یادی مەولوود تەنیا هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی کاتی مێژوویی، یان گێڕانەوەی ڕووداوێکی تێپەڕبووی زەمەن نییە؛ بەڵکو هەڵگۆزین و بەئاگاهێنانەوەی مانای “موحەممەد”ە لەناو بازنەی ژیانی ئەمڕۆماندا.
مەولوودی نەبەوی، تەنیا یادکردنەوەی مرۆڤێک نییە کە ئاراستەی مێژووی گۆڕی، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو پەیامەی کە ئاوێزانی بوو بۆ دووبارە دۆزینەوەی ئەو مرۆڤەی کە وەحی ئاسمانی ویستی لەسەر ئەخلاق و ڕێبازی ئەو زاتە پەروەردەی بکات.
هەرکاتێک یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری خودا (سەلامی خودای لەسەر بێت) نزیک دەبێتەوە، پرسیارێک سەرلەنوێ سەرهەڵدەدات و دەگەڕێتەوە ناو بازنەی گفتوگۆ: ئایە ئاهەنگگێڕان لەم یادە چی دەگەیەنێت؟ ئایە مەولوود بکەین یان نا؟ بەڵام پرسیارە قووڵ و بنەڕەتییەکە ئەوە نییە کە “ئایا ئاهەنگ بگێڕین یان نا؟” یان “مەولود بکەین یان نا؟”؛ بەڵکو ئەوەیە: کاتێک بیر لە لەدایکبوونی موحەممەد دەکەینەوە، چی دەبێت لەناخماندا بگۆڕێت؟
جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی هەیە لەنێوان ئەوەی مەولوود وەک تەنیا ژمارەیەک لەڕۆژژمێر ببینین، یان وەک ڕووداوێکی مەزن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا لێی بڕوانین؛ لەنێوان ئەوەی وەک بۆنەیەک تەماشا بکەین کە لەگەڵ کۆتایی ئاهەنگ و کوژانەوەی چرای کۆڕەکان کۆتایی دێت و تەواو دەبێت، یان وەک دەرفەتێک بۆ زیندووکردنەوەی پەیامێک ببینین کە تا ئەمڕۆش توانای دروستکردن، پەروەردەکردن و بونیاتنانی مرۆڤی ڕاست و ڕاستەقینەی هەیە.
موحەممەد هاتە جیهانێکەوە کە “یاسای دارستان” پێوەرو باڵادەست بوو؛ عەسەبییەت و دەمارگیریی هۆزایەتی کۆتوبەندی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوو؛ لاوازەکان نێچیری زۆرداران بوون و بەهای مرۆڤ بە نەژاد و سامان و پێگەکەی دەپێورا. لەم جیهانەدا، سرووش “وەحی” دابەزی تا مرۆڤ لەناوەوە بونیات بنرێتەوە، ناخی پەروەردە بکرێت و کۆمەڵگەش سەرلەنوێ لەسەر بنەمای بەهاو دادو ڕەحمەت دابڕێژرێتەوە.
لێرەوە، قسەکردن لەسەر هاتنەدونیای موحەممەد، تەنیا قسەکردن لەسەر مەزنییەتی ئەو زاتە نییە؛ بەڵکو قسەکردنە لەسەر لەدایکبوونی پەیامێک کە پلەبەندی بەهاکانی گۆڕی؛ شکۆی بۆ مرۆڤ گەڕاندەوە، شوێنی شایستەی بۆ ڕەحمەت و سۆزو بەزەیی دیاری کردو مانای ڕاستەقینەی بەدادپەروەریی بەخشی.
مەولود؛ لە یادەوەرییەوە بۆ مانا، لە ماناوە بۆ ژیان
ئاساییە مسوڵمانان لەسەر حوکمی فیقهیی و شێوازەکانی ئاهەنگگێڕانی مەولوود ڕای جیاوازییان هەبێت؛ بەڵام نابێت ئەم جیاوازییە ببێتە هۆی دووبەرەکیی و لێکترازانی دڵەکان. جیاوازی لەشێوازو هەڵوێستدا نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو بنەمایە سەرەکییەی کە هەموومان لەسەری کۆکین: خۆشەویستی پێغەمبەری خودا، ڕێزلێنانی، بەرزڕاگرتنی ڕێبازەکەی، ناسینی سیرەت و ژیاننامەکەی، دروودو سەلام ناردن بۆ گیانیی و شوێنکەوتنی ڕەوشتیی و ڕێبازەکەی.
ڕێزلێنان و ناسینی ڕاستەقینەی موحەممەد لەوەدا کۆتایی نایەت کە سروودو مەدیحەکان بخوێنین؛ بەڵکو ئەوکاتە دەست پێدەکات کە مرۆڤ لەکۆڕو مەجلیسەکانەوە دەگەڕێتەوەو لەگەڵ دایک و باوکی میهرەبانتر، لەمامەڵەدا ڕاستگۆتر، لەگەڵ نەیاردا دادپەروەرتر، لەگەڵ لاوازدا نەرمترو لە لوتبەرزی دوورتر دەبێت. ئەو کاتەیە مەولوود لەبۆنەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامەی ژیان؛ لەیادەوەرییەکەوە دەبێتە شوێنەوارو لەئاهەنگەوە دەگۆڕێت بۆ ماناو کردار.
موحەممەد و قورئان؛ کاتێک پەیام لەمرۆڤدا بەرجەستە دەبێت
یەکێک لەقووڵترین تێڕامانەکان لەژیانی پێغەمبەر ئەوەیە کە قورئانی پیرۆز ئەوی تەنیا وەک گەیەنەری پەیام پێشکەش نەکرد؛ بەڵکو کردی بەنموونەیەکی زیندوو بۆ بەرجەستەکردنی ڕێنماییەکانی قورئان لەژیان و ڕەفتاردا. کاتێک لەدایکی بڕواداران، عائیشە – ڕەزای خودای لێ بێت – لەسەر ئەخلاقی پێغەمبەر پرسیاری لێکرا، فەرمووی: “ئەخلاقی ئەو، قورئان بوو”. ئەم دەستەواژەیە لەچەند ووشەیەکدا پڕۆژەیەکی تەواوی مرۆیی و شارستانی کورت دەکاتەوە: قورئان کتێبێکە دەخوێندرێتەوە، موحەممەد نموونەیەکە دەبیندرێت؛ قورئان ڕێنیشاندەرو ڕێنمایی دەکات، موحەممەد لەواقیعدا بەرجەستەی دەکات.
لەبەر ئەوە، خۆشەویستی قورئان تەواو نابێت ئەگەر ڕۆح و ئەخلاقی قورئان لەڕەفتارماندا نەبینرێت؛ هەروەها زۆری دروودو سەلام ناردن بۆ پێغەمبەر دەبێت لەمامەڵەو ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە.
کێ موحەممەدی خۆشبوێت، شوێنەوارەکانیشی خۆشدەوێت
خۆشەویستی پێغەمبەر هەستێکی تەنیاو دابڕاو نییە؛ بەڵکو بازنەیەکە دەست پێدەکات و بەردەوام فراوانتر دەبێت.
ئەوەی موحەممەدی خۆشبوێت، دڵی بەمەککەوە دەبەسترێتەوە؛ چونکە شوێنی لەدایکبوونییەتی. مەدینەی خۆشدەوێت؛ چونکە شوێنی کۆچ و ئارامگەی جەستەی پیرۆزییەتی. قورئانی خۆشدەوێت؛ چونکە وەحی ئاسمانی ئەوە. سوننەتی خۆشدەوێت؛ چونکە نەخشەی ژیانییەتیی. زمانی عەرەبی خۆشدەوێت؛ چونکە زمانی پەیامەکەیەتی. هاوەڵان و ئەهلوبەیتی خۆشدەوێت؛ چونکە لەگەڵی بوون، پشتگیرییان کردو ڕێگەکەیان پاراست. لەوێوە خۆشەویستی پێغەمبەر تەنیا هەست و سۆز نییە؛ بەڵکو پردێکە مرۆڤ بەوەحی، سیڕە، مێژوو، شوێن، زمان و بەها ئەخلاقییەکانی پەیامەکەوە دەبەستێتەوە.
لەنێوان شادیی و شوێنکەوتندا
مافی بڕوادارە بەفەزڵ و ڕەحمەتی خودا دڵخۆش بێت؛ هەروەک لەقورئانی پیرۆزدا هاتووە: (قل بفضل اللّٰه وبرحمته فبذلك فليفرحوا) بەڵام شادی ڕاستەقینە تەنیا هاتوهاوارو هەراوزەناو دەرکەوتنێکی ڕووکەشانەو بێ ناوەڕۆک نییە؛ بەڵکو خۆشی پڕمانا ئەوەیە کە مرۆڤ لەو شادییەوە هەنگاوێک بەرەو “شوێنکەوتن” هەڵبگرێت. ڕاستگۆترین کەس لەخۆشەویستیدا، ئەوەیە کە لەئەخلاق و ڕەفتاردا هەوڵبدات لەو زاتە بچێت.
لەبەر ئەوە، نابێت یادی لەدایکبوونی ئەو زاتە بکرێتە گۆڕەپانی ناکۆکیی و ململانێی نێوان مسوڵمانان. ئەوەی پێی وایە ئاهەنگگێڕان بۆ مەولوود دروستە، با لەچوارچێوەی شەرع و ئادابدا بیکات؛ ئەوەش کە پێی وایە پێویست نییە یان لەڕووی فیقهییەوە جائیز نییە، با لێی بگەڕێت، بەبێ ئەوەی بەرامبەرەکەی بریندار، تۆمەتبار یان سوکایەتی پێ بکات. چونکە ئەوەی کۆمان دەکاتەوە، زۆر زیاترو گەورەترە لەوەی جودامان دەکاتەوە: پێغەمبەرێک، قورئانێک، قیبلەیەک و ئامانجێکی هاوبەش. کەواتە بۆچی مەولوود نەکەین بەپرد، لەوەی بیکەین بەدیوار؛ پردێک بۆ نزیککردنەوەی دڵان، نەک دیوارێک بۆ فیتنەو ئافاتی زمان.
لەسەردەمی بێڕێزیکردن بەپێغەمبەری خودا
ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە هەندێک لەهێماو پیرۆزییە ئایینییەکان ڕووبەڕووی بێڕێزی، گاڵتەو پەلاماری جۆراوجۆر دەبنەوە. لەبەر ئەوە، نابێت وەڵاممان تەنیا توڕەییەکی کاتی بێت.
بەهێزترین بەرگری لەنێردراوی خودا ئەوە نییە تەنیا بەهاتوهاوارو دەنگی بەرز ناوی بەرز ڕابگرین؛ بەڵکو ئەوەیە ئەخلاقەکەی لەخۆماندا بەدی بکەین، پەرەی پێ بدەین و بەکردار نیشانی جیهانی بدەین.
با جیهان ببینێت کە بڕوادار لەبازرگانیدا دەستپاکە، لەماڵیدا میهرەبانە، لەگەڵ نەیاردا دادپەروەرە، لەگەڵ لاوازدا بەبەزەییە، لەبەڵێنیدا وەفادارەو لەدەستەڵاتیشدا خۆپارێزو لەخۆبردووە.
ئەوکات موحەممەد تەنیا ناوێک نابێت کە بە ووشە بەرگری لێبکەین؛ بەڵکو دەبێتە بەهایەکی زیندووی مرۆیی کە خەڵک لەڕەفتارو مامەڵەی ڕۆژانەماندا دەیبینن.
مەولوودێک کە ئەمڕۆ پێویستمانە
ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بەجەنگ و ناکۆکیی و ململانێ نییە لەسەر مەولوود؛ بەڵکو پێویستمان بە لەدایکبوونەوەیەکی نوێی ئەخلاق هەیە. پێویستمان بەوە هەیە ڕاستگۆیی، دادپەروەری، بەزەیی و لێبوردەیی لەتاکی بڕوادارو لەکۆمەڵگەی مسوڵماندا سەرهەڵبدەن؛ بەهاگەلێک کە شایستەی ڕێبازی ئەو زاتە بن.
ئەو ئوممەتەی یادی موحەممەد دەکاتەوە، پاشان یەکتری تاوانبار دەکەن و دڵی یەکتر دەشکێنن، پێویستییان بەپێداچوونەوەیەکی قووڵ هەیە لەگوفتارو ڕەفتارییان و بەخوێندنەوەیەکی نوێی “سیڕەت” هەیە؛ خوێندنەوەیەک کە تەنیا زانیاری زیاد نەکات، بەڵکو گۆڕانکاری دروست بکات.
دووای چەند ڕۆژێکی دیکە، مزگەوت و ماڵەکان دەڕازێنەوە، دەنگی دروودو سەلام بۆ پێغەمبەر بەرز دەبێتەوە، سیڕەتەکەی دەخوێندرێتەوەو یادەوەریی لەدایکبوونی لەدڵاندا زیندوو دەبێتەوە.
بەڵام با تەنیا نەپرسین: “چۆن ئاهەنگ بگێڕین؟”
با پرسیارە گەورەکە ئەمە بێت:
“لەپێغەمبەرەوە چی لەناخماندا لەدایک دەبێت؟”
ئایا ڕەحمەت لەدایک دەبێت؟
ئایا لێبوردەیی لەدایک دەبێت؟
ئایا ڕاستگۆیی لەدایک دەبێت؟
ئایا دادپەروەری لەدایک دەبێت؟
ئایا خۆشەویستیی و مرۆڤایەتی لەدایک دەبێت؟
چونکە موحەممەد تەنیا مرۆڤێک نەبوو کە لەمێژوودا لەدایکبوو؛ بەڵکو لەگەڵ ئەو زاتەدا – صەڵات و سەلامی خودای لەسەر بێت – مانایەکی نوێ لەدایکبوو.
کەواتە پێویستە لەمەولوود دا ئەو پرسیارە بکرێت و ئەو پرسە بخرێتە بەرباس:
ئایا موحەممەد لەئەخلاقی ئێمەدا زیندووە؟
ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا مەولوود لەیادەوەرییەوە بووەتە ژیان.




