سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێکی مەکتەبی تەنفیزی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە

ئەمرۆ 24ی6ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر مرۆ ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، سەردانی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایانیان کردو بە گەرمییەوە لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا ئازاد خورشید بەرپرسی لق و ستافی کارگێڕو بەرپرسی لێژنەی فەتواو زانایانەوە پێشوازی کران.

ئامانجی سەردانەکە بۆ ئاگاداربوون بوو لە رەوشی ئایینی شاری کەرکوک و پێگەی زانایانی کورد لەناو گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان و گەنگەشەی هەوڵەکان بۆ پەراوێزخستنی رۆڵی زانایانی کورد لەم شارەدا.

لەدانیشتنێکدا بە تێرو تەسەلی باس لە دۆخەکەو هەوڵ و هەەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکان کراو بۆچوون و راوێژی زۆرو چەند بژاردەیەک خرایە بەرباس، بڕیاریش وایە هەڵوێستی یەکێتی زانایان لە چوارچێوەی پاڵپشتی بۆ لقی کەرکوکی یەکێتی زانایان بەردەوام بێت.

سەرۆکی یەکێتی زانایان بە زانایانی کەرکوکی راگەیاند؛ زانایانی کورد لە شاری کەرکوک مێژووێکی پرشنگداریان هەیەو خزمەتێکی زۆریان پێشکەش کردووە، لەرووی کاری پیشەیی و رێکخراوەیی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایان پێشینەیەکی لەمێژینە هەیەو جێی شانازییە لە بواری خزمەتی شارەکەو زانایان و رەوشی ئایینی ، بۆیە ناکرێ وەک کەمینە سەیر بکرێن و رێز لە پێگەو رۆڵ و رێژەیان نەگیرێت.

هەروەها گوتیشی: ئێمە پێمان باشە هەماهەنگی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هەمووان بە چاوی برایەتی و رێزەوە سەیری یەکتری بکەن، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی زانایانی کورد لە کەرکوک رەت دەکەینەوەو ناکرێ گۆرانکارییەکان لەسەر حیسابی یەکتری بێت.

لەلایەن خۆشیانە زانایانی کەرکوک خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی شاندەکگە دەربڕی و سوپاسی هەست و هەڵوێستی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانیان کرد، کە هەمیشە پاڵپشتی لقی کەرکوک و زانایانی شارەکە بوون.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

مامۆستا مەلا عوزێر هەورامی کۆچی دوایی کرد، یەکێتی زانایان...