ئەمرۆ 23ی9ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، پێشوازی لە بەرێز مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و شاندێکی یاوەری کرد.
سەردانی بەرێز مامۆستا عەلی باپیر بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵیادی 56 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بوو، بۆیە لە نزیکەوە پیرۆزبایی سالیادی دامەزراندنی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کردو هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن، هەروەک تەئکیدی لە رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی کردەوە، کە هەمیشە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن و پەیامی ئایینی بە گوێچکەی خەڵک دەدەن.
لەلایەن خۆشیەوە بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان: وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنان، سەردانەکەی بەرێزیانی بە گرنگ وەسف کردو سوپاسی لە نزیکەوە پیرۆز کردنی ساڵیادی یەکێتی زانایانی بەرز نرخاندو ئەو جۆرە پەیوەندی و هەماهەنگیەی نێوان دامەزراوەکان و لایەنەکان و ناوەندەکان بە گرنگ زانی، لەبەر ئەوەی خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی کۆکەرەوەی هەمووانە.
هەر لە دانیشتنەکەدا باس لە رۆل و مێژووی یەکێتی زانایان و رەوشی ئایینی و پرسە هەنوکەییەکان کرا، هەروەک باس لە دۆخی ئێستا و پێویستی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی لەپێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان جەختی لێکرایەوە.




