مەدرەسەی ئیبنو ئادەمی ئیسلامی.. خزمەتێکی زۆرو شانازییەکی گەورە

لەدوای راپەڕین و ئاوەدانبوونەوەی شارو دێهاتەکانی کوردستان، یەکێ لەو دەسکەوتە مەزنانەی بووە هەوێن و بەیداغی رێبازی زانستە شەرعییەکان و برەودان بە مەعریفەی ئایینی و دروستکردنی کاراکتەری مەیدانی خزمەت بە ئیسلام و مینبەرو میحراب و رەوت و رێبازی رەسەنی زانایانی ئایینی و کاروانی زانستی، دامەزراندن و کردنەوەی مەدرەسەی ئیبنو ئادەمی ئیسلامی بوو لە شاری سۆران لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەیەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم هەوڵ و هەنگاوە گرنگە دەرەنجامی خەمخۆری و پەرۆشی خانەوادەو زانای ناودارو مودەریسی دیاری دەڤەرەکە مامۆستا مەلا سەعید گرتکی بوو، کە لە گەڵ بونیادنانەوەی ماڵی خۆی، بناغەی ئەم مەدرەسەیەی داناو لە ساڵی 1992 بۆ یەکەم جارو لەسەر ئاستی دەڤەرەکە دەرگای بەرووی فەقێ و قوتابی و خوازیارانی خوێندنی ئیسلامی و زانستە شەرعییەکان کرایەوە، ئەم مەدرەسەیە بووە وێستگەیەکی گرنگ و سیمبولێکی دیارو کاراو سەرچاوەیەکی گەورە بۆ فێرخوازانی زانستە شەرعییەکان، بۆ ئەوەی ئاوات و ویست و ئامانجی خۆیان و سەدەها خزم و خەڵکی موسڵمانی دەڤەرەکە، بکەنە واقع و بە پۆشینی بەرگی فەقێیەتی و تاجی زێڕینی مەلایەتی، مزگەوت و شارو دێهاتەکان رووناک بکەنەوە.
هەڵبەت دەستپێک و ناونانی ئەم مەدرەسەیە بەناوی زانای هەڵکەوتووی کورد؛ زمانزان و رەوانبێژو رووناکبیرو فەلەکناس و مێژوونووس و شاعیرو شەرعزان و ئوسوڵی (عەللامە ئیبن و ئادەمی باڵەک)، ئاماژەیەکی روون و راشکاو بوو لە گێڕانەوەی بناغەی ئەم ناوەندە زانستیە بۆ رێڕەوی گەورە زانایان و وەرگرتنی پاڵپشتی مەعنەوی و ئیلهامی زانستدۆستی و، وەفا نواندن بۆ میراتی مەلا هەڵکەوتووەکانی گەلەکەمان و بەستنەوەی واقیعی دینداری و مەعریفی بەهەمان ئەو رێچکەیەی کەسانی سوودبەخش بۆ کیان و کۆمەڵگە بەرهەم دێنن، ئەمەش لەوەدا خۆی دەبینیەوە، کە بەشێکی زۆری قوتابیان لە سایەی سێبەری ئەم ناوە ناودارە، وزەو متمانەی زۆریان لا گەڵاڵە دەبوو و حەزی خوێندن و تامەزرۆی فێربوون و گەڕان بەدوای زانست لایان شیرینتر خۆی دەنواند.
ساڵ دوای ساڵ ئەم مەدرەسەیە رۆحیەتێکی تازەو رەونەقێکی نوێتری بەخۆیەوە دەبینی و، رۆڵێکی گەورەی لە بڵاوکردنەوەی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی تازەو هۆشیار بە رۆشنبیری ئایینی و هەستی نەتەوەیی پەروەردە دەکرد، دەتوانین بڵێین ئەم مەدرەسەیە تەنها قوتابخانەیەک نەبوو، بەڵکو سەکۆیەکی گەورەی زانست و ناوەندێکی کارای پێگەیاندن و دروستکردنی مەلا بووە لەناوچەکە، لەهەمان کات رێگرێکی باش بووە لە سەرهەڵدانی هزری نامۆ و نەگونجاو لەگەڵ دۆخی دینداری و کلتوری کۆمەڵایەتی دەڤەرەکە، ئەگەر لەو سەردەم و بەو شێوازە ئەم مەدرەسە نۆبەرەیە نەبوایە، رەنگە بەهۆکاری تەوژمی فکری و سەرهەڵدانی چەندین ئاراستەو ئایدیای جیاجیا ئێستا قۆناغەکە جۆرێکی تر بووایە، بەڵام لێکەوتەو دەرهاوێشتەو کاریگەری ئەو مەدرەسەیە وەک رەونەقی منارەو مزگەوت و هەوێنی ئیسلامپەروەری، دەرفەتی زۆرێک لەو هەوڵانەی نەهێشت و رەوشی ئایینی و رێڕەوی زانستی بە بەراورد لەگەڵ بەشێکی دەڤەرەکانی دیکە؛ هێمن و بێ سەر ئێشە هێشتەوە.
فەزیلەتی ئەو مەدرەسەیە بۆ سنووری سۆران تەنها بۆ ئەوانە نیە، کە رۆڵەیەکیان لەوێ خوێندویەتی یان دەرچووی ئەو مەدرەسەیە بێت، بەڵکو سایەو سێبەرو بەرەکەتی ئەو ناوەندە دینیە لە پێگەیاندنی مەلاو پێشکەشکردنەوەی بە کۆمەڵگە وەک پێشەنگ و پێشەوای ئایینی خەڵک، شوعلەو عەلەمێکی دیارو پڕشەنگێکی رووناککەرەوە بووە بۆ هەموو دانیشتوانی سۆران و دەوروبەری، هەر یەک لەو دەرچووانەی بۆتە مامۆستای ئایینی، ماڵ و شارو گوندی لەرێی مزگەوت؛ وەک ناوەندێکی گەورەی رۆحی و عیرفانی و بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە ئاوەدان کردۆتەوە.
وردتر ئاماژەیەک بە دەسکەوتەکانی ئەو مەدرەسەیە بکەم، کە لە بواری خۆیدا، ئەسپی تاوداوەو بەهارێکی جوانی لەچوارچێوەی پرۆژەی مەعریفی و مەنهەجی زانستی داهێناوە، پەرێزو پێگەیاندنی بۆتە جێی شانازییەکی مەزن لە زاکیرەی هەموو ئەوانەی خەمی دین و دینداریان لەکۆڵناوەو، بە ئاسۆی ئایندەیەکی گەش بۆ رۆحیەتی پەروەردەی ئایینی و ئاوەدانی مزگەوت و بڵاوبوونەوەی هۆشیاری و شارەزایی دروست و زانستی هەنگاو دەنێن.
ئەم مەدرەسەیە ماوەی 34 ساڵە لەسەر پێ وەستاوەو وەک کارخانەو مەڵبەندێکی گەورەی زانستی خزمەت دەکات، نزیکەی سی وەجبە قوتابی ئایینی پێگەیاندووەو ئامادەی کردوون بۆ کۆلێژو پەیمانگا ئیسلامیەکانی کوردستان، کۆی ئەوانەی تەخەروجیان کردووە نزیکەی 400 قوتابی بووە، کە بەشی هەرە زۆریان خوێندنی ئەکادیمی و مەلایەتیان تەواو کردووەو، بەشێکی زۆریان لە مزگەوتەکانی کوردستان بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران لە حاڵی خزمەت بەردەوامن و هەندێکیشیان وێڕای کاری مەلایەتی بەکردنەوەی حوجرەو راگرتنی فەقێ میراتەکە بەش دەکەن و وەک مودەریس درێژە بەو زنجیرە زانستیە دەدەن.
لەناو ئەو رێژەیە بەشێکی زۆریان بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرایان بەدەست هێناوە، زیاتر لە 20 دکتۆراو 50 ماستەر هاتۆتەوە، کە بناغەی زانستی و دەسپێکی خوێندن و پسپۆڕیان مەدرەسەی ئیبن و ئادەم بووەو ئێستا هەریەکەو لە پێگەو ناوەندێکی ئایینی و پەروەردەیی یان ئەکادیمی جێدەستی خزمەتیان نەقشی چێ کردووەو، بەهەستێکی مەزنی پیشەیی و نیشتمانی خزمەت دەکەن.
هاوکات ئەم مەدرەسەیە دەرفەتی کارو خزمەتی بۆ زیاتر لە 100 مامۆستاو مودەریس رەخساندووە، کە توانیویانە تەدریس بکەن و ئاستی رۆشنبیری و زانستی و پیشەیی خۆیان ئەزموندار بکەن و لە کاروانی زانستی دانەبڕێن، دەکرێ بڵێین ئەگەر ئەو زەمینەو مەدرەسەیە نەبوایە، ئاسان نەبوو زۆرێک لەوانە بتوانن رۆڵی مودەریس و ئیرشاد ببینن و هەگبەی خۆیان پراکتیزەو زانستی خۆیان گەرم بکەنەوە، هەڵبەت رۆڵی هەموو ئەوانەش لە پاڵپشتی ئەو مەدرەسەیەو، شاندانە بەر هەستی بەرپرسیارێتی خزمەتی ئایینی و کاروانی زانستی دیارو جێی پێزانینێکی گەورەیە.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بکەین، کە حوجرەو مەدرەسەکانی کوردستان هەمیشە ناوەندێکی گەورە بوون، لە پێگەیاندنی مەلای چاک چاک و خاوەن هەستی نیشتمانپەروەری و هزری نەتەوەدۆستی، دەگمەن بووە یەکێک لەو خەریجانە پەڕگیر یان توندڕەو دەرچووبێت و ببێتە مایەی سەرئێشەو گرفت بۆ کایەی ئایینی و دینداری، لەبەر ئەوەی میسداقیەتی ئەو مەدرەسانەو نیەتپاکی و ئەساڵەتی رێبازە زانستیەکەو بارە پەروەردەییەکە، هەمیشە جیای کردوونەتەوە لە فەریکە خوێندەوارو کاراکتەری فۆتۆکۆپیکراو..
بە کورتی مەدرەسەی (ئیبن و ئادەم) لە شاری سۆران هاوشێوەی زانکۆیەکی گەورە بەتام و بۆی دینداری و توراسی کوردەوارییەوە، خزمەتێکی شاهانەی پێشکەش کردووەو، بۆتە مەڵبەندو مەنارەیەکی گەورە لە بواری زانستی و شەریعەتناسییەوە، فەزڵی ئەو مەدرەسەیە هێندە قوڵ و زۆرە؛ هەموو کەس هەستی پێ ناکات بەڵام هەموو کەس لێی سوودمەند بووە، بەرهەم و بەشینەوەو بەخشینی زانستی ئەو مەدرەسەیە، ئێستا لە سەکۆی مینبەرەکان و قوتابخانەو ناوەندە ئەکادیمیەکان جێ پەنچەی دیارەو، رۆڵی گەورەی لە بونیادو پێشکەوتن و پرۆسەی هۆشیاری کۆمەڵگەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی هەیە.
د.عبدالله شێرکاوەیی
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان
30ی نيسانی 2026

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

هەڵوێستە ئایینی و نەتەوەییەکانی مەلا کورد