بۆ یادی ٥٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان .
ئەگەر یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لەو سەردەمەدا دانەمەزرایە ئەمڕۆ تێگەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئاین و نیشتمان چۆن دەبوو؟
ئەمە تەنها پرسیارێکی سادە نییە بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە گرنگیی دامەزراوەیەکی ئایینی و زانستی کە پەنجاوشەش ساڵە لە ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا خزمەت دەکات! یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕێکخراوێکە مێژوویەکی پڕ لە ئەزموون و بەرپرسیارێتیی هەیە و لە قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕش و ژیانی کوردستانیاندا لە بواری ئایین و پەروەردە و ڕێنماییی کۆمەڵایەتی و نیشتما پەروەری کاریکردووە ،
لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا کە ئایین بەشێکی گرنگی ژیانییەتی بێگومان پێویستی بە دەنگێکی زانستی و بەرپرسیار هەیە! دەنگێک کە بتوانێت لە نێوان دەق و ژیان، ئایین و کۆمەڵگا، کوردایەتی و ئیسلامپەروەری و نێوان میراثی بەجێماو و و پێویستییەکانی سەردەمدا پەیوەندی دروست بکات.
ئەگەر ئەم دەنگە نەبوایە یان کز و لاواز بوایە، هەرزوو بوار بۆ کەسانی نائەهل ڕەخسابوو بێ زانست و پسپۆڕی بە ناوی ئایینەوە قسە بکات!
لێرەوە گرنگیی هەبوونی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەردەکەوێت: کە کۆکردنەوەی هەوڵەکانی زانایان و یەکخستن و ڕێکخستنی کاری ئایینی و بەهێزکردنی دەنگی زانست لە کۆمەڵگادایە، ئەم ڕێکخراوە هەڵگری پەیامی ئیسلامەتی ڕەسەنە،کە پەیامی ڕەحمەت و دادپەروەری و چاکەکاری و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکانە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی دروست و لە چوارچێوەی مەبەستە گشتییەکانییەوە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە! ئەم ئەرکە بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستادا گرنگە؛ چونکە خەڵک لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای نوێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و میدیای نوێوە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە گوتاری ئایینی دەبنەوە! بەڵام بێگومان هەموو ئەو گوتارانە لە ڕووی زانستی و دروستییەوە یەکسان نین! یەکێتی زانایان لەم بارودۆخەدا زانایانی ئایینی بەرپرسیار دەکات کە ئەرکیان تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکو پاراستنی تێگەیشتنی دروست لە ئایین و ڕوونکردنەوەیەتی بۆ کۆمەڵگا.
ئەمڕۆ یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی کۆمەڵگا موسڵمانەکان ئەوەیە کە توندڕەوی و تکفیر بە ناوی دینەوە برەو پێبدرێت! کاتێک جیاوازیی بیر و مەزهەب دەبێتە هۆی ڕق و کینەو لێکدابڕان زیانەکە تەنها بۆ تاک نییە بەڵکو تەواوی کۆمەڵگا ڕووبە ڕووی مەترسیەکە دەبێتەوە !
ئەرک و بەرپرسیارەتی گەورەی یەکێتیی زانایانی ئایینی کە لەئەستۆی گرتووە لێرەدایە کە بە زانست و پەروەردە و ڕێنمایی و گفتوگۆ بەشداری لە بەرەنگاربوونەوەی خوێندنەوە توندڕەویەکان دەکات و جیاوازیی نێوان تێگەیشتنی زانستی لە ئیسلام و خوێندنەوەی توندڕەوانە بۆ خەڵک ڕوون دەکاتەوە.
لە کۆمەڵگەی موسڵمانان و بەتایبەتیش کوردستاندا مزگەوت تەنها شوێنی ئەنجامدانی نوێژ نییە؛ بەڵکو شوێنی خواپەرستی و فێرکردن و ڕێنمایی و پەروەردەی کۆمەڵگا و شوێنی جۆشدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلێکی ستەملێکراو بووە .
لەبەر ئەوە یەکێتی زانایان خزمەتکردن بە مزگەوت و پشتیوانی لە ئیمام و خەتیب و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەیییان و هاندانیان بۆ نوێکردنەوەی شێوازی وتار هەمیشە بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە ،
منبەریش شوێنی بانگەوازکردنە بۆ ڕێنماییەکانی ئیسلام لە :دادپەروەری ڕەوشتی باش، هاوسۆزی، پاراستنی خێزان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
یەکێتی زانایان ئاگادارە
نەوەی ئێستا پرسیار و پێداویستی جیاواز لە ساڵانی پێشووی هەیە، ئەم نەوەیە لە جیهانی دیجیتاڵدا دەژی و لە چەند چرکەیەکدا دەتوانێت بە ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەکانی زانیاری بگات.
بۆیە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی وتاری ئایینی بتوانێت بە زمانی ڕوون و بە بەڵگە و شێوازێکی گونجاو لەگەڵ گەنجان گفتوگۆ بکات.
یەکێتی زانایان لە ڕێگەی سیمینار، کۆرس، کۆبوونەوەی زانستی، توێژینەوە و بەرنامە پەروەردەییەکانەوە هەمیشە بوار بۆ نزیککردنەوەی زانایان لە گەنجان و زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان دروست دەکات .
یەکێتی زانایان باش دەزانێت
کوردستان ئایینی جیاواز و مەزهەب و نەتەوەی جیاوازی تێدایە! لەمێژووی ئەم نیشتمانەدا ئاین و نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان لە تەنیشت یەکتر ژیاون و ئەم مێژووەش بەشێکە لە شانازیمان ،بۆیە هەمیشە جەختیکردووەتەوە کە گوتاری ئایینی زانایانی کورد پێویستە پشتگیری پێکەوەژیان بکات و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی بە بەشێک لە ئەخلاقی ئاینی و کۆمەڵایەتی زانیوە .
یەکێتی زانایان هەمیشە لە ڕێگەی گفتوگۆ و چالاکییە هاوبەشەکانەوە پەیوەندیی نێوان زانایانی ئاینی و بوچونە جیاوازەکانی بەهێز کردووە و پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانی بڵاو کردوەتەوە .
ڕۆڵی یەکێتی زانایانی ئاینی هەمیشە لە کاتی قەیرانەکاندا چارەسەر بووە! هەمیشە جەختی لەسەر سەردان و هاوکاری نەخۆش و بەساڵاچوان! یارمەتیدانی هەژاران و پێداویستی خێزانەکان! هاندانی خەڵک بۆ بەخشین و هاوکاری و ئارامکردنەوەی کۆمەڵگا لە کاتی ناخۆشی و قەیران ،هەموویان نموونەی ئەوەن کە ئەم ڕێکخراوە هەمیشە ئاینی لە وشەوە گواستوەتەوە بۆ کردار !
یەکێتی زانایان دەتوانێت ئەم ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە بەهێزتر بکات و پەیوەندیی نێوان مزگەوت و پێویستییەکانی کۆمەڵگا زیاتر بکات!
یەکێتی زانایان باش درکی کردووە کە ئایینی ئیسلام لەم سەردەمەدا تەنها بە وتاری زارەکی ناگاتە ئاستی پێویست! گرنگە بایەخ بە توێژینەوە و کتێب و وتار و گۆڤار و بەرهەمی زانستی بدرێت و لەم بوارەشدا کەمتەرخەمی نەکردووە .
پێویستە یەکێتی زانایان زیاتر پشتگیری لە توێژەر و نووسەرانی بواری زانستە ئیسلامییەکان و پەرەپێدانی نووسینی زانستی بە زمانی کوردی بکات .
هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانیش بەرنامەی کاری گرنگی یەکێتی زانایانە بۆ نزیککردنەوەی زانستی ئایینی لە توێژینەوە و پرسیارەکانی سەردەم.
یەکێتی زانایان هاوسەنگی ڕاگرتووە لە نێوان خۆشەویستیی نیشتمان و دادگەریدا ! هەمیشە پێیوابووە خۆشەویستی نیشتمان کاتێک بە شێوەیەکی دروست دەردەکەوێت کە ببێتە هۆی خزمەتکردن، پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان، دادپەروەری و بەرپرسیارێتی.
ئێستا یەکێتی زانایانی ئایینی باشتر دەتوانێت ئەو پەیامە بگوازێتەوە بۆ نەوەی ئێستا کە خۆشەویستیی خاک پیرۆزە بەڵام نابێت ببێتە هۆکاری ڕقلێبوون لە گەلانی دیکە!بە، بەڵکو دەبێت ڕەچاوی ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مافەکانیان هاوتا بێت و خەبات و شۆڕش و خوێنی شەهیدانی کوردستانیش هەمیشە
پەیامی خۆشەویستی و بەرپرسیارێتی و خزمەت و پاراستنی خاک و ژیان بووە نەک ڕق و کەراهیەت !
دیسانەوە دەڵێم ئەگەر یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لەو هەلومەرجەدا لە دایک نەبوایە بواری گرنگی شۆڕشێکی کوردایەتی ڕەوای پاراستنی نیشتیمان بە ناوەڕۆکێکی پیرۆزی ئاینیانە نەدەبوو ! فتوای میانڕە و هاوسەنگی ئاینداری و نیشتمانپەروەری نەدەهات بوون ، هاوکاری و ڕێکخستن لە نێوان زانایان نەدەبوو! دەنگی کەسانی نا پسپۆڕ بەرزدەبوو ! خوێندنەوەی نادروست بۆ ئاین زۆر دەبوو کە بێگومان کاریگەریی نەرێنی لەسەر باوەڕو ئەخلاق و یەکڕیزیی کۆمەڵگای کوردەواری زۆر دەبوو ..
لەپەنجاوشەش ساڵی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەدا تەنها ژمارە پێوانە نییە بەڵکو ئەزموون، بیرەوەریی و بەرپرسیارێتی گرنگن ! ئەمڕۆ کە یادی دامەزراندنی یەکێتی زانایان دەکەینەوە پێویستە تەنها سەیری ڕابردوومان نەکەین بەڵکو چاو لە داهاتووشمان بکەین !
جیهان گۆڕاوە، شێوازی گەیاندنی زانیاری گۆڕاوە، پرسیارەکانی گەنجان گۆڕاون و کۆمەڵگا پێویستی بە وتارێکی ئایینیی ڕوون و زانستی و گونجاو لەگەڵ سەردەم هەیە، ئەرکی داهاتووی یەکێتی زانایان ئەوەیە کە میراثی زانستی و ئایینیی ڕابردوو بپارێزێت و لە هەمان کاتدا بە زمان و ئامرازەکانی سەردەم قسە لەگەڵ کۆمەڵگا بکات، وەک هەمیشەش دەنگی زانست بێت لە بەرامبەر نەزانی! دەنگی ڕەحمەت بێت لە بەرانبەر ڕق، دەنگی گفتوگۆ بێت لە بەرامبەر توندڕەوی و دەنگی پێکەوەژیان بێت لە بەرامبەر دابڕان و یەکتر قەبوڵنەکردن .
کۆتایی
پەنجاوشەش ساڵ لەمەوبەر پڕۆژەیەکی مەزن دەستی پێکرد، ئەمڕۆ ئەو پڕۆژە بەشێکی گرنگە لە مێژووی ژیانی ئایینیی کوردستان!
لەم یادەدا با تەنها بە شانوباڵی ڕابردوودا هەڵنەدەین! با ئەمساڵ پەیمانێک بێت بۆ داهاتوو، پەیمانی خزمەتکردنی ئایین بە زانست، خزمەتکردنی کۆمەڵگا بە ڕەحمەت، و پاراستنی پێکەوەژیان بە گفتوگۆ و لێبوردەیی و یەکتر قەبوڵکردن .
پیرۆز بێت یادی ٥٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان.
هەزاران ڕەحمەت و لێخۆشبون بۆ ڕۆحی دامەزرێنەرانی ئەم ڕێکخراوە و هەموو ئەو زانایانەی کە لە پێناوی خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگا ژیانیان تەرخان کردوو و ئێستا لەنێوماندا نین.
خودای گەورە بە بەپرسانی ئەمڕۆی ئەم ڕێکخراوە سەنگینە و هەموو زانایان و خزمەتکارانی ئایین تەمەنێکی درێژ و تەندروست و توانای زیاتر ببەخشێت و یەکێتی زانایانیش لە ڕێگای زانست و ڕەحمەت و پێکەوەژیان و هاوسەنگی و میانڕەوی بەردەوام بکات .



