مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی مەکتەبی زانایانی کۆمەڵی دادگەری دەکات

10

ئەمرۆ 18ی5ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێزان: مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و مامۆستا مەلا محمد ئێنەیی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتواو د.عومەر مرۆو د.دلشاد گەڵاڵی و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان؛ پێشوازی لە شاندێکی زانایانی مەکتەبی کۆمەڵی دادگەری بەسەرۆکایەتی بەرێز دکتۆر یاسین حەسەن کرد.

 

لەدانیشتنێکدا شاندی ناوبراو وێڕای خۆشحاڵیان بە دیدارەکەو بەرزنرخاندنی رۆڵی یەکێتی زانایان لە خزمەتی بەردەوام و پیشەییانەی، باسیان لە پێویستی هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەش و نزیکی پتر بۆ خزمەتی ئایین و پرسە هاوچەرخەکان کرد، کە دۆخی ئێستاو قۆناغەکە وا دەخوازێت خاڵی هاوبەش بکرێتە بنەما بۆ هەنگاوی ئایندە.

 

دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنان، باسی لە ئامانجی هاوبەش و کاری پێکەوەیی و ئامانجی سەرەکی یەکێتی زانایان کرد، کە هەمیشە هەوڵدەدات ببێتە چەترێک بۆ تێکڕای زانایانی ئایینی لە کوردستان لە چوارچێوەی کاری پیشەیی و خزمەتی نەتەوەو نیشتمان، هەروەک چەند هەنگاوێکی کارو چالاکیەکانی یەکێتی زانایانی باس کرد، کە لە ماوەی رابردوو وەک دامەزراوەیەکی فەرمی خزمەتی کردووەو لە ئاست بەرپرسیارێتی پیشەیی دابووە.

 

لەبەشێکی تری دیدارەکە چەند پرسێکی تری وەک بابەتی توندڕەوی و بابەتی وتاری هەینی و پابەندی بە چوارچێوە گشتیەکان و پاراستنی پێگەی مەلایەتی و مینبەرو پرسە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.