پەیامی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی

بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کۆچی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

(إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا…) التوبة:40.

به‌بۆنه‌ی هاتنەوەی سەری ساڵی کۆچی 1448 پیرۆزبایی گەرممان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م مسوڵمانانی جیهان بە گشتی و مسوڵمانانی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌و ئومێده‌ی ساڵی تازه‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز بێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و كۆچكردن له‌ كه‌م و كورتییه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و چاكسازی و كاری باش و بۆ خوا سوڵحان.

کۆچ و هیجرەتی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) تەنها روداوێکی کاتی نیە، سەرەتای ژیانێكی نوێ‌و گۆڕانكارییەكی گەورەی مێژوویی و جیهانی بوو، هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی ئامانجگەلێک لە پێناو سەرخستنی ئایین و خۆشکردنی زەمینەی بانگەوازی و پەیامی دینداری، کۆچ لە میژووی موسڵمانان وەرچەرخانێکی گەورەو هێمای رزگاربوون له‌ زوڵم و قۆناغێكی نوێی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و ئیدارەدان و ده‌ركردنی ده‌ستوورو یاساو پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی بوو، ماناو دەلالەتەکانی کۆچ وەک قوتابخانەیەکی مەزنی هەڵسانەوەو ئومێدی سەرکەوتن ئەوەمان پێ دەڵێت، کە نابێ هیچ کات رەشبین و نائومێد بین، بەڵکو بە پشت بەستن بەخواو گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان هەمیشە مەشخەڵی سەرکەوتن نزیکە.

بۆیە پێویستە لەم یادە پیرۆزەدا كار بكەین بۆ هێنانەدی پەند‌و ئامۆژگاری‌و ئامانجەكانی هیجرەت، لە چاندنی تۆوی خۆشەویستی‌و پێكەوەژیان‌و برایەتی‌و گیانی هاریكاری‌و مرۆڤدۆستی و چاکسازی و بونیادی تاک و دەوڵەتداری.

ده‌خوازین ئه‌م یاده‌ ته‌نیا وه‌ك رووداوێكی مێژوویی به‌سه‌رمان تێپه‌ڕ نه‌بێت، به‌ڵكو ببێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ هه‌موو كه‌مو كورتیه‌كان و رۆیشتن به‌ره‌و لوتكه‌ی ژیاندۆستی و ديندارى.

مەکتەبی تەنفیزی

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

29 ذو الحجة / 1447 کۆچی

15ی حوزەیرانی 2026 زاینی

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

ماڵپەڕی زانایان بە دیزاینێکی تازەو نوێ دەکەوێتە بەر دیدی...