مزگەوت شوێنی ئاشتییە نەک شەڕ!

 

لە چەند سعاتی ڕابوردوودا، ڕووداوێکی دڵتەزێن لە ناو کۆمەڵگەکەمان ڕوویدا؛ پیاوێک لە کاتی نوێژی عیشا و لە ناو مزگەوت، بەهۆی کێشەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیەوە بە چەکەوە ڕۆیشتە ناو ماڵی خوا و بە دەستڕێژی گوللە پیاوێکی نوێژخوێنی مزگەوتی کوشت،

ئەم ڕووداوە تەنها تاوانێکی کوشتن نییە، بەڵکو هێرشێکی ئاشکراشە بۆ پیرۆزیی مزگەوت، بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە، و بۆ ئەو بەهایانەی کە هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی لەسەریان ڕاوەستاوە.

لە ئیسلامدا، مزگەوت ماڵی خودایە و شوێنی ئارامی و خواپەرستی و پاراستنی گیان و کەرامەتی مرۆڤە. خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَنْ دَخَلَهُ كَانَ آمِنًا﴾؛ ئەم مانایە تەنها تایبەت بە مەسجیدی حەرام نییە، بەڵکو بنەمایەکی گشتییە کە شوێنە پیرۆزەکان دەبێت شوێنی ئاسایش و ئارامی بن، نەک شوێنی تۆڵەسەندنەوە و خوێنڕشتن.

تەنانەت لە سەردەمی جاهیلیشدا، واتە پێش هاتنی ئیسلام و غیابی ئاینی ئاسمانی خەڵک ڕێزی شوێنە پیرۆزەکانی گرتووە و بە پیرۆز تەماشاکراون و  ئەوانەی پەنایان بۆ پەرستگاکان بردووە پارێزراو بوون، لە زۆربەی ئایینە گەورەکانی جیهانیش پەرستگاکان بە شوێنی ئاشتی و ئاسایش ناسراون و پەناگە بوون و خەڵک پەنای بۆ بردوون،

بەداخەوە کە بەچاوی خۆمان دەبینین ئەم پیرۆزییە لە ناخی کۆمەڵگەدا کاڵ دەبێتەوە نامێنێت ئەمەش نیشانەی هاتنی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەموومان.

ڕاستە لەمێژوودا هەندێک جار ڕووداوی گەورەتر ڕویداوە و بەناوی خودا و ئاینداريیەوە پەرستگا و شوێنەکانی خوا پەرستی وێران کراون و سوکایەتی بە ژیان و ئاینی مرۆڤ کراوە و بوەتە بەشێک لە مەترسیە گەورەکانی بەکارهێنانی ئاین  بۆ مەرامە شەخسی و سیاسیەکان ، بەڵام

ئەوەی لەم ڕووداوەدا زیاتر جێی نیگەرانییە ڕووە کۆمەڵایەتی و خزمایەتیەکەیەتی کە  کێشەی کەسی و خێزانی بگاتە ناو مزگەوت و لە کاتی نوێژ و سوژدە و وەستان لەبەردەم خودا بە خوێنڕشتن کۆتاییان پێ بێت، بێگومان ئەمەش نیشانەی لاوازیی بەها ئاخلاقییەکان، کەمی وشیاریی ئایینی، لاوازیی چارەسەری دانایانەی ناکۆکییەکان و دابەزینی هەستی بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتییە.

کۆمەڵگەی کوردەواری وایلێبێت کە مزگەوتەکانی ئەمن و ئەمانی تێدانەمێنێت ! ئیتر کوێ ی ئەمان دەبێت ؟ ئیتر چۆن دەتوانێت دڵنیایی و ئەمان بە شوێنەکانی دیکە بدات؟ کە شوێنی سوژدە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و ناکۆکی و تۆڵەسەندنەوە! ئیتر دەبێت هەموومان ئەم ڕووداوە وەک زەنگی مەترسی ببینین، نەک تەنها وەک هەواڵێکی دڵتەزێن.

ئەرکی هەمووانە؛ زانا و پێشەوایان، مامۆستایان، دایکان و باوکان، ڕاگەیاندنکارەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان، بەخۆدا چونەوەبکەین،

دەبێت ئەم ڕوداوە ڕامانچەڵەکێنێت، هەموو پێکەوە زیاتر بەهاکانی ڕێز، لێبوردەیی، چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکی و پیرۆزیی مزگەوت لە دڵی نەوەکاندا بچەسپێنن، هەر کێشەیەک دەکرێت بە یاسا، دانایی و ئاشتەوایی چارەسەر بکرێت؛ بەڵام خوێنڕشتن هیچ کات چارەسەر نەبووە و نایبێت.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

پەروەردەو هونەری قسەکردن لە تێڕوانینی ئیسلامدا

پەیامێک