مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەدات و کۆمەڵێک پرس و بابەت تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 15ی6ی2026 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان؛ کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی بەرێوەچوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان خۆشحاڵی دەربڕی کە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ و گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی تەواو بوو، لەو سۆنگە سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەو لێژنەی باڵای فەتوای حەج و مورشیدانی ئایینی کرد، کە دڵسۆزانەو بە بەرنامەیەکی تەواو لەرووی ئایینیەوە پرۆسەکە بەڕێوە چووە.
دواتر تیشکی خستە چەند تەوەرەکانی کۆبوونەوەو چەند پرسێکی پەیوەست بە لقەکانی یەکێتی زانایان لەرووی پیشەیی و بەرێوەچوونی کارو چالاکیەکان و پەیوەندییان بە زانایانی ئایینی و دەزگا و دامەزراوەکانەوە.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوە باس لە بارودۆخی ئێستا بە گشتی و رەوشی ئایینی لە شاری کەرکوک کرا، کە بەم دواییانە چەند هەوڵێک لە ئارابوون بۆ گۆڕینی چوارچێوەی دامەزراوەی ئایینی و لێژنەی فەتواو بەستنەوەی پرسی ئایینی بە رێککەوتنە سیاسییەکان و دەستوەردان و کەمکردنەوەی پێگەی کورد و داڕشتنی سیاسەتێکی نەخوازراو بۆ لاوازکردنی رۆڵی زانایانی کورد لە کەرکوک، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی تێرو تەسەل کراو روانگەو هەڵوێستی یەکێتی زانایان لەم بارەوە گەڵاڵە کرا.
پرسێکی تری کۆبوونەکە باسکردن بوو لە دۆخی ئێستای کوردستان و گوتاری ئایینی و لێک نزیککردنەوەی ئاراستەکان و کارکردن لەپێناو جوانترکردنی مومارەسەی دینداری و ئاراستەی سۆشیالمیدیاو راگرتنی گرژی و زمانی توندو شێواندنی ئەمنی ئایینی و هەڵکشانی ناکۆکییەکان، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیک یەکێتی زانایان بە دەستپێشخەرییەکی تایبەت لەم بارەوە هەنگاوێکی گرنگ بهاوێژێت، هەروەک کۆبوونەوەی سەردانی شاندی باڵای یەکێتی زانایانی بۆ شاری سلێمانی بە باش وەسف کردو تەئکید لە پێویستی هەنگاوی زیاتر کرا.
لە تەوەرێکی تردا باس لەچەند پرسێکی ناوخۆیی و گشتی کرا، بەتایبەت لە رووی راگەیاندن و فەتواو خۆبەخشان و بەدواداچوونی چەند پرس و کەیسێکی رێکخراوەیی، هەروەک تەئکیدی لە پەیامی میانڕەوی و ئاشتەوایی کرایەوەو رۆڵی زانایان لە خزمەتی ئایین و نەتەوەو نیشتمان و خەمخۆرییان بۆ مزگەوت و مینبەر بەرز نرخێندرا.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

مامۆستا مەلا عوزێر هەورامی کۆچی دوایی کرد، یەکێتی زانایان...