بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
((وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا))
بە بۆنەی 128 ساڵەی یادی ڕۆژنامەگەری كوردی پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و ميدياكاران و دەزگا رۆژنامەوانیەکان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەرەو پێشچوون بۆ هەموو لایەک دەخوازین.
لەو سۆنگەوە گرنگە ئەو راستیە لای هەمووان روون بێت، کە راگەیاندن و کاری رۆژنامەگەری بەرپرسیارێتی و ئەمانەت و ئەخلاقە، ناکرێ بە شێوەیەکی ناتەندروست و بە مەرام و میزاجی تایبەتی و کەسی مامەڵەی پێوە بکرێت، بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و یاساو رەچاوکردنی بەهاكانەوە بێت، سهقامگيری و پاراستنی ئاشتەوايی كۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵات لەبەرچاو بگرێت.
داوا لە لایەنی پەیوەندارو دەزگاو ناوەندە ئیعلامیەکان دەکەین، وردتر چاودێری رەوشی رۆژنامەگەری بکەن و رێگە نەدەن ئاراستەی راگەیاندن لەرێی بابەت و بەرنامەی نەشیاو و گوماناوی و بریندارکەری هەستی خەڵک بەرەو ئاقاری خراپ و تێکدان و ترازان بچێت، چونکە زۆر جار هەندێ کەناڵ و بەرنامەو رۆژنامەوان بێ رەچاوکردنی بەهای پیشەیی، هەستی هاوڵاتیان بریندار دەکەن و هەموو سنوورێک دەبەزێنن، ئەمەش زیان و مەترسی و کاردانەوەی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت و خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیان ناکات.
ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەبڕین دووپات دەکەینەوە، بەڵام لەسەر حیسابی مومارەسەی نابەجێ و پێشێلکردنی مافی خەڵک و سنووربەزاندن نا، بەڵکو میدیاو راگەیاندنێک بێت لە خزمەت پرسی گشتی و هۆشیاری نەتەوەیی و پاراستنی ئارامی کوردستان بێت.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
22ی4ی2026




