
رۆژی 9ی6ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر مرۆ و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی؛ بە یاوەری شاندێکی لقی سلێمانی یەکێتی زانایان لە شاری سلێمانی سەردانی مەکتەبی کاروباری زانایانی یەکگرتووی ئیسلامی و مەکتەبی زانایانی کۆمەڵی دادگەری کردو بەگەرمییەوە لەلایەن بەرپرسی یەکەم و ستافی مەکتەبەوە پێشوازی کران.
لەدیدارێکدا هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانەکە دەربڕی و رۆڵی یەکێتی زانایانیان لە خزمەتکردن پرسە ئایینی و نیشتمانییەکان بە گرنگ وەسف کردو هیوایان خواست ئەم سەردان و بەسەرکردنەوانە بەردەوام بن.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی یەکێتی زانایان ئامانجی سەردانەکەی روونکردەوەو باسی لە پێویستی چەند هەنگاوێک بە ئاراستەی خزمەتی پتری رەوشی ئایینی و پیشەیی و نەتەوەیی کرد، کە پێویستە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و وێنایەکی جوانی دینداری لە کوردستان پیشان بدرێت، ناکرێ ناکۆکی و راجیایی ببێتە هۆکاری گوتاری رقەبەری و یەکتر شکاندن، بەڵکو دەبێ هەمووان کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەین و ناکۆکیەکان وەلاوە بنێین.
شایەنی باسە لەلایەن خۆشیانەوە هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بە دیدارەکەو سەردانی سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری دەربڕی.






