بیدعە، ئەگەر نەچینە وردەکارییەکانی جۆری بەکارهێنانی و تەنها بە کورتی ئاماژەیەکی پێ بکەین، مەبەست لێی زیاد و کەمکردنە لە ئایین، بە تایبەتیش زیادکردنی هەندێ شت کە دەقی لەسەر نەهاتووە؛ یان وەک لای هەندێک دەوترێت، لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵان و پێشینە چاکەکاندا نەبووە.
ئەم چەمکە یەکێکە لەو چەمکانەی عەقڵی ئیسلامی لە مێژوودا زۆر ئازار و شەتەك داوە. بۆ نموونە، بە هەمان ناو و تێڕوانینەوە، بەشێک لە زانایان لەکاتی خۆیدا، دژی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامێرە نوێکان بوون بۆ دەیان ساڵ زیاتر ڕێگرییان لەوە کرد چاپخانە بێتە ناو سەڵتەنەتی عوسمانییەوە. شێخولئیسلام و هاوبیرانی دواییش بەو مەرجە ڕێگەیان دا بێت کە، قورئانی پێ چاپ نەکرێت! ئەمە تەنها وەک نموونەیەک باس دەکەم.
مەترسیی ئەم چەمکەش کاتێک گەورەتر بوو کە بازنەی عەقیدە و پەرستش و دروشمەکانی تێپەڕاند و وەک پێوەرێکی ڕەسەنسازی(تاصيل) و دیاریکردنی ڕەوایی و نارەوایی شتەكان، تێکەڵ بە مەسەلە سیاسی و ژیارییەکان بوو.
بەم شێوەیە، لە جیاتی ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ پارێزگاریکردن لە ڕۆح و بنەماکانی ئیسلام، بوو بە چوارچێوەیەکی زەینی و فقهی بۆ لەقاڵبدانی پەیام و بەهاکانی و چەقبەستوویی فکریی.
گەورەبوونی ئەم چەمکە و فراوانکردنی بەو جۆرە ناسرووشتییە، بێ مەڵامەت نەبوو؛ بەڵکو پەیوەندییەکی پتەو و ئۆرگانیکی بەو لادانەوە هەبوو کە هەر زوو دووچاری مۆدێلی حوکمڕانیی ڕاشیدین هات. چونکە لادانەکە تەنها لە کایە سیاسییەکەدا قەتیس نەما، بەڵکو سێبەری بەسەر کایەی دینداری و بەرهەمهێنانی (فقه) و سرووشتی پەیوەندیی نێوان موسوڵمانان و ئایین و دەسەڵاتدا بەجێهێشت.
بە تێپەڕینی ڕۆژگار و لەبارچوونی هەموو ئەو هەوڵانەی ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی بوو، زۆرتر کاریگەریی نموونەی ئیمپراتۆرییە فارسییە حوکمڕانەکە دەرکەوت. دۆخێک هاتە کایەوە کە نموونەی ڕاشیدین بگوازرێتەوە بۆ ناو ویژدانی ئیسلامی و ببێتە بابەتی ئامۆژگاری ئەخلاقی و دووبارە شانسی گەڕانەوەی نە بێت، ئەوەش وایکرد ئەوەی بە لادان لە بەها دەستوورییە ئیسلامییەکان لە قەڵەم درابوو، ببێتە بنەڕەت و بنەڕەتیش ببێتە بیدعەت داوایەکی نامۆ.
لە ئێستای واقیعی کۆمەڵگەی ئێمە و دنیای ئیسلامیشدا، «بیدعە» بووەتە یەکێک لەو چەمکە ناوەندی و بنەڕەتییانەی ڕەوتی سەلەفی، بە ئاراستە جیاوازەکانییەوە، بە تایبەتیش سەلەفی مەدخەلی، بە دەوریدا دەخولێتەوە و ناسنامەی خۆی و ئەوانی تری پێ دیاری دەکات.
لە ڕێی ئەوەوە، ڕەوتەکە خۆی لە موسڵمانانی تر جیادەکاتەوە، لەو سۆنگەیەوە کە بە ئاستی جیاواز، لە بیدعە و گومڕایی گلاون و بەوەش بێگەردیی ئایندارییان لێڵ بووە و بە باوەڕداری ڕاستەقینە دانانرێن، لەبەر ئەوەی کێشەیان لە عەقیدە و تێگەیشتنی دینییاندا هەیە.
ئەم چەمکە لە بەکارهێنانی نامەنهەجییە سەلەفییەکەی لە ئێستادا، بە دەوری هەندێ پرسی عەقیدەیی و کەلامی و پەرستش و عیبادەت و ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتیدا دەسووڕێتەوە. بەو ئەندازەی ڕژێمە هاوپەیمانەکان و کردارە سیاسییەکانیش پێویستییان بە ڕەوایەتی دینی و ڕەوایەتیستاندنەوە لە دژبەرەکانیان هەبێت، چەمکەکە بۆ ناو کایەی سیاسیش بانگ دەکرێت و ئەرکدار دەکرێت.
بۆ نموونە، سەلەفییەکان لە چەندین کات و وڵاتدا، دیموکراسی و هەڵبژاردن، فرەیی و ئازادیی سیاسی، خۆپیشاندان وەک فۆرمێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکاری و گۆڕانکاری بەرامبەر دەسەڵات، هەروەها ڕەخنەگرتنی ئاشکرا لە دەسەڵاتداران و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتیان و ماوەی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، بە بیدعە و داهێنراو و ناشەرعی زانیوە؟!
بەستنەوەی گوێڕایەڵی سیاسی بە هەر پێشمەرجێکەوە، لەوانەش شەرعییەت و دادپەروەریی سیاسی، جگە لە کوفری ڕوون، واتە هەڵگەڕانەوەی حوکمڕان لە ئیسلام، دیسان بە بیدعە و ناشەرعی دەزانن؛ بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی تا چەند ئیسلام و شەریعەت، بە ناوی خۆیان و خوداوە، دەکرێنە ئامرازی پاساودانی دۆخی ستەمکارانە.
بە حوکمی ئەوەی مافی پیادەکردنی دەسەڵات نابەستنەوە بە سەرچاوەگرتن لە نەتەوە یان گەلەوە، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە شتێك بەناوی (گەل) و (نەتەوە )بە ناوەرۆکە مۆدێرنەکەیان نییە؛ هەروەها ناشیبەستنەوە بە ڕەفتاری سیاسیی فەرمانڕەوا و نوخبەی حوکومڕانەوە، لە ڕووی بوون و نەبوونی ڕەوایەتی سیاسی و دادپەروەریەوە؛ بەڵکو پەیوەستی دەکەن بە عەقیدەی «وەلی ئەمر». و (کوفری بەوواح) ەوە، بەوەش، ئیسلام و شەریعەتەکەی بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵی کڵێسای مەسیحی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەگێڕن و دەبنە پاساودەری ڕەفتاری سیاسیی حوکمڕانان لەدۆخو فۆرمە جیاوازەکان، با ستەمکارێکی وەکو بەشار یاخود (سەدام حوسێن)یش بێت!
هەرچی پەیوەندی بە سەلەفیی جیهـادییشەوە هەیە، هەمان کێشەی هەیە بەڵام بە جۆرێکی ترو جیاواز. بەحوکمی ئەوەی لەجەوهەردا مەنزوومەی کۆی سەلەفییەکان لەیەك مەرجەعەوە سەرچاوە دەگرێت و هاوشێوەیە، ئەوەی لە یەکتریان جیادەکاتەوە هەڵوێستیانە بەرامبەر دەسەڵات، بە تایبەتیش ئەو دەسەڵات و سیستەمە سیاسییانەی بە عەلمانی و نائیسلامی لە قەڵەم دەدرێن.
بە حوکمی ئەوەی لەکاتێکدا سەلەفی مەدخەلی داوای گوێڕایەڵیی بێ مەرجی «وەلی ئەمر» دەکات بەحوکمی وەلی ئەمربوون و دەسەڵات لەدەستدا بوونا، بەدەر لە دادپەروەری و ستەمکاری سیستمی حوکمڕان، سەلەفییەتی جیهـادیش دیسانەوە بێ گوێدانە ئەو پێوەرە بەهایی و شەرعییە ئیسلامی وئینسانییە، تەکفیری سیستم و نوخبەی دەسەڵاتدار دەکات لە سۆنگەی نائسلامی بوونییەوە، (هەڵبەت بەگوێرەی تێگەیشتن و پێوەرەکانی خۆی) و داوای ڕووخاندنی دەکات. لەو پێناوەشدا، جیهـادی چەکداری لەدژی بەرپا دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی لەم پێناوو چوارچێوەدا چی ڕوودەدات و چەند خوێنی بەناهەق و بێتاوان دەڕژێت و موسوڵمانان و هاوڵاتیان دووچاری چ مەینەتی و نامرادیەکی گەورە دەبن. چوونکە ئامرازو شێوازەکان حوکمی ئامانجەکان وەردەگرن، واتە مادام بەلای خۆیانەوە ئامانجەکە شەرعی و رەوایە هەموو ئامرازێك لەو پێناوەدا ڕەوایە! لە ڕوویەکی تریشەوە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین دەسەڵات دەگرنە دەست هەموو ئەوەی سەلەفی مەدخەلی لەڕووی سیاسییەوە بە بیدعەی دەزانن ئەوانیش بەرامبەر بەخۆیان هەمان دیدیان هەیە، تەنها بە دیاریکردنی هەڵوێستی شەرعیش وازناهێنن، بەڵکو دەست دەکەن بە سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی هەموو ئەوانەی پێداگری لەسەر ئەو درووشم و داواکاریانە دەکەن. حوکمڕانی داعشیش لەوچەند ساڵەی دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو لەم روەوە بە جوانترین و ڕوونترین نموونە دادەنرێت .
ئەگەر لێرەشەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەقەی وەک فەرموودە دراوەتە پاڵ پێغەمبەر (د.خ)، کە لە بابەتی بیدعەناسیدا، وێردی سەر زاری سەلەفییەکان و هاوبیرەکانیانە، هەروەها لە سیاقە زمانی و بەهایی و شەرعییەکەی خۆیدا بیخوێنینەوە، بەئاسانی لەوە تێدەگەین، کە لە چ ئاستێکی سەرسووڕهێنەردا مێژوو واقیعی سیاسی مێژوویی، ستراتیژو گەمەکانی دەسەڵات، کاریگەرییان لەسەر ناوەڕۆکی ئەم چەمکە داناوەو دەقیان ملکەچی واقیع کردووە، هەروەها چەندە پێویستە دووبارە بەناوەڕۆکە ئیسلامییە ڕەسەن و بەهاییەکەیەوە، لە هۆشیاری و بیرکردنەوەی موسوڵماناندا، بینا بکرێتەوە.
لە دەقی فەرموودەکەدا هاتووە: «دەست بە ڕێباز و سوننەتی من و خەلیفە ڕاشدینەکانم بگرن و نەهێڵن لە دەستان دەرچێت؛ ئاگادار و وریابن لە کارە داهێنراوەکان، چونکە هەموو کارێکی تازە داهێنراو بیدعەیە و بیدعەش گومڕاییە».
بە وردبوونەوە لە دەقەکە و خوێندنەوەی لە سێبەری مەنسوومەی بەها ئیسلامییەکاندا، دەگەینە ئەوەی کە ئەگەر دەقەکە وەک خۆی وەربگرین، دەچێتە چوارچێوەی کایەی سیاسەت و بەها دەستوورییە ئیسلامییەکان و حوکمڕانی. ئەمەش لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
یەکەم: وشەی «ئەمر» لە قورئاندا، هەروەک قورئانناسان دەڵێن، پەیوەندی بە فەرمانکردن و کاروبارە سیاسییەکانەوە هەیە؛ وەک لە ئایەتی «وَأَمْرُهُمْ شُورَىٰ بَيْنَهُمْ»دا دەبینین.
دووەم: لە ڕووی دینی و ئیسلامناسییەوە، خەلیفەکانی ڕاشدین مەعسوم و پێغەمبەر نین. ڕاستە، لە پێشەنگانی ئوممەتی ئیسلامن و پێگەیەکی تایبەتیان لە دڵی موسڵماناندا هەیە، بەڵام ڕەفتار و ڕێبازیان بۆ ئێمە، بە واتای وشە، دوای کۆتاییهاتنی وەحی و کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ.) نابێتە دین. واتە ئێمە لە ڕووی دینییەوە ئەرکمان نییە لە هەموو وردەکارییەکانی ژیانیاندا شوێنیان بکەوین.
لەوێوە، سوننەت و ڕێباز و سەرمەشقی ئەوان، بە شێوەیەکی گشتی، دەچێتە بواری نموونەی حوکمڕانییەوە و چەمکی «بیدعە»ش لەم چوارچێوەیەدا قابیلی تێگەیشتنە.
نزیکترین نموونە لە ئەزموون و ڕۆحی پێغەمبەران دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ.)، ئەم نموونەیەیە کە بە شێوەیەکی گشتی بە پاراستنی بەها دەستوورییە ئیسلامییەکان لە حوکمڕانی ناسراوە:
- حوکمڕانی لە ڕێگەی شوراوە بووە، نەک بە میرات و پشتاوپشت و بە زەبری هێز خۆسەپاندن؛ واتە ڕەوایەتی سیاسی بە ڕێ و شوێنە سادەکانی ئەو سەردەمە لە ئوممەتەوە وەرگیراوە.
- دادپەروەری لە پیادەکردنی دەسەڵاتدا.
- خاکیبوونی دەسەڵاتدار و نەبوونی بەربەست لەنێوان ئەوان و خەڵکی ئاساییدا، لەگەڵ سادەیی دامەزراوە و دەزگاکانی حوکمڕانی.
- بە ئەمانەت سەیرکردنی دارایی گشتی و خەرجکردنی بە شێوەیەکی شەرعی و بۆ بەرژەوەندی موسوڵمانان.
- ئیجتیهادکردن لە پێناو حوکمڕانیی دادپەروەرانە و کارکردن بە ڕۆحی دەق، لەگەڵ سوودوەرگرتنی تەکنیکی لە ئەزموونی ئەوانی دی.
بەم جۆرە و بە شێوەیەکی گشتی، سەرمەشقی گەورەی ئەوان بە جۆری حوکمڕانییەکەیانەوە بەستراوەتەوە. ئەوان وەک زانا و سەرمەزهەب و عارف و سۆفییەکی نادەسەڵاتدار تەنها لە کایەی ڕۆحی و تاکەکەسییەوە مەترەح نین؛ بەڵکو لە کایەی حوکمڕانی و سیاسەتیشدا نموونەن. بیدعەش لەم چوارچێوەیەدا دەبێتە لادان لە ڕۆحی ئەم نموونەی حوکمڕانییە.
هەر ئەمەش وای لە زانایەکی وەک ئیبن تەیمیە کردووە، کاتێک پرسیاری لێ کراوە: ئایا تێکەڵکردنی پاشایەتی و خەلافەت دروستە؟ و ئایا خەلافەت و شوێنکەوتنی خەلیفە ڕاشیدینەکان تەنها موستەحەبە؟
ئەو بەوە وەڵام دەداتەوە کە تێکەڵکردنی پادشایەتی و خەلافەت لە شەریعەتی ئیسلامیدا دروست نییە و خەلیفەکردن لەسەر ڕێبازی پێغەمبەر و ژیاننامەی خەلیفە ڕاشیدینەکان، و تێکەڵنەکردنی بە هیچ ڕواڵەتێکی پاشایەتی، بێ هیچ گومان و دوودڵییەک واجبە. کۆی پادشایەتی، یان بەشێک لە ڕواڵەتەکانی، لە دیندا بە بیدعە لە قەڵەم دەدرێت. ئەو فەرموودەش بە بەڵگەی شەرعی بۆ قسەکانی دێنێتەوە کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد.
بەم جۆرە، ئیبن تەیمیە لە ڕیزی ئەو زانایانەدا بووە کە نەیویستووە پاساو بۆ دۆخی نەخوازراوی حوکمڕانیی ئیسلامیی باو بێنێتەوە. دەرکی بەو بۆشاییە گەورەش کردووە کە لەنێوان دەق و واقیعی مێژووییدا لەئارادا بووە. (محمد المختار الشنقیطي، الأزمة الدستورية في الحضارة الإسلامية، ص. ٣١٥–٣١٧).
لێرەوە، هەموو فۆرمێکی حوکمڕانی کە ڕەنگدانەوەی ڕەزامەندی و گرێبەستی نێوان گەل و دەسەڵاتدار نەبێت، زۆردار و ستەمکار و خۆسەپێنەر بێت، با بە ڕواڵەت ئیسلامیش بێت و شەریعەت یاسای دادگاکانی بێت، بیدعەیە؛ دەق و ویژدانی ئیسلامیش ڕەتی دەکاتەوە و ڕەوایەتیی ئایینی و ئەخلاقی نییە.
بەم جۆرە، فۆرمە جیاوازەکانی حوکمڕانی لە مێژووی سیاسیی موسوڵماناندا، لە ئەمەوییەوە تا کۆتایی عوسمانی، و هەموو ئەو کەلەپوور و شرۆڤە و فتوایە دینییەی بۆ پاساودانیان بەرهەم هاتوون، دەچنە خانەی بیدعە و داهێنراوەکانەوە؛ بە حوکمی ئەوەی تەنها بە ناو خەلافەت بوون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پادشایەتی بوون، با بە ڕواڵەتیش شەریعەت پیادە کرابێت.
لەبەر ئەوەی پێوەر بۆ دیاریکردنی حوکمڕانیی شەرعی، بوون و نەبوونی ڕەوایەتیی سیاسی و گرێبەستی ئازادانەی نێوان دەسەڵاتدار و گەل، یان خەڵک، و پیادەکردنێکی دادپەروەرانەی دەسەڵاتە. گوێڕایەڵیی سیاسییش دەبێت بەوەوە ببەسترێتەوە، نەک بە «کوفری بەواح» کە لە مێژوودا زۆرجار بۆ ڕەوایەتیدان بە واقیعێکی نائیسلامی و نارەوا بەکارهێنراوە.
ئەم پێوەرە بۆ ئێستای دنیاش ڕاستە. هەر بۆیە چەمکی «وەلی ئەمر» بەو ناوەڕۆکەی کە لە سێبەری فقهی سوڵتانی لە مێژوودا وەریگرتووە و بەو شێوەیەی سەلەفییەکانیش بەکاری دەهێنن، بیدعە و ڕەتکراوەیە.
هەموو سیستەمێکی سەرکوتکار و قۆرخکاریی دەسەڵات، بیدعەیە.
بۆیە، ئەو جۆرە لە گوێڕایەڵیی سیاسییەی سەلەفییەکان بۆ «وەلی ئەمر» بانگەشەی بۆ دەکەن، بیدعەیە. هەروەها ئەوەی بە بیدعەشی دەزانن، وەک هەڵبژاردن، ڕەخنەگرتنی ئاشکرا لە دەسەڵاتدار و وەلی ئەمر، سنووردارکردنی دەسەڵات و دیاریکردنی ماوەی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، و بەستنەوەی گوێڕایەڵی بە عەقیدەی ئەوەوە، نەک بە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەی و جۆری پیادەکردنی دەسەڵات، دیسان بیدعەیە.
بە کورتی، تێگەیشتنی سەلەفیانە بۆ بیدعە خۆی بیدعەیەکی یەکجار گەورەیە، ڕەنگە لەو گەورەتر ئەو زۆردارییە بوو لەسەد ساڵی ڕابردوو بەرامبەر نەتەوەی کورد کرا.




