یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (صلی الله عليه وسلم) مشتومڕی ناوێ

 

یادکردنەوەو خۆشحاڵی دەربڕین بە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت، ئەگەر بە شێوازێکی جوان و شەرعی بکرێت دەچێتە ڕیزی کردەوە باشەکان و خاوەنەکەی ئەجرو پاداشتی دەست دەکەوێ.

بەڵگەی دروستی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) زۆرن بۆ کەسێک کە تێبفکرێ و تێبگات. من لێرەدا تەنها یەک دانەیان باس دەکەم ئەویش قیاسە، کە کۆدەنگی زانایانی لەسەرەو چەندان حوکمی شەرعی لەسەر بنیاتنراوە.

قیاسی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر بۆ سەر یادی ڕزگاربوونی حەزرەتی موسا لەدەست فیرعەون بەتەنها بەسە بۆ کۆتاییهێنان بە مشتومڕی دروستی و نادروستی مەولود کردن.

لە حەدیسی سەحیحدا هاتووە کە جولەکەکانی مەدینە ساڵانە یادی ڕزگاربوونی حەزرەتی موسایان لەدەست فیرعەون دەکردەوە و لەو ڕۆژەدا (کە ڕۆژی عاشوڕایە) بەڕۆژوو دەبوون، واتە بە ڕۆژووبوونی عاشوڕا داهێنراوێکی جولەکەکان بوو، (بە قەولی جەماعەت بیدعە بوو)، پێغەمبەری خوا ئەو بیدعەیەی جولەکەکانی پەسەند کردو لەو ڕۆژەدا وەک ئەوان بە ڕۆژوو بوو، داواشی لە موسڵمانان کرد بەڕۆژوو بن.

ئەو کارەی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت کە لەسەر بنەمای (کاری باش هەر کەس بیکات باشە) تەنها یادکردنەوەی ڕووداوێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو هاندان بوو بۆ یادکردنەوەی هەر پێشهاتێکی دیکە کە سەرکەوتنی ئیمانداران بێت یان هاتنەدی نیعمەتێکی گەورە بێت.

ئاشکرایە پێغەمبەری خواش (درودی خوای لێ بێت) کە ڕەحمەتە بۆ جیهانیان یەکێکە لە نیعمەتە هەرە گەورەکان کە خوا بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، بۆیە هەم لەدایکبوونی، هەم بوونی بە پێغەمبەر، هەم ئیسڕاو میعڕاجی، هەم هیجرەتەکەی، تا دەگاتە فەتحی مەکەو دەیان یادی هاوشێوە، شایەنی یادکردنەوەو خۆشحاڵی دەربڕینن، بەپێی ئەو مەنهەجەی پێغەمبەری خوا بۆی داڕشتووین، بە مەرجێک یادکردنەوەکە موافقی شەرع بێت و قسەو ڕەفتاری نادروستی تێدا نەکرێت.

خودی پێغەمبەری خوا خۆی ئاماژەی به ڕۆژی لەدایکبوونی خۆی کردووە، کە ڕۆژانی دووشەممە بەڕۆژوو بووە فەرموویەتی: (ذاك يوم ولدت فيه) ئەوە ڕۆژێکە تێیدا لەدایکبووم.

کەواتە:

یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) ئەوەی لە پێناوی خواو لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەر بیکات گومانی تێدا نیه کارێکی باش دەکات و نیشانەی ئیمانی ئەو کەسەیە، ئەوە شتێک نیە مەجالی مشتومڕی تێدا بێت.

ئەوە تەنها قسەی من و ئەوانە نیە کە بەرگری لەو یادە دەکەن، بەڵکو (ابن تیمیە) ڕەحمەتی خوای لێ بێت لەگەڵ ئەوەی یادکردنەوەی مەولود بە داهێنراو دەزانێ بەڵام دەفەرموێ:

(فتعظيم المولد، واتخاذه موسمًا، قد يفعله بعض الناس، ويكون له فيه أجر عظيم؛ لحسن قصده، وتعظيمه لرسول الله صلى الله عليه وسلم).

واتە: بەگەورەدانانی مەولود و کردنی به بۆنەیەک، هەندێک کەس دەیکات و پاداشتی گەورەی تێدایە بۆیان، بەهۆی نیەتی باش و بەگەورەدانانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم.

هەرچەنده برا سەلەفیەکان ئەو قسەیەی ابن تیمیە تەئویل دەکەن و ئیشی پێناکەن، بەڵگە بە هەندێک قەولی دیکەی دەهێننەوە کە مەولودی بە بیدعە داناوە، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە ئەو قسەیەی ابن تیمیە لە دوو ئەگەر زیاتر هەڵناگرێ، یان ئەوەتا مەولودی بە بیدعە نەزانیوە، یان پێناسەی بۆ بیدعە جیاواز بووە لەوەی سەلەفیەتی ئێستاو شێخەکانی سعودیە دەیڵێن کە گوایە هەموو داهێنراوێک بیدعەیەو هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە.

چونکە کاری خراپ (کە بیدعە به پێناسەی ئەوان لە هەرە خراپەکانە) بە نیەتی باشیش بکرێ نابێتە کارێکی باش و پاداشتی لەسەر نابێت. پێم وانیه نکوڵی لەو ڕاستیە بکەن.

کەواتە یان دەبێ وەک ابن تیمیه بڵێن مەولود داهێنراوە بەڵام ئەوەی بە نیەتی باشەوە بیکات خێری دەگاتێ، ئەو کات دەبێ دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە بکەن کە بە نیەتی باشەوە مەولود دەکەن (لحسن قصده، وتعظيمه لرسول الله صلى الله عليه وسلم).

یان دەبێ دان بەوەدا بنێن مەنهەجی ابن تیمیەو تێڕوانینی بۆ بیدعە زۆر جیاواز بووە لەوەی سەلەفیەتی ئێستا پیادەی دەکات، کە مانگی مەولودیان کردۆتە مەیدانی جەنگ و دژایەتی موسڵمانان، تەنها لەسەر ئەوەی یادی لەدایکبوونی حەزرەت دەکەنەوە.

ئەوەش زۆر دوورە لەو تێگەیشتن و زانست و ئینسافەی ابن تیمیەو زانایانی هاوشانی لەسەری بوون بەرامبەر مخالفەکانیان.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

چۆن سیرەی پێغەمبەر ﷺ بکەینە پردێک بۆ یەکخستنی صۆفی...