ستراتیژو هەڵوێست و خزمەتی یەکێتی زانایان بەرامبەر ئایین و نەتەوە و نیشتمان

لە پەراوێزی پەنجاو شەش ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

لە مێژووی رزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا، ئایین و نیشتمانپەروەری دوو ئاراستەی لێک دانەبڕاو بوونە، لەم چوارچێوەیە زانایانی ئایینی هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان و هۆشیارکردنەوەی جەماوەردا خۆیان بینیوەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ کۆکردنەوەی ئەم توانایانە لە چوارچێوەیەکی فەرمی و ڕێکخراودا، لە ٢١ی ئەیلولی ١٩٧٠ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ڕابەری نەتەوەیی، مەلا مستەفا بارزانی، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دامەزرا؛ یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی به‌ست و ئێستا لە خولی شەشەمی تەمەنی خۆی دایە لە خزمەتکردن بە بواری ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی بەردەوامەو دەیان و سەدان دەسکەوتی گرنگ و مێژوویی و گەورەی هەیە کە جێی شانازی هەموو لایەکمانە.

یەکێتی زانایان وەک رێکخراوێکی پیشەیی، کە نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەکات، خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەرەو لە گۆڕەپانی ئێستای هەرێمی کوردستان قوڕسایی خۆی هەیەو هەمووانیش بە دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی لە مەجالی کردن و راوێژ وەرگرتن و هەماهەنگی و پەیوەندییەوە بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانن.

تا پێش دامەزراندنی یەکێتی زانایان، مامۆستایانی ئایینی سەرەڕای ڕۆڵە گەورەکەیان، ڕێکخراوێکی کۆکەرەوەیان نەبوو کە بەرگری لە مافە ڕەواکانیان بکات، یەکێتی زانایان توانی:

چوارچێوەیەکی فەرمی و یاسایی بۆ نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی کوردستان بێنێتە ئاراو، داکۆکی لە ماف و شایستەکانیان بپێکێت و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لە ناو دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمەڵگەدا بەهێزتر بکات و، یەکدەنگی و هاوکاری لە نێوان زانایانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا دروست بکات و کۆتایی بە پەڕشوبڵاویی کارگێڕییان بهێنێت.

دەستکەوتەکانی ئەم ڕێکخراوە تەنها بۆ چینێکی دیاری کراو نەبوو، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی کۆمەڵگەی کوردیدا دروست کرد، لە چەسپاندنی چەمکی ئیسلامپەروەری و پەرەپێدان بە گوتارێکی ئایینی میانڕەو کە دوور بێت لە پەڕگیری (توندڕەوی) و تەبا بێت لەگەڵ فەرهەنگ و کلتوری لێبورده‌یی کوردەواری و گەلی کورد.

هاوکات دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان جەماوەر  دامەزراوەی فەرمی و مەرجەعییەتی ئایینی بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و، پشتگیری لە مافە نەتەوەییەکان و هێشتنەوەی مینبەری مزگەوتەکان وەک بڵندگۆی هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی زوڵم و چەوسانەوەی گەلی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا.

ئەم یەکێتییە؛ لە چوارچێوەی دامەزراوە و رێکخراوێکی پیشەیی، خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پاراستنی بەهای دینداری میللەتی کورد کردووەو دەکات، ئامانجی بووە هەمیشە بە شێوەیەکی دروست و هاوسەنگ و میانڕەو؛ هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە بڕۆن و خزمەتی هەردوو شا باڵی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری لەبەر چاوو بگرێت، بۆ ئەوەی وێنای ئیسلام بەئاراستە هەستی ئایینی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی درێژەدان بە رێبازی زانایانی کورد وێنایەکی جوان و شایستەو لە ئاست پێویست و خواست و واقع بێت، لەم پێناوەش هەوڵی بەردەوامی بۆ راگرتنی یەکڕیزی و تەبایی و یەکهەڵوێستی زانایان بووە، تا بەهێزی یەکگرتوویی هەنگاو بنێت و دواجار ئەم پەیامە بگەیەنێتە نێو کۆمەڵگەو لایەنە سیاسیەکان، تا نێو ماڵی کورد تەبا بێت و پەرتەوازەیی و نالەباری ڕووی تێ نەکات.

زانایانی ئایینی هەمیشە بزوێنەری ژیانی کۆمەڵایەتی و سەرقافڵەی ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بوونە؛ ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە ڕۆشنبیرکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک بەرامبەر بەو ئاستەنگ، نەخۆشی و نەهامەتییانەی ڕوویان لە کوردستان کردووە، خەڵکیش هەمیشە بە بڕوا و متمانەوە گوێبیستی ئامۆژگارییەکانیان بوونە.

وەک بینیمان، زانایانی کورد ڕۆڵێکی مێژووییان گێڕا لە پاراستنی گەنجان لە بیری توندڕەوی، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پەرەپێدانی گیانی بەخشندەیی و نیشتمانپەروەری، و پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە، هاوكات هەوڵی بەردەوامیان داوە بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگە بە ڕەوشتی بەرز و، بێدارکردنەوەیان بەرامبەر بە دیاردە مەترسیدارەکانی وەک: ماددەی هۆشبەر، تاوانکاری، و پیلانی ناحەزان. لەگەڵ ئەمەشدا، توانینیان مزگەوت بکەنە زانکۆیەکی گەورەی ڕۆشنبیری بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک لە گەنجانی هۆشیار، ویژدان زیندوو و خاوەن کەسایەتی دامەزراو بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان.

ئامادەیی زانایان لەرووی کۆمەڵایەتیەوە وەک چاوساغ و چاکسازو رێکخەری کاروبارە کۆمەڵایەتیەکان، پێگەیەکی دیارەو هەمیشە رووی بۆچوون و قسەو ئامۆژگاریان جێی بایەخ و، تەنانەت جاری وا هەبووە پەیامی زانای ئایینی چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بووە، لە بۆنە گشتییەکان و سوڵح و داخوازی و پرۆسەی هاوسەرگیری هتد، کەم وابووە بێ حوزوری زانای ئایینی بەرێوە بچێت، لەرووی دەروونی و رێکخستنەوەی رەفتارو گوفتارو هەڵسوکەوتەوە خەڵک رادێنن لە سەر هەوڵ و کۆشش و پیشەزانی و ئیشکردن، بۆ ئەوەی خزمەتی مرۆڤ و کۆمەڵگە بکەن و کەسانی دڵسۆز بۆ گەل و وڵات بەرهەم بێنن، بەدیوێکی تر ئەگەر دکتۆر، ئەندازیار، مامۆستا، دادوەر، مافناس، ئابوریناس، کرێکار، یان هەر پیشەوەرێکی تر لەبواری خۆی خزمەت بکات، ئەوە پەیامی زانایانی ئایینی بۆ هەمووانە بەرەو رێی چاکەو کارو هەنگاوی باش، بۆیە هەمیشە خزمەتی زانایان جێی پێزانین و مایەی شانازییەو بەڵگەی ئەو راستیەیە کە پێگەی زانایان لەناو کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستێکی باڵاو بەرز دایە.

لەم سۆنگەوە ئەم تێگەیشتنە ئاسۆ فراوانە لای میللەتی کوردیش دروست بووە، کە کارو بەرنامەی زانایانی ئایینی چەندە پیرۆزو بەجێیەو لەهەمان کاتیش قەتیس نیە تەنها لە مزگەوت؛ بەڵکو زانایانی ئایینی وێڕای ئەوەی خەمی کۆمەڵگەیان لە کۆڵناوە، لەهەمان کات بەشدارییەکی کارایان لە ئەنجامدانی سوڵح و ئاشتەوایی و خۆشی و ناخۆشیەکانی خەڵک و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان هەیەو حوزورێکی هەمیشەیی لە نێوان زانایان و هاوڵاتیان لەکاتی لەدایکبوون تا دوای مردن لە چوارچێوەی رەهەندی ئایینیەوە بوونی هەیە، ئەمەش وای کردووە زانایان جێی متمانەی خەڵک و کۆمەڵگە بن.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەک چەترو سەرچاوەی هێزی زانایان، دەستێکی باڵای هەبووە لە گەیاندنی پەیامی مەلای کورد بە لوتکەی هەرەمی دەستەڵات لەپێناو پاراستنی عەقیدەو رەوشتی میللەت و پێدانی بەرچاو ڕوونی لە هەموو ئەو پرس و پێشهاتانەی رەهەندی ئایینی و بەرژەوەندی گشتی تێدایە، هۆشیارو چاوکراوە بووە لەهەمبەر یاساکان و پرۆژەو ئەجێندای بیانی و ناوخۆیی؛ بۆیە بە حیکمەتەوە لەرێی کاری دامەزراوەیی قسەی خۆی گەیاندووەو چەندین نمونەش هەن کە راو سەرنجی یەکێتی زانایان لەبارەیانەوە بەهەند وەرگیراوە.

بە کورتی هیچ توێژێکی تر ناتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە مامۆستایانی ئایینی کاری لەسەر دەکەن، لەبەر ئەوەی هەر جوڵەو بزاوتێک پێچەوانەی شەریعەت و بەهاو کلتوری کۆمەڵگەی ئێمە هاتبێتە پێشەوە، یەکێتی زانایان قسەی لێ کردووەو هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە، له‌ بواری ڕینموویی ئاینی و ئەخلاقی و ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا وەک پارێزه‌رێکی سه‌ره‌کی؛ بنیاتنه‌رو په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شیرازه‌ نه‌پچڕاوو ئابڕوومه‌ندی مرۆیی، بێ هیچ ته‌کلیف و ئیمتیازێک خۆبه‌خشانه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی به‌رپرسیارانه‌ی دینی و ئه‌خلاقی و نیشتمانی و خۆی پێوه‌ پایه‌ند کردووه‌، هەر ئەمەش وای کردووە هەندێ جار یەکێتی زانایان بە ئامانج بگیرێ و لە شان و شەوکەتی کەم بکرێتەوەو دەیان قسەو باسی نابەجێی بەرامبەر بکرێ، بەڵام پێگەو پاکی و راستەڕێی زانایانی کورد قەت بەم جۆرە هەوڵە نابەرپرسانە ناشڵەژێت.

دەتوانین بڵێین یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، تەنها ڕێکخراوێکی پیشەیی ئاسایی نیە، بەڵکو بەرهەمی حیکمەت و تێڕوانینی قووڵی مەلای کوردە. ئەم دامەزراوەیە تا ئەمرۆش کە لە خولی شەشەمی کارکردنیدایە، وەک کەلەپوورێکی بەنرخ و مەرجەعێکی کارا و جێی بڕوا، لە خزمەتکردنی ڕەسەنایەتی ئایینی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەردەوامە.

بەرزو پیرۆز بێت 56ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەرجەم زانایانی ئایینی و هەموو دۆست و دڵسۆزانی کاروانی دینداری و ئەم رێبازە رەسەنە.

 

د.عبدالله شێرکاوەیی

ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژو بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان.

 

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییدا.. چەند دێڕێکی وەفاداری بۆ مامۆستا...

رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا