ئەمرۆ 22ی9ی2026 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و د.ئاگرین بریکاری وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەو کاک سەروەر بریکاری وەزارەتی بازرگانی و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و نوسەرو ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ و کەسانی ئیداری؛ سیمینارێکی یادەوەری بۆ یەکەم سەرۆکی یەکێتی زانایان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی بەرێوەچوو، سیمینارەکە بەناونیشانی (مەلا عەلی مەلا عبدالله مودەریس – نیو سەدە تێکۆشان بۆ سەرخستنی مافەکانی کورد) کە لەلایەن بەرێز مامۆستا فەتحی مەلا علی وەک ناساندنی کتێبێک لەم بارەوە پێشکەش کرا.
سەرەتا بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی لە مامۆستا فەتحی مەلا عەلی کرد بۆ نووسینی کتێبەکەو پێشکەشکردنی سیمینارێک لەم بارەیەوە، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی یەکێتی زانایان و یەکەم سەرۆکی یەکێتی زانایان مامۆستا مەلا عەلی کرد، کە لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەرو نیشتمانپەروەر وەک زانایەکی هەڵکەوتوو لەناو کورد دەرکەوتبوو، دوای راوێژو ئەنجامدانی کۆنگرە دەبێتە یەکەم سەرۆکی یەکێتی زانایان لە گەڵاڵە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە کە مامۆستای رەحمەتی کەسایەتیەکی لێهاتوو بووە، هەڵگری هەستی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری بووەو لەپێناو خزمەتی گەلەکەی تێکۆشاوەو خەباتی کردووە.
دواتر پارچە ڤیدیۆیەک لە سەر چەند وێستگەیەکی ژیانی مامۆستا مەلا عەلی پێشکەش کرا، کە چەند بەڵگە دیکۆمێنتێکی لە خۆ گرتبوو.
پاشان مامۆستا فەتحی مەلا عەلی سیمینارەکەی پێشکەش کردو کتێبەکەی بە ئامادەبووان ناساند، کە لەسەر هەڵوێست و خزمەتەکانی مامۆستا مەلا عەلی مودەریس چەندین شتی خستەڕوو، کە لە ماوەی پتر لە نیو سەدە وەک مەلاو کەسایەتیەکی ئایینی لەپێناو سەرخستنی مافەکانی کورد تێکۆشاوە.
دواتر ئامادەبووان بە پرسیارو سەرنج سیمینارەکەیان دەوڵەمەنتر کردو کتێبەکەش ەبسەر ئامادەبووان دابەشکرا، لە کۆتایی سیمینارەکەشدا سوپاسنامەی یەکێتی زانایان پێشکەش بە ماۆمستا فەتحی مەلا عەلی کرا لەهەمبەر ئەو خزمەتە جوانەی پێشکەشی کردووە.






