لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ * خَلَقَ الْإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ * اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ * الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ * عَلَّمَ الْإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ) العلق: 1-5.
بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی مامۆستایان و قوتابیان و لە هەموو ئاست و ناوەندەکان و قوتابخانەکانی زانستە ئیسلامیەکان و خەڵکی کوردستان دەکەین، بە هیواین ساڵی تازەی خوێندن ببێتە قۆناغێکی نوێی پێشوەچوونی زانست و خوێندن و فێربوون.
پاڵپشتی خۆمان بۆ پرۆسەی خوێندن و سەرکەوتنی سیستەمی پەروەردە لە هەرێم دەردەبڕین، دەخوازین بە هەستی بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی و ئەمانەتەوە بایەخی زیاترو باشتر بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و بەها رەسەنەکان بدرێت، بۆ ئەوەی رۆڵەکانمان بە ئاستێکی بەرزی زانستی و هەستێکی کوردپەروەرانە ئامادە بکرێن و ئایندەی کوردستان گەشتر خۆی ببینێتەوە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
19ی9ی2026




