ئەمرۆ 3ی9ی2026 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە میانەی بەشداری لە یازدەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی خانەی فەتوای میسڕ بەناونیشانی: (بەربەستەکانی خێزان لە سایەی گۆڕانکارییە گەورەکان؛ لێکنزیکی فەتوا بۆ پاراستنی خێزان و سەرپەرشتی و پاراستنی ئایندە و ناسنامە) پەیامێکی لە کۆنگرەکەدا پێشکەش کرد.
سەرۆکی یەکێتی زانایان کە بە نوێنەرایەتی زانایانی کوردستان بەشدارەو ئەمرۆ لە دووەم رۆژی کۆنگرەکەدا رایگەیاند: مەلای کورد لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنەوە گرنگییەکی زۆریان بە خێزان داوە، لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی گرنگیی خێزان، هاندانی تاکەکان بۆ پێکهێنانی خێزان و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامی و یەکگرتوویی خێزان.
هەروەها گوتیشی: لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆجیا و ئەو ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتی، بیرکردنەوەیی و ئەخلاقییەی کە لەو پەرەسەندنەوە سەریانهەڵداوە، هەوڵ و تێکۆشانی مەلای کورد بەردەوامە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی خێزان و پاراستنی لە دیاردەکانی لادان و هەڵەڕەوی، هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییە نوێیانەی کە دەکرێت کاریگەری لەسەر ئارامی، یەکگرتوویی و پەیوەندییەکانی خێزان هەبێت.
شایەنی باسە کۆنگرەکە لە ژێر چاوێری سەرۆک کۆماری میسڕ عبدالفتاح سیسی و بە ئامادەبوونی دکتۆر شێخ ئوسامە ئەلئەزهەری وەزیری ئەوقافی میسڕو دکتۆر شێخ نظير محمد عياد موفتی میسڕو بەشداری چەندین سەرکردەو وەزیرو نوێنەرو گەورە زانایانی 80 وڵاتی جیهانی ئیسلامی و موفتی و زانایانی میسڕ لە رۆژانی 2و3ی ئەیلولی 2026 لە وڵاتی میسڕ بەڕێوە چوو، کە تێیدا چەندین توێژینەوە پێشکەش کراو بە چەندین راسپاردە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.




