رۆژی ۱۲/ ١٠ ساڵڕۆژی یادی کۆچی دوایی زانا و عەللامەی سەردەمی خۆی (مەلا محمد ی جەلی زادە) ناسراو بە مەلای گەورەی کۆیە بوو کە لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لەساڵی ۱٩٤٣ کۆچی دوایی کرد،
مەلامحمد زانایەکی گەورە و موفەسیری قورئان و قازی و شارەزا بە زانستی فەرمودە و شەرعزانێکی کەم وێنەی سەردەمی خۆی بوو ، وەک وەفایەک بۆ زانایەکی گەورەی کورد کە ناویشیان بە خۆیەوەیەتی بەکورتی ئاماژە بە چەند دێڕە شیعرێک لە شیعرەکانیان دەدەم کە دەرخەری گرنکیدانیانە بە ئافرەت و بەرزی پلەوپایەیان لە لای خودا و بەتایبەت لە ئاینی ئیسلام و ڕۆڵیان لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی تۆکمە و بەدەستهێنانی سەربەخۆی و پێشکەوتنی گەلی کورد ! سەرەتا جەنابیان وەک هەر زانایەکی ئاینی ڕەسەنی کورد هەمیشە لە خەمی نەتەوەکەیدا بووە بەشێوەیەکی گشتی ، لە شیعرێکدا دەڵێت :
هەتا دەمرم لە بۆ کوردان دەناڵم
عیلاجیان چۆن بکەم هاوار بەماڵم
ئازار و ژانی گەلی کورد بە پیاو و ژنەوە بووە بە خەمی گەورەی مەلای کۆیە و لە تێکڕای هەڵوێستی ڕۆژانە و وەعز و ئامۆژگاری و ووتاری سەر مینبەر و حەڵقەی دەرسی فەقێیان و گفتوگۆی مەجلیسی مامۆستایاندا بەتایبەت لەسەر مەسەلەی ئافرەت تێکۆشاوە و هەمیشە داکۆکی کاربووە لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بەتایبەت مافی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری، لە سەردەمێکدا کە خەڵکی ئامادە نەبوون کوڕەکانیشیان بخەنە خوێندنی قوتابخانە چونکە بە سەرچاوەی بێ ئاینیان دائەنا ، ئەو کچی خۆی خستۆتە قوتابخانەی شارەوە!
لە شیعرێکدا ئاشکرای دەکات کە پیاو و ژن هیچ جیاوازیەکیان نیە! بێزاری خۆی دەردەبڕێ کە ئافرەت بەناوی ئاینەوە لە گۆشەی ماڵدا بەند و چاوبەست بکرێت و مافی ئازادی و فێربوونی زانست و زانیاری لێ قەدەغە بکرێت ، دەڵێت :
ژنیش وەک موزەکەرە ، عەینەن ئەویش بەشەرە
چاولادانی لەسەرە، هەردوو لەیەک حوکم دان
لەوسەردەمدا ئافرەتان بەناوی ئاین کە گوایە خوداش خۆشی لێیان نایە چەوساونەتەوە و بێ ڕێزییان بەرانبەر کراوە!
مەلای گەورە لەوەڵامدا دەڵێت :
ژن زینەتی دونیانە، ئەمانەتی خودانە
حەبیبی موستەفانە، قەڵاتن لەبۆ مێردان
ژن کە زینەتی دونیا بێت و ئەمانەتی خودای گەورەبێت لەسەر زەویدا و خۆشەویستی خودا بن چۆن دەبێت بەناوی ئاینەوە مافیان نەدرێتێ و ستەمیان لێبکرێت!؟بەتایبەتی تەڵاقدان کە لە ئیسلامدا حەڵاڵێکی ناچاری و ناخۆشەویستە، بەلای مەلای گەورەشەوە هۆکاری نائارامی کۆمەڵایەتی و تێکچونی شیرازەی خێزان و دابڕانی منداڵ لە دایباب بووە!
دەڵێت :
خودا دەڵێ لە قورئان(الطلاق مرتان
فامساك بمعروف او تسریح باحسان)
بڵێن بە قەومی کوردان دەستی من و دامێنتان
عەیبە بە حەقی یەزدان ژن هێنان و تەڵاق دان
بەلای مەلای گەورەوە پارچەپارچەیی و یەکنەبوونی کوردان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی نادروستی پیاو بەرامبەر ئافرەتان و بەهرەمەند نەبوونی منداڵانی کورد لە دایکایەتی ڕاستەقینەی دایک! واتە دەڵێت گەلی کورد هەتا ستەم لەئافرەت بکەن و مافەکانیان ژێر پێ بخەن هەر پارچە پارچە و ناتەبا دەبن و نابن بەخاوەنی خۆیان ، دەڵێت:
دەرحەق ژنان بێباکن، بۆیە بێداکی چاکن
سەیری حاڵی خۆناکەن، وەک دڕکن لەناو عەردان
بەلای ئەم زاتەوە پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵ و نەوەی دواڕۆژ ڕاستەوخۆ و زیاتر پەیوەندی بە دایکەوە هەیە ئەمەش زیاتر مایەی گەورەیی و بەرزی پلەی ئافرەتە لە بەرامبەر پیاودا !
دەڵێت:
تەربیە لەلای داکە، داک چاک بێ ئەولاد چاکە
باب لە ئەسڵا بێ باکە، فەرقی ناکا چەندان
داک مامۆستای فیکری یە، تەشەککولت لەوی یە
ماددی یا مەعنەوی یە،ڕوشدە یا لەڕێ لادان
کە داکی چاکی نەبی، سێصەد حەدیثی نەبی
چلۆن تەئثیری دەبێ، وەک پف لە پەتک و سندان
بەلایانەوە هەر گەلێک خاوەنی ئافرەتی ئازاد و پێگەیشتوو و خوێندەواربێت ئەوا دەبنە خاوەنی مرۆڤی ئازادیخواز و نیشتمان پەروەر و ڕۆشنبیر!بەڵام هەر گەلێک ئافرەتی دەستبەسەر و کۆیلەکرد ئەوا وڵاتیش هەر دواکەوتوو و داگیر کراو دەبێت بۆیە بەراورد دەکات لە نێوان نەوەی ژنانی چاوکراوە و ماف پێدراو لەگەڵ ژنانی مافخوراو و نەخوێندەوار و ڕونی دەکاتەوە کە منداڵی ژنانی ئازاد کەسایەتی ئازا و مەرد و هۆشیاریان لێ دێتە بەرهەم و لە ژنانی دەستبەسەریش مرۆڤی بەدبەخت و دواکەوتوو و نەخۆش و نەخوێندەوار دروست دەکەن و دەڵێت ئەگەر دەتانەوێ پیاوی نیشتیمان پەروەر و مەردتان تێدا هەڵبکەوێت ئەوا ئازادی ژنانتان بدەن و مافەکانیان زەوت مەکەن !
دەڵێت :
ژن ئەگەر بە حورمەت بێ، بێ زیللەت و زەحمەت بێ
بەتەربیە و ڕەحمەت بێ، دڵ گوشاد و لێو خەندان
کوڕی دەبێ وەکو شێر، عاقڵ و دانا و دلێر
بەدڵ غەنی، بەچاو تێر، سەردار و مەردی مەیدان
ژنێک کە دەربەدەر بێ، دڵ پڕ غەم و کەدەر بێ
ڕەزیل و دەستبەسەربێ، وەک مەحبوس لە نێو زیندان
دەبێ ئەولادی کو بێ، بێ ڕووەت و بێ ڕووبێ
مێشکی وەکو دووبێ، ترسنۆک وەک(….)
زەرد و زەعیف و باریک، گوێگران و چاو تاریک
لووت بە چڵم و دەم بەلیک، سارد و سوک و سەرگەردان
لە کۆتاییدا ئەمە چەند سەرنجێکی خێرا بوو بەناو جیهانە فراوانەکەی مەلای گەورەدا ، لەساڵیادی کۆچی دواییدا خودا پایەی بەرزی دواڕۆژیش بکا بە جێگە و مەقامیان ، هەزاران سڵاو لە هەوڵە زانستی و چاکسازیەکانیان و لە سایەی ڕەحمی خودادا بێت
سەرچاوە :
(ژن لە بیری مەلایەکی کورد پەروەردا)، مەلا ئیدریس ژاڵەیی ، گۆڤاری (گیرفان) ژمارە 10 ساڵی سێیەم، حوزەیرانی 2008 .




