یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی شەوڕۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) پەیامێک بڵاودەکاتەوە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آَيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ) الإسراء:1.

لە ساڵیادی شەوڕۆیی پێغەمبەری سەروەرمان (درودو سەلامی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی تەواوی موسڵمانان دەکەین، بەم بۆنەیەوە جارێکی تر دڵ و دەروونمان ئاوێتەی گەورەترین موعجیزەی رەسولی ئەکرەم دەبێت و وانەی مەزنی لێوە فێردەبین.

شەوڕۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رووداوێکی کەم وێنەو موعجیزەیەکی گەورەیە، تەعبیرە لە رێزلێنان و گیرابوونی نزاو پشتیوانی و دڵنەوایی پێغەمبەری پێشەوا لەلایەن خوای باڵادەستەوە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی ئازیزانی و تەحەمول کردنی ئەزیەت و ئازار لەرێی کاری دەعوەو بانگەوازەوە.

گرنگە بە تێڕوانین لە واتاو ئاماژەکانی ئەم یادە، خەرمانێکی تازە لە واقعی دینداری بێنینە کایەوەو مەدرەسەو هاندەرێک بێت بۆ زیاتر چەسپاندنی بنەما ئایینی و ئەخلاقیەکان و ئامۆژگاری و پەندو پەروەردەو تەزکیەی نەفس و راستگۆيی پابەندی بەرامبەر ئيسلام، بەتایبەت بۆ رۆژگاری ئێستا، کە هەمووان لەپێناو گەشەی ئیمان و بەدەستهێنانی بەختەوەری و نزیکبوونەوە لە جەوهەری ئەخلاقەوە، پێویستمان بە میعراجی رۆحە لەرێی پەیڕەوکردنی رێبازی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامەوە.

پیشاندانی رحمەتی ئیسلام و بڵاوکرنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی و یەکهەڵوێستی نیشتمانی و خزمەتی مرۆڤایەتی، پێویستیەکی گرنگی ئەم قۆناغەیەو لەگەڵ ئەم یادە جەختی لێ دەکەینەوە، جارێکی تر بەرزو شکۆدارو پیرۆز بێت ئەم یادەو خوای گەورە کوردستانی ئازیزمان بپارێزێت و هەموو لایەک سەرفراز بکات.

 

مەکتەبی تەنفیزی

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

15ى1ى2026

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

یەکێتی زانایان لەسەر رووداوەکانی حەلەب پەیامێک بڵاو دەکاتەوەو ئیدانەی...