ئایا ڕاستە کە شێخ مەحمود لە کاتی تەوقەکردن و بەیەکگیشتن و پێشوازی کردندا لەگەڵ ئینگلیزەکان دەستی بەفەقیانەکەی دەپێچا و دەستی بە ڕووتی نەدەنایە ناو دەستی ئینگلیزەکانەوە، گوایە دەستی پیس و گڵاو دەبێت ؟!
شێخ مەحمود کوڕی سعید کوڕی محمدی کوڕی حەزرەتی کاکە ئەحمەدی کوڕی شێخ مەعروفی نۆدێ یە، لەساڵی ۱٨٨۱ لە گەڕەکی کانیێسکانی سلێمانی لە دایکبووە ، سەرەتا قورئانی پیرۆزی خەتمکردووە و دواتر چەند کتێبێکی سەرەتایشی لە مەنهەجی حوجرە تەواو کردووە و ماوەیەکیش لە مزگەوتی گەورە لای مەلا عبداللە مەعروفی مەریوانی خوێندویەتی ، لەساڵی ۱٨۹٨ لە خزمەت باوکیدا چووە بۆ ئەستەمبوڵ و ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ شاری سلێمانی، شێخ مەحمود زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی لەگەڵ کەمێک ئینگلیزی و هندی زانیوە، لە بەرواری ۱/١٠/١٩١٨ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە کرا بە حاکمی کوردستان ، سەرەتا چەند بەڵێنێکیان پێدا کە یارمەتی بدەن و پشتگیری بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە باشوری کوردستان ، دواتر پاشەکشەیانکرد و پاشگەزبوونەوە لەبەڵێنەکانیان و ویستیان لە کوردستان دەری بکەن، ئەویش سەری بۆ شۆڕ نەکردن و لە دژیان ڕاپەڕی و دەستیکرد بە شۆڕش و ئازادکردنی کوردستان لەژێر دەستی ئینگلیزەکان، لە ساڵی ۱۹۱۹ لە داستانی دەربەندی بازیان لەپاڵ بەردە قارەماندا بە دەستی چەپەڵی ئینگلیزەکان بریندارکرا و دەستگیرکرا، لە ۲٥/ ٧ / ١٩١٩ لە مەحکەمەیەکی عورفی بەریتانیەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بەڵام حوکمەکە جێبەجێ نەکرا و دورخرایەوە بۆ وڵاتی هندستان و هەتا ساڵی ۱۹۲۲ لە هندستان مایەوە، پاشان لەدوای سێ ساڵ گەڕاندیانەوە بۆ وڵاتی کوێت و لەوێشەوە بۆ بەغداد و دواتر بۆ کوردستان ، پاش ئەوەی شێخ مەحمود گەیشتەوە شاری سلێمانی لە ساڵی ۱۹۲۲ دوبارە کرایەوە بە فەرمانڕەوای کوردستان و کابینەی دووەمی حکومەتی کوردستانی ڕاگەیاندەوە، بەڵام ئینگلیزەکان لێنەگەڕان و کەوتنە دژایەتی کورد و حکومەتەکەی شێخ مەحمود .
لە بەرواری ۹/ ١٠ /١٩٥٦ شێخ مەحمود “ڕەحمەتی خوای لێبێت ” لە نەخۆشخانەی ” حەیدەریە” لە شاری بەغداد لە پاش بەربەرەکانیەکی زۆری داگیرکەران و خەباتێکی سەربەرزانە لە پێناوی دۆزی کورد و سەربەخۆیی کوردستاندا لە تەمەنی ۷٥ ساڵیدا ماڵئاوایی یەکجاری لە کورد و کوردستان کرد و ئەمری هەقی بەجێهێنا .
شێخ مەحمودی ڕەحمەتی شیعریشی هەبووە و وەک شاعیر نازناوی (نور بەخش) ی بۆ خۆی داناوە و ئەمەش نمونەی یەکێک لە هۆنراوەکانیەتی :
موددەتێک عومرم بە تاڵان چوو لە سوچ و قوژبنا
پێمەلەم زۆر کرد لەبەر ئیمان لە بەحری بێ بنا
جەهلی میللەت بوو بە زیلەت هات بەسەر شانی منا
سەیری جێگە زەخمی پەنجەم بکەن بە دایم شاهیدە
هەزار سڵاو لە ڕۆحی پاکی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت هەڵوێستەیەکی لەسەر بکەم ناونیشانی بابەتەکەیە کە
گوتراوە و بیستومانە گوایە هەڵەی شێخ مەحمودی مالیکی کوردستان بووە کە ئینگلیز پشتیوانی کوردی نەکردووە بۆ بوون بەدەوڵەت و ئەگەر شێخ محمود سیاسی بوایە دەبوایە ئەو هەڵەیەی نەکردایە و ئێستا ئێمەش وەک نەتەوەکانی دیکە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان دەبووین بەڵام مێژوو پێماندەڵێت کە ئینگلیزەکان خۆیان فێڵیان لە کورد دەکرد و هیچ مەیلیان نەبوو دەوڵەت بۆ کورد دروست بکەن و هەمیشە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەهەرکوێدا بیانویستایە جوڵەیان بە بزوتنەوەی کوردی دەکرد و لە پاشانیشدا کە کاریان بە کورد نەدەما پشتیان تێدەکرد !
مامۆستا مەلا نوری فارس حەمەخان لە کتێبی یادگاریەکانی باوکم لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودی مەلیکدا دەنوسێت : لە باوکمم پرسی :(ئایا ڕاستە کە شێخ مەحمود لە کاتی تەوقەکردن و بەیەکگەیشتن و پێشوازی کردندا لەگەڵ ئینگلیزەکاندا دەستی بەفەقیانەکەی دەپێچا و دەستی بە ڕووتی نەدەنایە ناو دەستی ئینگلیزەکانەوە، گوایە دەستی پیس و گڵاو دەبێت ؟!
فەرمووی: لەوە درۆ تر نیە، من بەچاوی خۆم دەمدیت کە ئەم ئینگلیزە چاو شین و موو زەرد و خوێن ساردانە دەهاتن بۆ لای شێخ مەحمود، شێخیش دەچوو بە پیریانەوە زۆر بەگەرمی و بەنەرمی و بەڕووخۆشی، زۆر بەشەوقەوە تەوقەی لەگەڵدا دەکردن و بەخێرهاتنی لێدەکردن و گەلێک جار خۆی بە دەستی خۆی جگەرەی پێشکەش دەکردن و بۆی دادەگیرساندن، وە قاوەشی پێشکەش دەکردن وە پتر لە ئەندازە ڕێز و قەدری دەگرتن، ئەم هەڵوێستانەشی هەموو لەبەر ئەوە بوو کە ئەم ئینگلیزە درۆزنانە قسەیەکی خێر بۆ ئەم کوردە داماوە بکەن، دەنا شێخ مەحمود کاری بەم هەموو ماستاو و مامە حەمەیی کردنە نەبوو….. بەخودا جاری وابووە بەچاوی خۆم شێخ مەحمودم دیوە کاتێک ئینگلیزەکان دەهاتن بۆ ” بیلاط” بۆ موجامەلە و مودارات: یاری دامە و شەترەنجی لەگەڵیان دەکرد، هەروەها بە پێ ی پلەوپایەیان، حەرەسی شەرەف تەحییەیان بۆ دەکردن، خزمەتچی جوانترین خزمەتی دەکردن ، شێخ مەحمود لە کاتی میوانداری ئینگلیزەکاندا: خواردنی گەرم و نایاب و پاشانیش دیاری و دەسەنەی تایبەتی پێشکەش دەکردن).”یادگاریەکانی باوکم لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودی مەلیکدا،نوسینی مامۆستا نوری فارس حەمەخان- لاپەڕە: ٥۰ – ٥١ چاپی یەکەم،۲۰۲۳، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبخانەی گەشە ، سلێمانی”




