بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە ژمارە (3718) لە بەرواری 13ی10ی2026، کە ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کراوە، سەبارەت بە قەدەغەکردن (بلۆککردن)ی ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی قومارکردن و گرەوکردن.
لە نوسراوە هاتووە: پاڵپشت بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (۱۱۱)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو ماددەکانی (۳۸۹ و ۳۹۰) و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان لە هەرێمی کوردستان بڕیارماندا:
پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکان ڕێکاری تەکنیکی و کارگێڕی بگرنەبەر بۆ قەدەغەکردن (بلۆککردن)ی تەواوەتی سەرجەم ماڵپەڕ، ئەپڵیکەیشن، و پلاتفۆرمەکان کە بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ خزمەتگوزاریی یاریی قومار و گرووکردنی ئەلیکترۆنی (Betting ) پێشکەش دەکەن یان ئاسانکارییان بۆ دەكەن.
هەروەها هاتووە: ئەم بڕیارە لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا لە ڕێککەوتی دەردەچوونی جێبەجێ دەکرێت. پێویستە مانگانە ڕاپۆرتی خولی پێشکەش بە وەزارەت بکرێت سەبارەت بەو ڕێکارانەی گرتوونەتەبەر، هاوکات سەرجەم ئەو ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنە نوێیانەی لە پاش کۆنتڕۆڵکردن دەردەچوون بە هەمان شێوە بێ دواکەوتن بلۆک بکرێن.
بڕیارەکە دەشڵێت: لە گەری جێبەجێ نەکردن یان کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە وادەی دیاریکراودا، بەرپرسیاریەتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکانتان و بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ڕێکاری توندی یاسایی و کارگێڕیتان لەسەر دەگیرێتەبەر.
هاوکات نوسراوەکە بە لیستی ناوی بەشێک لە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی هاوپێچ کردووە، کە بڕیاری قەدەغەکردنیان بۆ دەرچووە.





