ئەمرۆ 21ی9ی2026 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و بەرپرس و کارگێرانی لقی هەولێری یەکێتی زانایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان؛ مەراسیمی پێشوازی لە میوانان بە بۆنەی 56مین ساڵیادی دامەزرادنی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان بەرێوە چوو.
لە مەراسیمەکەدا بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە نوێنەرایەتی بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەرێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێرو نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەکان و فراکسۆن و ئەندامانی پەرلەمان و پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵە و رێکخراو و سەندیکاکان و بەشێکی زۆر لە بەرێوەبەرو نوێنەری دام و دەزگا حکومی و حزبیەکان و کەسایەتی و مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و ریش سپی و پیاو ماقوڵانی شاری هەولێر بەشداری مەراسیمەکە بوون..
لەکۆی دانیشتنەکان بەشداربووان پیرۆزبای 56 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانیان ئاراستەی سەرۆک و مەکتەبی تەنفیزی و زانایانی ئایینی کردو تەئکیدیان لەو کردەوە، کە رۆڵی یەکێتی زانایان گرنگ و پڕ بایەخەو هەمووان بە چاوی رێزەوە لێی دەڕوانن، بەو پێیەی ئەم رێکخراوە نوێنەرایەتی سەرجەم زانایانی ئایینی لە کوردستان دەکات و له 21/9/1970 لهپێناو ئامانجگەلێکی گرنگی ئایینی و پیشەیی و نیشتمانی، لهسهر راسپاردهو سهرپهرشتی راستهوخۆی سهركردهی نهتهوهیی مهلا مستهفای بارزانی له گهڵاڵهی باڵهكایهتی دامهزراوە، کە تا ئێستاش لە خزمەتی بەدیهێنانی مافه رهواكانی زانایانی ئایینیو پارێزگاری لە دین و پاراستنی بەهاو سنوورەکانی دینداری و پشتیوانیكردن له مافه نهتهوهییو نیشتیمانییهكان بەردەوامە..
شایەنی باسە لەگەڵ هاتنەوەی ئەم ساڵیادە هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆک پارتەکان و سەرکردەو ناوەندە باڵاکان بروسکەی پیرۆزباییان ئاراستە کردو، بەشێکی بەشداربووانيش بە نوێنەراتی سەرۆک و کەسایەتی و لایەنەکان پەیامی پیرۆزبایی تایبەتیان ئاراستەی یەکێتی زانایان کرد.
جێی ئاماژەیە لە بەیاننامەیەکدا یەکێتی زانایانی وێڕای پیرۆزبایی لە زانایان و گەلی کوردستان رایگەیاند: برەودان بە دینداری و پەروەردەو پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان لەلایەک و، گەیاندنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری و هزری میانڕەوی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەو رێزگرتن لە یەکتری و، نەهێشتنی رق و کینەو بیری توندڕەوی لەلایەکی ترەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
هەر بەم بۆنەوە لەسەرجەم لقەکانی یەکێتی زانایان مەراسیمی پێشوازی لە میوانان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایان بەرێوە چوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ئایینی و زانایان و بەرپرسانی حزبی و حکومی و دەزگاو دامەزراوەکان سەردانی یەکێتی زانایانیان کردو لە نزیکەوە پیرۆزبایی و بەرزنرخاندنی رۆڵی ئەم رێکخراوەیان بەرچاو خست.






