یەکێتی زانایان دیدارێکی گرنگی دیالۆکی فیقهی تایبەت بە ئاڵنگارییەکانی ناسنامەی ئایینی منداڵانی باوک نادیار ساز دەکات  

 

ئەمرۆ 18ی8ی2026 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا ویسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و، بەرێزان حاکم گۆران بەرزنجی نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری و حاکم بەدرەدین سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پالپشتی سەروەری یاسا و یموکراسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایان و پسپۆڕانی فیقهی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق دیدارێکی گرنگ و تایبەت بەناونیشانی: (کێشەو ئاڵنگارییەکانی دیاریکردنی ناسنامەی ئایینی منداڵانی باوک نادیار – دیالۆکی راوێژکاری و خوێندنەوەی فیقهی) لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، کە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە هەماهەنگی رێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پالپشتی سەروەری یاساو دیموکراسی بە هاوکاری  لەگەڵ ڕێکخراوی “پرد بۆ ئاشتی” ئیتالی و بە پاڵپشتیی “نووسینگەی کاروباری دەرەوە، کۆمۆنوێڵس و گەشەپێدان” بەریتانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی “بونیادنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق” پەیوەست بە هەموارکردنی ماددەی ٢٦/٢ لە یاسای کارتی نیشتمانی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦)، رێکی خستبوو.

ئامانجی ئەم دانیشتنە گۆڕینەوەی بیروڕا و تاووتوێکردن و بەراوردکاری دیدگا جیاوازەکانی فیقهی ئیسلامییە، سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووس و (ناسنامەی ئایینی) منداڵانی قوربانی – باوک نادیار- دۆزینەوەی دەرچەی شەرعی بۆ ڕێگریکردن لە لێکترازانی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی مافە مەدەنی و ئایینییەکانی ئەم قوربانییانە. بەمەبەستی دیاریکردنی روانگەی روونی شەرعی بۆ هەموارکردن و دیاریکردنی یاسای پەیوەست بەم بوارەوە.

سەرەتای دانیشتنە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەدیدارەکەو بەخێرهێنانی ئامادەبووان، کە ژمارەیەکی هەڵبژێردراو لە پسپۆڕانی فیقهی ئیسلامی بۆ تاوتێکردنی پرسە هاوچەرخەکان، ناورەۆک و ئەجێندای بەرنامەو بابەتەکەی بۆ ئامادەبووان  خستنەڕوو، تیشکی خستە سەر لایەنی فیقهی ئاڵنگارییەکانی ناسنامەی ئایینی منداڵانی باوک نادیارو بەگرنگی زانی بۆچوونی ئامادەبووان لەبارەیەوە بخرێتە روو، و کۆمەڵێک راسپاردەو بەرچاو ڕوونی لەبەردەم دامەزراوەو ناوەندە ئایینیەکان بێت، بۆ پالپشتی کردنی پرۆژە یاسای پەیوەندیدار بەم پرسانەوە، بەتایبەت لە دیاریکردنی نەسەب و ناسنامەی ئایینی و پرسی میراتی منداڵانی باوک نادیار.

دواتر بەرێز د.گۆران بەرزنجی لەرووی یاسایی تیشکی خستە سەر بابەتەکە بە وردی بڕگەو بەندە یاساییەکانی پەیوەست بە پرسەکەی خستەڕوو، هەروەک روانگەی یاسایی سەبارەت بە هەڵوێست و مامەڵەی دام و دەزگا فەرمییەکانی بۆ راییکردنی کاروبارەکانی ئەو جۆرە منداڵانەی ناسنامەی ئایینیان یەکلایی نەبۆتەوە بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.

دواتر دەرگای گفتوگۆو دیالۆک لەبەردەم ئامادەبووان کرایەوەو لە چوارچێوەی بابەتەکەو خستنەڕووی بۆچوون و زانیارییەکانیان سەبارەت بە ناوەرۆکی دیدارەکە، ماوەی پتر لە کاتژمێر گفتوگۆی زانستی و فیقهی و راوێژکاری ئەنجام دراو بۆچوون و رای زانایانی پێشین و هاوچەرخ لەم بارەوە خرایە روو.

شایەنی باسە ئەم دانیشتنە وەک بنەماو دەسپێک سەرەتایەکی گرنگ بوو لە پرۆژەیەکی هاوچەرخی ماوە درێژ، کە بڕیار وایە لە ئایندە چەند دیدارو گفتوگۆیەکی تر بە راسپاردەو خستنەڕووی دیدگای فیقهی گەورە زانایان ئەنجام بدرێت.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

مامۆستا مەلا ئەبوبەکر تەقتەقی کۆچی دوایی کرد؛ یەکێتی زانایان...