لەهەمبەر هەر دوو بڕیاری قەدەغەکردنی ئەپلیکەیشنەکانی قومارو گرەوکردن و پلاتفۆڕمەکانی ئالوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەستخۆشی و پێزانین پێشکەشی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەرێز / ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن
دەرکردنی ئەم دوو بڕیارە؛ قەدەغەکردنی سەرجەم ماڵپەڕو ئەپلیکەیشنەکانی قومارو گرەوکردن و، پلاتفۆڕمەکانی ئالوگۆڕی ئەلیکترۆنی (فۆرێکس) و دراوە دیجیتاڵییەکان، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دوورخستنەوە ئەو جۆرە دیاردە و مامەڵانەی مەترسیان لەسەر هاوڵاتیان هەنگاوێکی گرنگ و واقعییانەیە، بەتایبەت ئەپلیکەیشنەکانی قومار و پلاتفۆڕمەکانی (فۆرێکس) و دراوە دیجیتاڵییەکان.
دەستخۆشی و پێزانینی زۆرمان ئاراستەی جەنابتان و ستافی وەزارەت دەکەین، بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە هەوڵانە خزمەتی گەورە دەکەن، ئێمە پێشتر هەستمان بە مەترسی ئەو جۆرە دیاردانە کرد و کاری پێویستیشمان ئەنجام دا، هەماهەنگ دەبین بۆ پاڵپشتی هەر هەنگاوێک لە خزمەتی نەتەوەو نیشتمان دابێت.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
15ی10ی2026




