شاندێکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆنفرانسی پاراستنی کەلەپووری کوردستان

رۆژی 4ی10ی2026 لەسەر راسپاردەی بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان، شاندێکی یەکێتی زانایان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا سید موسی باقلانی بەرپرسی لقی هەولێر و مامۆستا مەلا حیدر بندیان و مامۆستا مەلا أمجد کەریم کارگێڕانی لق، بەشداریان لە کۆنفرانسی (پاراستنی کەلەپووری کوردستان- بەستنەوەی نەوەکان لە ڕێگەی تۆمار، چیرۆک و یادەوەرییەکانەوە) لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەلێر کرد کە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە هەماهەنگی دامەزراوەی فامیلی سێرچ کۆنفرانسی ساز کرا بوو.

کۆنفرانسەکەدا بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی و د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی ئامادەبوون.

لە دیدارەکەدا، ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەت و عومەر قادری، بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناتالی باحووس لینینگ، بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە دامەزراوەکە و نوێنەری سەرۆکی یەکێتی زانایان و کشیشی ناودار میخائیل نەجیب و د. سامان حوسێن، توێژەر لە زانکۆی سلێمانی و ڕۆلا شەلهوب، بەڕێوەبەری پەیوەندی مەیدانی وتاریان پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا د.عبدالله شێرکاوەیی نوێنەری سەرۆکی یەکێتی زانایان، وێڕای دەستخۆشی و بەرز نرخاندنی کۆنفرانسە، وەک کارێکی مەزن و هەنگاوێکی گرنگ، لە چوارچێوەی پاراستنی ناسنامەی خێزان و رەسەنایەتی کەلەپووری گەلەکەمان، سلاوی سەرۆکی یەکێتی زانایانی بە ئامادەبووان گەیاندو هیوای خواست کۆنفرانسەکە بە ئامانجی گرنگ بۆ خزمەتی پاراستنی کەلەپووری کوردستان تەواو بێت، هەروەها تیشکی خستە سەر ناسنامەی خێزان و پاراستنی کەلەپوور کە خۆی لە ئەرشیفکردنی دەنگ و دەقە کۆنەکان و بەڵگەنامەو زانیاری دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و یادەوەرییەکان دەبینێتەوە، ئەمەش تەنها گێڕانەوەیەکی سادە نیە، بەڵکو پاراستنی رێڕەوی خێزان و گەنجینەی ئەزموون و خەرمانی پڕ بەهان، بەتایبەت لەسەردەمی گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا کە مەترسی دابڕانی رۆڵەکانمان لە رەگ و ریشەی فەرهەنگ و کەلەپووری خۆیان لە ئارادایە.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە، بە مەبەستی زیاتر تاوتوێکردنی پرسی پاراستنی کەلەپووری کوردستان و ساغکردنەوەی تۆماری نەوەکان و پارێزگاری لە چیرۆک و یادەوەرییەکان لە خێزانی کۆمەڵگەی کوردستانیدا.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

داوای دامەزراندنی 500 مامۆستای ئایینی خۆبەخش دەکرێت