
رۆژی 7ی6ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان؛ مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عمر مرۆ ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا سید موسی باقلانی بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان؛ سەردانی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردو لە لایەن بەرێز د.بەشیر خەلیل حەداد سەرۆکی بۆردی و ئەندامانی بۆردەوە پێشوازی کران.
لەدیدارەکەدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بۆ بۆردی باڵای وتاری هەینی لەهەمبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی دەکات و پەرە بە ستراتیژو ئامانجەکانی وتاری هەینی دەدات لە کوردستان، ئەوەشی باسکرد، کە ئەرکی هەمووانە بایەخی پتر بە وتاری هەینی بدەین و پاڵپشتی بۆرد بکەین بۆ ئەوەی وتاری هەینی بە ئاراستەیەکی باش بڕوات و خزمەتی شایستەو باشتر پێشکەش بکات، بەو پێیەی ئەم قۆناغە وا دەخوازێت ئامانجی وتار لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە روون بێت و لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەستی ئایینی و هزری نیشتمانی و نەتەوەیی جێپەنجەی دیار بێت و پەیامی دینداری و میانڕەوی بە جوانتر بگەینێت.
دواتر بەرێز د.بەشیر خەلیل سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی، لە وتەیەکدا وێڕای خۆشحاڵی بە گەرمی بەخێرهێنانی سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری، سوپاسی بۆردی ئاراستەی یەکێتی زانایان کرد، بۆ ئەو هەڵوێست و پاڵپشتیەی دەیکەن و بەو تێڕوانین و هەستە بەرزە لە کارەکان دەڕوانن و خۆیان بە خەمخۆری وتاری هەینی دەزانن، هەروەک باسی لە کارو خزمەتەکانی بۆرد، کە ئامانجیەتی بەو پەڕی هەستی بەرپرسیارێتی و خەمخۆرییەوە پەرە بە هەنگاوەکانی بدات و یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ وتاربێژانی کوردستان و خزمەتی هەرێمەکەمان.
پاشان لە گفتوگۆیەکی کراوە، باس لە چەند پرس و بابەتێکی پەیوەندیدار بە مزگەوت و مینبەرو وتاری هەیینی و رەوشی ئایینی و زانایان لە کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کراو هەردوولا تەئکیدیان لە پەیوەندی و هەماهەنگی پتر کردەوە.
شایەنی باسە هەر یەکە لە بەرێزان مامۆستا مەلا عمادالدین مەلا فائیزو د.مغدید کریم و د.عبدالله شێرکاوەیی و مامۆستا مەلا حسام الدین جەودەت و مامۆستا مەلا وەزیر باپیر ئەندامانی بۆردی باڵای وتاری هەینی ئامادەی دانیشتنەکە بوون.




