با ئایین لە دەست بەکارهێنەرانی ئایدیۆلۆژیک و سیاسی ڕزگار بکەین

 

سروشتی شەڕخوازی وەک هەر کائینێکی دیکەی ئەم سەرزەویە بەشێکی لە مرۆڤەکاندایە ، بۆیە پێغەمبەری ئیسلام (درودی خودای لەسەربێت) هەواڵمان پێدەدات:  هەرخوێنێک لەسەر زەوی بە ناهەق بڕژێت بەشێک لە تاوانەکەی بۆ  کوڕی یەکەمی ئادەم واتە قابیل دەگەڕێتەوە  چونکە ئەو  یەکەم داهێنەری کوشتنە لەسەر زەویدا  .

کاتێک کە ئەم هەستە شەڕخوازیە لە ناخی مرۆڤەکاندا پەرەدەسەنێت ئیدی کۆمەڵێک بیانوو بۆ کارەناڕەواکەی دەدۆزێتەوە و قەناعەت بەخۆی دەکات کە کارەکەی ڕەوایە ،  شەڕ و کوشتار و سزادانی جۆراوجۆر بەدرێژایی مێژوو هەبوون و درێژەیانکێشاوە هەتا سەدەکانی ناوەڕاست و جەنگەکانی مێژووی ئیسلام لەنێوان مەزهەب و ڕێچکە جیاوازەکان کە هەرلایەک خۆی بە هەق دەزانی و نەیارانی بەناهەق، هەروەها شەڕە ئاینیەکان و کەنیسە و زانست و سوتاندن و ملپەڕاندن  بە ناوی خودا هەتا هەردوو شەڕی پاوانخوازی  جیهانی و  تا شەڕی کەنداو و ئێستەشی لەسەربێت شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئێران و ئەمەریکا، تا ئەگەر باس لە پارچە کوردستانیەکانی هەرچوار وڵاتیش بکەین هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەستی شەڕخوازی تێدا گیرساوە و بەداخەوە شەڕە ناوخۆییەکانی باشوریش هەمیشە هۆکاری ماڵوێرانی و کاولکاری و خوێنڕشتن و لەباربردنی هیوا و ئاوات و ئومێدەکانی گەلی کوردبوون .

لەم نوسینەدا باس لە مەترسی ئاگرێکی دیکەی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتیتر کوردستانی باشور دەکەم کە  مەترسیەکە هەوێنی یەکتر قەبوڵنەکردن و تەنها خۆ بەهەق زانین و بەرامبەر بە شەیتان زانینە و لەهەمانکاتدا ڕەوایەتیدانە بە هەموو خوێنڕشتن و کاولکاریەک بەبیانوی ئەوەی کە خۆی  ئیسلامە و ناوی ئیسلامیە و ئەویدی مولحید و کۆمۆنیست و بێئیمانە و ناوی عیلمانیە.

ناوزەدکردن و بەکارهێنانی ووتەی  حیزبی عەلمانی و سۆسیایست و ڕاست و چەپ و ئیسلامی و نائیسلامی و هەروەها گروپە ئاینیەکان و  مەزاهیبە جیاوازەکان و دابەشکردنی حیزب و کۆمەڵگە بەمەبەستی جوڵاندنی هەست و سۆزی ئاینی و بەدەستهێنانی لایەنگری ئاینی  هەوڵێکی پۆپۆلیستییە و بەکارهێنانی ئاینە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی خود یان حیزب و گروپێک و هۆکاری دروستکرنی رق و کینە و شەڕی ئاینی بنەمای فیکری هەموو گروپە توندوتیژ و تیرۆریستیەکانە کە  شێوازی کاریان سەربڕین و  خوێن ڕشتنی هاوڵاتیانی سڤیڵ و  تەقاندنەوەی پەرستگا و بازاڕ و شوێنە گشتیەکانە

ئەبوایە  دەسەڵاتی تەشریعی یاسا دانان ئیعتیباری بۆ ئەم مەترسیانە بکردایە و سزا و غەرامە دابنرایە بۆ ئەو کەسانەی هەستی ئاینی بۆ بەرژەوەندی حێزب و تاقمێک دەجوڵێنن! ئەمەش بە مەبەستی  بنبڕکردنی ئەو بانگەشانە بۆ ئەوەی هیچ تاکێک یان حیزب و گروپێک جورئەتی ئەو بانگەشەیە نەکات چ لە کاتی ئاسایی یان لە کاتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.

بێگومان خەباتی کوردی لە پێناوی ڕزگاری نیشتمان لە ژێر ستەمی داگیرکەران و گەیشتنی گەلی کورد بەمافە ڕەواکانی بۆ ئەوەی وەک هەموو نەتەوەیەکی خاوەن خاک و زمان و کلتوور خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت خەباتێکی ڕەوا و مرۆڤانەیە و بنەما و پشتگیری ئاینیشی هەیە و هەموو ڕێنماییە ئاینیەکان و بەتایبەتی دەقە پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام جەختی لەسەر  دەکەنەوە، لەم پێناوەشدا ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لە هەموو سەردەمەکان بەهەموو شێوەیەک هەموو شێواز و ڕێچکە و ڕێبازێکی گونجاویان بەکارهێناوە  بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەڵی کورد ، هەندێک جار ناوی ناسیونالێزم یان سۆشیالیزم یان لێبرالیزمیان بەکارهێناوە بەڵام شۆڕشەکان هەر ئاینی و بەتایبەتی ئیسلامیش بوون بەو مانایەی کەلەسەرەوە ئاماژەمان پێدا و ئەوەی زیاتریش ئەم ڕاستیە ڕوندەکاتەوە ئەوەیە شۆڕشەکانی کورد لەسەردەمی نوێدا بە سەرکردە و زۆربەی هەرەزۆری شۆڕشگێڕەکانیشەوە  مەلا و شێخ و حاجی و پابەند بە ئەرکە ئاینیەکان بوون ، بۆیە گرنگە ئەو بانگەشە چەواشەکاریانە بنبڕبکرێت کە دەبێتە هۆی کافرکردن و بەدوای ئەوەشدا جێبەجێکردنی حوکمی کافر کە کوشتن و سەبایا کردن و حەڵاڵکردنی سەروماڵی لێدەکەوێتەوە .

دەکرێت لەهەموو کاتە ئاساییەکان و لە کاتی هەڵبژاردنیش ئۆپۆزسوێنی دەسەڵات هەبێت و مونافەسە و کێبڕکێ لەسەر گەیشتن بە کورسی حوکم لەسەر بابەتەکانی گەندەڵی و کەمتەرخەمی و بەهەدەردانی ماڵی عام و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و حوکمڕانی خراپ و بنەماڵەگەری و حوکمی بۆماوە بکرێت و حیزبە حاکمەکان لەسەر کورسی دەسەڵات بهێنرێتە خوارەوە و حوکمی شەفاف و بەرژەوەندی هاوڵاتیان و داینکردنی مافەکان و مونافەسەی کورد پەروەری و کوردایەتی و حوکمەتی ڕەشید پێکبهێنرێت کە بێگومان هەموو بانگەشەیەک بەم ناونیشانانەوە دروست و ڕەوایە بەڵام هیچ کاتێک دروشمە ئاینیەکان و بەکارهێنانی حوکمی کوفر و ئیسلام شەرعی نیە و نەک وڵات بەرەو پێشەوە نابات و بەرژەوەندەی هاوڵاتیانی تێدا نیە بگرە نیشتمانمان دەخاتە ناوگێژاوی سەرلێشێوای و ڕق و کینە و کەراهیەت و کوشتار و تیرۆرەوە و بێگومان ئەگەر وادابنێن تاقمێک لە ئەو تاقمەچەواشەکارانە بگەنە حوکمیش لەلایەن تاقمێکی دیکەی توندی هاوبیرۆکەی خۆیانەوە  بە بیانوی پابەندنەبوون بە حوکمی ئیسلام تەکفیر دەکرێن و هەرکوشتار و وێرانکاری و نائارامی سەرەنجامەکەیەتی .

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییدا.. چەند دێڕێکی وەفاداری بۆ مامۆستا...

رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا