..
دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک بلاوبوویەوەو تێیدا پەیامێکی توندو پڕ لە سوکایەتی و هەڕەشە ئاراستەی کوردانی ئێزیدی دەکات، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایدەگەینێت: ئەو جۆرە وتارو پەیامە توندانە پەیوەندییان بە هەرێمەوە نیەو زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن.
لەم بارەوە د. عبدالله شێرکاوەیی وتەبێژی یەکێتی زانایان رایگەیاندن: ئەو جۆرە دەنگە توندڕەو و نەشازانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نیە، لە هەر کوێش بێت ئەو جۆرە گوتارە رەتدەکەینەوە ئیدانەی دەکەین، کە بەهیچ لۆژیکێک پەیامی وا تەعبیر لە دین و دینداری ناکات و پێچەوانەیە لەگەڵ رۆحی ئایین.
گوتیشی: لەتێڕوانینی زانایانی ئایینی، هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانەوە لە کوردستان یەک جەستەن، لەهەر کوێ هاوڵاتییەک تووشی ئازار بێت یان رووبەڕووی توندڕەوی بێتەوە، ئازار بەر هەمووان دەکەوێت.
وتەبێژی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد: خۆشبەختانە زانایانی ئایینی هۆشیارن و لە کوردستان تێگەیشتنی دروستیان بۆ ئایین و پەیامی میانڕەوی و پێکەوەژیان هەیە، هەرگیز رێگەو رەوایەتی بەو جۆرە کەس و قسانە نادەن، کە دەیانەوێ نابەرپرسانە لەناو کۆمەڵگە شتی لەم جۆرە بڵاوبکەنەوە، بەو جۆرە زمانە خۆیان و سومعەی ئیسلام لکەدار دەکەن.




