ئەمرۆ 7ی7ی2026 ئەنجومەنی باڵای فەتوا بە سەرپەرشتی بەرێز د.حسن شێخ خالد موفتی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای فەتوا؛ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەن ساز کرد.
لەم کۆبوونەوە چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە بارودۆخی ئایینی لە کوردستان و پرسی فەتواو چۆنیەتی باشتر بەرێوەچوونی کارەکان گفتوگۆی تێرو تەسەلی لەبارەوە کرا.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوە جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە خەڵک بە گرنگییەوە لە پرسی ئایین و فەتوا بڕوانێت، چونکە پرسێکی هەستیارەو ناکرێ کەس لەخۆیەوە فەتوا بدات، بەڵکو ئەمە کاری ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانە، هەروەک باس لەوەش کرا کە ناکرێ هیچ کەس بەناوی دین و لەژێر پەردەی ئایینی بەناوی روقیەی شەرعییەوە، کاری ناشەرعی بکەن و بەها ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانی گەلەکەمان لکەدار بکەن.
شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکە بە دڕێژی گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێکی تر کرا، کە پەیوەندیدار بوون بە بابەتی فەتواو باشترکردنی بوارەکەو پاراستنی پێگەو رێڕەوی دینداری لە کوردستان..





