یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان يادی مەولودو له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) پیرۆز دەکات

بە بۆنەی هاتنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری پێشەوا حەزرەتی محمد (درودی خوای لەسەر بێت) یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان؛ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
(قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَلِكَ فَلْيَفْرَحُوا هُوَ خَيْرٌ مِمَّا يَجْمَعُونَ) سورة يوسن:58.
بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی مه‌ولوودو یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرو پێشەوامان ( محمد المصطفى- درودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی موسڵمانان به‌گشتی‌و كوردستانیان به‌ تایبه‌تی و زانايانی ئایینی ده‌كه‌ین.
ئەم یادە بۆنە گەورەیە تەنها یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) نیە، بەڵکو یادی لەدایکبوونی ئۆممەتی ئیسلامە، کە بە هاتنە دونیا و رابەرایەتی و پێشەنگی زاتێکی وا پایەدار، وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی هاتە کایەوەو، بووە هەوێنی رزگاری مرۆڤایەتی و بڵاوبوونەوەی ئاشتی و بەها باڵاکان و پەیامی ئایینی لە جیهاندا.
ماوەی پتر لە هەشت سەدەیە کورد لەژێر رۆشنایی ئامۆژگاری گەورە زانایان، ئەم یادە بەرز رادەگرێت و ساڵانەش له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م مانگه‌ خه‌ڵك وەک دەربڕینی وەفاو خۆشەویستی به‌جۆش‌و خرۆشه‌وه پێشوازی ئەم یادە دەکات، واتە کورد و یادی مەولود وێڕای مێژووێکی دێرین و شکۆدار، شانازییەکی گەورەی بۆ دیندارانی کورد جێهێشتووە، داوا دەکەین بەوپەڕی شایستەیی و رێزەوە ئەم یادە شکۆدارە بکرێتەوە، نەکرێتە ئامرازی زەقکردنەوەی دووبەرەکی و ناوزڕاندن و ناتەبایی، لەهەرێمی کوردستان ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان حوکمی ئەم بۆنەیەی یەکلایی کردۆتەوە.
وێڕای تەئکید کردنەوە لە پێویستی پابەندی بە رێبازی دروستی ئەو زاتە مەزنە، کە خوای گەورە بە رەحمەت بۆ تێکڕای جیهان رەوانەی کردووە، بە گرنگی دەزانین داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان و کوردپەروەران بکەین، بە گیانێکی لێبوردەیی و هەستی بەرپرسیارێتی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد بکەنە ئامانجی سەرەکی و پەرتەوازەیی و بەرژەوەندییە کەسی و تایبەتیەکان وەلاوە بنێن، بە ئاوەڕدانەوەی پتر لە خەڵک و یەکهەڵوێستی و تەبایی و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری و پەرەدان بە بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیە رەسەنەکانی گەلەکەمان هەنگاو بنێن..
داوا لە زانایانی بەرێزی ئایینی دەکەین، بە باسکردنی پەیام و ئامۆژگاریەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) زیاتر کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوەو بە پێکەوە گرێدانی هەستی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری، پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان کوردستان رووناک بکەنەوە.
دووبارە پیرۆز بێت ئەم یادە شکۆدارە لە موسڵمانان بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی.

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
24ی ئـــابــی 2026
11ی ربیع الأول 1448

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

مامۆستا مەلا ئەبوبەکر تەقتەقی کۆچی دوایی کرد؛ یەکێتی زانایان...