
ئەمرۆ 2ی9ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمی خانەی فەتوای میسڕو مەشیخەی ئەزهەر، بەشداری لە یازدەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی خانەی فەتوای میسڕ بەناونیشانی: (بەربەستەکانی خێزان لە سایەی گۆڕانکارییە گەورەکان؛ لێکنزیکی فەتوا بۆ پاراستنی خێزان و سەرپەرشتی و پاراستنی ئایندە و ناسنامە) لە وڵاتی میسڕ کرد.
کۆنگرەکە لە ژێر چاوێری سەرۆک کۆماری میسڕ عبدالفتاح سیسی و بە ئامادەبوونی دکتۆر شێخ ئوسامە ئەلئەزهەری وەزیری ئەوقافی میسڕو دکتۆر شێخ نظير محمد عياد موفتی میسڕو بەشداری چەندین سەرکردەو وەزیری و نوێنەرو گەورە زانایانی 80 وڵاتی جیهانی ئیسلامی و موفتی و زانایانی میسڕ بەرێوە چوو، کە رۆژانی 2و3ی9ی2026 کارەکانی کۆنگرەکە بەرەدەوام دەبن و بڕیار وایە چەندین توێژینەوەی زانستی و پانێڵی تایبەت بە پرسی ئاڵنگارییەکانی خێزان و دۆزینەوەی چارەسەر پێشکەش بکرێت، بەپێی قسەکانی موفتی میسر لەم کۆنگرەپە پتر لە 300 توێژینەوەی زانستی ئامادەکراوە، کۆنگەرەکەش تەنها چالاکی نیە بەڵکو بە راسپاردەی جددی تەواو دەبێت و پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت.
لەم کۆنگرەیە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان بە کورتی ئاماژەی بە ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان و پێویستی هۆشیار بوونی کۆمەڵگەکان لە بەرامبەر شەپۆلە مەترسیدارەکانی سەر خێزان کردو رۆشنایی خستە سەر دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی و خێزانی کوردو پابەندی بە رێپازی دینداری و رۆڵی زانایانی کورد و فەتوا لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و پێشهاتە نەخوازراوەکان.
شایەنی باسە ئەم کۆنگرەیە بە یەکێ لە کۆنگرە هەرە گەروەکانی سەر ئاستی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت، کە چەند ساڵ جارێکی خانەی فەتوای میسڕو مەشیخەی ئەزهەر لەسەر پرسێکی هەستیارو گرنگ و پەیوەندیدار بە کۆمەڵگەی ئیسلامی ساز دەکات و چەندین وڵات تێیدا بەشدار دەبن.





