
ئەمرۆ ٦ی١٠ی٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی خولێکی تایبەت لەژێر ناونیشانی «ڕۆڵی مامۆستای ئایینی لە بەهێزکردن و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان» لەلایون وەزارەتی ئەوقاف و کاوباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین (سەنتەری ڕۆشنبیرو ئەکادیمی) ڕێکخرا.
لە وتارێکدا وەزیری ئەوقاف تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە شانازیی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستاندا ، کە هەمیشە وەک مەڵبەندێکی ئارام و نموونەیی یەکترقبووڵکردن لە ناوچەکەدا ماوەتەوە.
دواتر سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کرد، وێرای سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و زانکۆی سەلاحەدین، باسی لەو پێکەوەژیانەی کوردستان کرد، کە رۆڵی زانایان تێیدا بەرچاوەو ئەو هەڵوێستەیان بەرز دەنرخێنین، هەروەک ئاماژەی بەوەش کرد ئێستا زۆر گرنگترە مامۆستایان بایەخ بە خۆیان و پەیامەکانیان بدەن لەپێناو خزمەتی پتری ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەتەوەو نیشتمان.
شایەنی باسە ئەم خولە لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی بەهێزکردنی گیانی تەبایی و کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕکردنی ڕوانگە ئەکادیمی و ئایینییەکانە بۆ خزمەتکردنی زیاتری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.




