڵگەدا هەنگاو بنێت.
مامۆستا لە دوای خۆی کتێبی ” باشترین دیاری – ٦٧ وتاری ئامادەکراو بۆ ڕۆژانی هەینی ” بەجێهێشتووە کە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر دڵسۆزیی نووسەرەکەی بۆ خزمەتکردنی مینبەر و مامۆستایانی ووتاربێژی مزگەوتەکان .
ئەم کتێبە ٦٧ وتاری ئامادەکراوی هەینی لەخۆ دەگرێت، وتارگەلێک کە دەتوانن ببنە یارمەتیدەرێک بۆ مامۆستا و وتاربێژی مزگەوتەکان و لە هەر هەفتەیەکدا بە ووتارێک، وشەیەکی دینی و ڕێنمایییەکی چاک، پەیامێک بگەیەنێتە دڵی خەڵک.
کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ٦٧ وتاری هەینی تەنها کارێکی نووسین نەبوو بەڵکو هەوڵێکی مامۆستا بوو بۆ ئەوەی وتاربێژان بتوانن لە مادەیەکی ئامادە و ڕێکخراوی دینی سوود وەربگرن! دەکرێت کتێبی باشترین دیاری بە بەشێک لە میراتی زانستی و بانگخوازی مامۆستا مەلا حەمەئەمین دابنرێت.
لەم بۆنەیەدا بە فەرمودەی پێغەمبەری خوا ﷺ دڵمان ئارام دەبێتەوە کە دەفەرموێت: «إِذَا مَاتَ ابْنُ آدَمَ انْقَطَعَ عَمَلُهُ إِلَّا مِنْ ثَلَاثٍ: صَدَقَةٍ جَارِيَةٍ، أَوْ عِلْمٍ يُنْتَفَعُ بِهِ، أَوْ وَلَدٍ صَالِحٍ يَدْعُو لَهُ».
هیوا و گومانی باشمان بە ڕەحمەت و میهرەبانی خوای گەورە هەیە کە هەموو ئەو خزمەتانەی مامۆستا مەلاحەمە ئەمین لە ئیمامەت و وتاربێژی و خزمەتکردنی مزگەوت و خەڵکەوە تا خزمەتەکانی لەناو یەکێتی زانایان و خزمەتەکانی بە مامۆستایانی ئاینی و هەروەها هەبوونی مامۆستا مەلا محمدی کوڕی کە بەهەمان ڕێگە و ڕێبازەکەی باوکی کە لە جێگەی ئەو لەسەر خزمەت بەردەوامە و هەروەها کتێبی “باشترین دیاری” ، هەموو ببنە هۆی زیادبوونی حەسەنات و دابارینی ڕەحمەتی خوای گەورە بەسەریدا.
لە ساڵیادی وەفاتی مامۆستادا دەڵێم: مامۆستا کۆچی کرد، بەڵام چاکەکاری و خزمەتەکانی ماونەتەوە.
زانایەک وەفاتی کرد بەڵام خزمەتەکانی لەناو یەکێتی زانایان هەردەمێنێت. غەمخۆرێکی خاک و نیشتمان کۆچی کرد بەڵام دڵسۆزیەکەی بۆ کوردستان هەر دەمێنێتەوە .
مزگەوتی بەجێهێشت بەڵام یادەوەری مینبەرەکەی هەر ماوەتەوە . لە وتارخوێندن نەماوە، بەڵام وشەکانی ماونەتەوە. نووسەری کتێبێک کۆچی کرد، بەڵام کتێبەکەی ماوەتەوە .
خوای گەورە لە مامۆستا مەلا حەمەئەمین خۆشبێت و لەسایەی ڕەحمەتی خۆی دایبنێت ، هەموو خزمەت و کارە چاکەکانی لە تەرازوی حەسەناتیدا دابنێت و لەگەڵ پێغەمبەران و زانایان و ساڵحان و چاکاندا کۆیبکاتەوە .




