ئەهلی دڵ و ئەهلی زانست: تەواوکەری یەکترن، نەک ڕکابەر و دژ

پەیامێک و ڕێنماییەک بۆ ئەهلی تەزکیە و ئەهلی زانست بۆ ڕۆحناسک و بەڕێزان لە ئەهلی تەزکیە و ڕەفتاری ڕۆحانی، لە قوتابیانی ڕەسائلی نوور و ئەهلی تەسەووف و دەروێشانی ڕێگای خوا، ئامۆژگارییەکمان هەیە:

قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ و زانستەکانی شەریعەت بکەنە بنەمای ڕێگای خۆتان بۆ لای خوای گەورە؛ چونکە خۆشەویستیی ڕاستەقینە لە شوێنکەوتنی پێغەمبەر ﷺ جیا نابێتەوە، پاککردنەوەی ڕاستەقینەی دڵ بەبێ زانست تەواو نابێت، و ڕێگای گەیشتن بە ڕەزامەندیی خوا بەبێ ڕووناکیی وەحی ڕاست و دروست ناڕوات.

کەواتە، وا مەکەن سەرقاڵبوون بە پاککردنەوەی دڵ ببێتە هۆی پشتگوێخستنی حوکمەکانی دین؛ هەروەها تەنها بە خوێندنەوەی کتێبەکانی ئیمان و ڕێبازی ڕۆحانی ڕازی مەبن، بەڵکوو لە تێگەیشتن و فێربوونی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەری خوا ﷺ گوشاد بن.

ئەی ئەهلی قورئان و سوننەت و قوتابیانی زانستە شەرعییەکان!

با بەدەستهێنانی زانست و سەرقاڵبوون بە پرسیارە فقهییەکان و ناکۆکییە زانستییەکان، پردێک لە نێوان ئێوە و پاککردنەوەی نەفس و چاککردنی دڵ دروست نەکات.

ڕوو بکەنە کتێبەکانی ئیمان؛ ئەو کتێبانەی دڵ زیندوو دەکەنەوە، یەقین بەهێز دەکەن، ناسینی خوا و خۆشەویستی و ترسی لێی قووڵتر دەکەن، و زانست بە کردارەوە دەبەستنەوە.

چونکە مەبەست لە زانست تەنها زۆرکردنی زانیاری و لەبەرکردنی دەقەکان نییە؛ هەروەها مەبەست لە تەزکیەش تەنها زۆرکردنی وێرد و زیکر و دەرکەوتە ڕۆحانییەکان نییە.

بەڵکوو مەبەست ئەوەیە ڕووناکیی زانست لەگەڵ زیندوویی دڵ کۆببێتەوە، دروستیی باوەڕ لەگەڵ چاکیی کردار یەک بگرێت، و تێگەیشتن لە شەریعەت لەگەڵ ڕاستگۆیی لە بەندایەتیدا هاوڕێ بن.

خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ﴾

واتە: «ئەوە ئەو خوایەیە کە لە نێو نەخوێندەواراندا پێغەمبەرێکی لە خۆیان نارد، ئایەتەکانی خودایان بەسەر دا دەخوێنێتەوە و، پاکیان دەکاتەوە و کتێب و حیکمەتیان فێر دەکات». سورەتی جومعە، ئایەتی ٢.

بیر لەوە بکەنەوە کە خوای گەورە چۆن خوێندنەوەی ئایەتەکان، پاککردنەوەی دڵ و دەروون و فێرکردنی زانستی لە یەک شوێندا کۆکردووەتەوە؛ چونکە پەروەردەکردنی مرۆڤی باوەڕدار پێویستی بە زانستێک هەیە کە ڕێنمایی بکات، ئیمانێک کە جێگیری بکات، تەزکیەیەک کە ناوەوەی چاک بکات و کردارێک کە ڕاستیی بانگەشەکەی بسەلمێنێت.

کورتەی پەیامەکەم

\- ئەی ئەهلی تەزکیە! نەفسەکانتان بە ڕووناکیی قورئان و سوننەت پاک بکەنەوە و لە دینەکەتاندا تێبگەن و فێری زانستی شەرعی ببن.

\- ئەی ئەهلی زانست! زانستەکانتان بە ئیخلاص و ترس لە خوا و جەنگی دژ بە نەفس جوان بکەن؛ دڵەکانتان بە کتێبەکانی ئیمان زیندوو بکەنەوە.

\- ئەی ئەهلی ڕەسائلی نوور و تەسەووف، و ئەی ئەهلی حەدیث و فیقه و تەفسیر! لە نێوان خۆتاندا بەربەست دروست مەکەن؛ بەڵکوو لە چاکە و تەقوادا یارمەتیی یەکتر بدەن و لە خزمەتکردنی دینیدا تەواوکەری یەکتر بن.

چونکە ئوممەت پێویستی بە زانستێک نییە کە ڕۆحی تێدا نەبێت، هەروەها پێویستی بە ڕۆحانییەتێک نییە کە لە زانست بێبەش بێت؛ بەڵکوو پێویستی بە زانایەکی ڕەببانی هەیە کە دڵی زیندوو بێت، بە  سالیکێکی تەسسەوفی ڕاستگۆ هەیە کە زانستی دروست بێت، و بە باوەڕدارێک هەیە کە ڕووناکیی وەحی و ڕووناکیی بینایی دڵ لە یەکدا کۆبکاتەوە.

دوعا دەکەم و دەپاڕێینەوە. .

ئەی خوای گەورە و میھرەبان زانستێکی سوودبەخش، دڵێکی خاشع، نەفسێکی پاک و کردارێکی چاکمان پێ ببەخشە؛ و لەوانەمان بکە کە گوێ لە قسان ڕادەگرن و شوێنکەوتنی جوانترینی دەبن. ئامین

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

بەهێزکردنی پێکەوەژیان و ئەرکی مامۆستایانی ئایینی