ئەمڕۆ ۱٤ی٦ی۲٠۲٦ بەڕێز د.عبدالله مەلاوەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، لە شاری سلێمانی بەشداری شەشەمین کۆنفرانسی زانستی نیودەوڵەتی بەناونیشانی (زانایانی کورد لە بەغدا پێشەنگی هزرو سەرچاوەی زاست) کرد.
لە مەراسیمی دەسپێکی کۆنفرانسەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای دەستخۆشی لە زانکۆی سلێمانی و کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، کۆنفرانسەکەی بە گرنگ وەسف کردو ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی ئیسلام و گەیاندنی زانست بەتایبەتی لە شاری بەغدا کرد..
هەروەها گوتی: زانایانی کورد کە خۆی لەمەلا ناودارەکانی نەتەوەکەمان دەبینێتەوە، هەموو خەمیان گەیاندنی ئایینێکی پاکی بێگەردی وەکو ئیسلام بووە، لەگەڵ خزمەتی خاک و نیشتمان و زمان و کەلتووری نەتەوەکەمان. ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کاتێک دووری مەلاو زانایانی کورد لەخاک و نیشتمان نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم خزمەتەکانیان کەخۆی لەنووسین و شەرح و ڕاڤەی دەقەکاندا دەبینێتەوە.
سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: هەرگیز هەڕەشەو چاوسوورکردنەوەی دوژمنان نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم خزمەتەکانیان و بەبەرچاوی دوژمنەوە شیعرو ئەدەب و مێژووی ئەم گەلەیان نووسیوەتەوەو بەچاپیان گەیاندووەو خۆنەویستانە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەیان قوربانیان داوە.
گوتیشی: ئەوەی کە ئەمڕۆ لەبەر دەستەو شانازی پێوە دەکەین و کۆنفڕانسی بۆ دەگرین بەرهەمی ئەو زانا مەزنانەیە لە نموونەی عەللامە مامۆستا ملا عبدالکریمی مدرس و مامۆستا عەلادین سەجادی و مامۆستای بالیسانی و مەلاشوکور مستەفاو مەلاجەمیل ڕۆژبەیانی و مسعود محمدو مامۆستا فاتح و مامۆستا محمدی مامۆستا مەلاکەریم و دەیان کەڵەزانای دیکە.
شایانی باسە لەم کۆنفرانسە چەندین
وتارو توێژینەوەی تایبەت بە ناونیشانی کۆنفرانسەکەو خزمەت و رۆڵی زانایانی کورد پێشکەش کران..






