یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە بۆنەی ٥٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، ئەنجوومەنی ناوەندی و هەموو مامۆستایان و زانایانی ئایینیی بەڕێز دەکات.
بەم بۆنەیەوە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانایان و مامۆستایانی ئایینیی کوردستان و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە، پاراستنی بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها پشتگیریی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا بینیوە.
هەروەها، ڕۆڵی زانایان و مامۆستایانی ئایینی لە بەهێزکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی ڕۆحی هاوپێوەندی و لێکتێگەیشتن، و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانی کوردستان، هەمیشە جێگای گرنگی و پشتگیری بووە.
لە کۆتاییدا، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان جەخت لەسەر گرنگیی پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هەردوو یەکێتی دەکاتەوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتر بە مامۆستایان، زانایانی ئایینی و کۆمەڵگەی کوردستان.
دووبارە، ٥٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان پیرۆز بێت و ئاواتەخوازین هەمیشە لە ئەرک و پەیامە پیرۆزەکانیاندا سەرکەوتوو و بەردەوام بن.
مەکتەبی سکرتاریەتی
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان




