کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەم و شارستانییەتەکاندا پێویستی بە توێژێکی هەبووە، کە بتوانێت ئاراستەی بیر و ئەزمون و دانایی بێت. ئەم توێژە لە زۆربەی کۆمەڵگاكاندا بریتی بووە لە بەساڵاچوان وکەسانی جونەتەمەن، چونکە ئەوان بە هۆی تێپەڕاندنی ماوەیەکی درێژی ژیان و تاقیکردنەوەی ڕووداوە جیاوازەکان چیهان، خاوەنی ئەزمونێکی قوڵ و بیرکردنەوەیەکی پێگەیشتوون.ئاینی ئیسـلام وەک بەرنامەیەکی تەواوی ژیان مرۆڤ ، گرنگییەکی زۆری بە بەساڵاچوان داوە و ئەوانی بە سەرچاوەی دانایی و بەرەکەت و ئارامیی کۆمەڵگە ناساندووە. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، بەساڵاچوو تەنها مرۆڤێکی تەمەندار نییە، بەڵکوو دامەزرێنەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی مێژوو و بەهارابەردووەکان بۆ مرۆڤایەتییەکانی داهاتووداناوە.بەساڵاچوویی لەدیدی ئیسلام دا تەنها بڕی تەمەن نییەبەڵکوو خاوەن ئەزموون، دانایی و بۆ کۆمەڵگا دادەنێت و قۆناغێکی فکری و رەوشتی و کۆمەڵایەتییە کە مرۆڤ لە ئەنجامی ئەزمونی ژیان و تێپەڕاندنی قۆناغە جیاوازەکاندا پێی دەگات.
قورئانی پیرۆز ژیانی مرۆڤ بە قۆناغە جیاوازەکان دابەش دەکات، و بەساڵاچوویی بە قۆناغی تەواوبوونی ئەزمون و هۆشیاری دەزانێت. خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن ضَعْفٍ ثُمَّ جَعَلَ مِن بَعْدِ ضَعْفٍ قُوَّةً ثُمَّ جَعَلَ مِن بَعْدِ قُوَّةٍ ضَعْفًا وَشَيْبَةً﴾ واته: خوا ئەوەیە کە لە لاوازییەوە دروستی کردوون، پاشان دوای لاوازی هێزی پێدان، پاشان دوای هێزیش لاوازی و پیری پێدان.ئەم ئایەتە بە ڕوونی ئاماژە بە گۆڕانکاریی سروشتی ژیان دەکات، و قۆناغی بەساڵاچوویی وەک بەشێکی سروشتی و گرنگی ژیانی مرۆڤ ناساندووەو دەروانێت.
ئیسـلام بە شێوەیەکی ئاشکرا گرنگی بە ڕێزلێگرتن لە بەساڵاچوان داوە. فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا ﷺ بنەمایەکی سەرەکی و گرنگی کۆمەڵایەتیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم توێژە داناوە.
پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: «لَيْسَ مِنَّا مَنْ لَمْ يَرْحَمْ صَغِيرَنَا وَيُوَقِّرْ كَبِيرَنَا» واته: ئەوە لە ئێمە نییە کە بەزەیی بە بچووکەکاندا نەهێنێت و ڕێز لە گەورەکان نەگرێت.
ئەم فەرموودەیە ڕێزلێگرتن لە بەساڵاچوان بەشێک لە ناسنامەی رەوەشتی مرۆڤایتی دەکات.
لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە:«البركة مع أكابركم»بەرەکەت لەگەڵ گەورەکانتانە.
ئەم وتەیە واتایەکی قوڵی کۆمەڵایەتی هەیە؛ واتە کۆمەڵگەیەک کە بەساڵاچوانی خۆی بپارێزێت، بەرەکەت و ئارامی و دانایی خۆی پاراستووە لەزموونی ژیانی.یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بەساڵاچوان، خاوەنبوونی ئەزمونی ژیانە. زانیاری و خوێندن گرنگن، بەڵام ئەزمون بریتییە لە تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکانی ژیان و فێربوون لە ڕووداوەکان.لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەساڵاچوان بە “خەزێنەی یادەوەریی کۆمەڵایەتی” ناسێنراون، چونکە ئەوان دەتوانن:مێژووی کۆمەڵگە بگوازنەوە،بەهاکانی کۆمەڵگە بپارێزن،چارەسەری کێشەکان لە ئەنجامی ئەزمونیانەوە بدۆزنەوە.کۆمەڵگەیەک کە پەیوەندیی نێوان نەوەکان لەدەست بدات، زۆرجار تووشی لاوازیی بیر و ناسنامە دەبێت، چونکە ئەزمونی پێشوو بۆ نەوەی نوێ ناگوازرێتەوە.
بەساڵاچوان ڕۆڵێکی گرنگیان لە دامرکاندنەوەی ناکۆکی و پاراستنی ئارامیی کۆمەڵایەتی هەیە. لە زۆر کۆمەڵگەدا، بەساڵاچوان سەرچاوەی حیکمەت و ڕاوێژ بوون، و خەڵک بۆ چارەسەری ملمـلانێ و کێشەکان پەنایان بۆیان بردووە.
لە ڕوانگەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیدا، مرۆڤی بەساڵاچوو زۆرجارئارامترە لە بڕیاردان،کەمتر تووشی هەڵچوون دەبێت توانای لێکدانەوەی قوڵتری هەیە.ئەم تایبەتمەندییانە وای لێدەکات ببێتە هۆکاری هاوسەنگیی خێزان و کۆمەڵگە.
ئیسـلامیش بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەم ڕۆڵەی پشتڕاست کردووەتەوە. پێغەمبەری خوا ﷺ زۆرجار ڕاوێژی لەگەڵ هاوەڵانی تەمەندار دەکرد، و سوودی لە ئەزمونەکانیان وەردەگرت.
ئەم کەسانە بە هۆی دانایی و ئەزمونیان توانیتیان کاریگەرییەکی گەورە لە بنیاتنانی دەوڵەت هەبێت.
لە ئیسلامد اپەروەردە تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو بنیاتنانی مرۆڤە. بەساڵاچوان لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتیان هەیە.
دایک و باوک و باپیر و داپیر بە هۆی ئەزمون و میهرەبانییانەوە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر: هەستی بەرپرسیارێتی لە منداڵاندا بچەسپێنن، بەها رەوەشتەجوانەکان بگوازنەوە بۆنەوەی داهاتوو، زۆرێک لە توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو منداڵانەی پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ باپیر و داپیر هەیە، زۆرجار ئارامتر و هاوسەنگترن لە ڕووی دەروونییەوە لەوانەی کەدوورن لەپەیوەندی لەگەل بەساڵاجووان.لە سەردەمی ئێستادا، گۆڕانکارییە خێرا کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەکان کاریگەرییان لە پەیوەندیی نێوان نەوەکان کردووە. بەهۆی خێرایی ژیان و زاڵبوونی بیرکردنەوەی جیاواز دورلەبەهای مرۆڤایەتی، هەندێک جار بەساڵاچوان تووشی پشتگوێخستن و تەنهایی دەبن.لە هەندێک کۆمەڵگەدا، بەهای مرۆڤ بە توانا لاشەیی و بەرهەمهێنان پێوانە دەکرێت، و ئەمەش وای کردووە هەندێک بەساڵاچوو هەست بە بێسوودبوون بکات.
بەڵام ئیسلام ئەم بیرکردنەوەیە ڕەتدەکاتەوە و بەساڵاچوو بە سەرمایەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەزانێت.لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، پاراستنی ماف وڕێزگرتنی بەساڵاچوان ئەرکێکی دینی و مرۆییە.
بە تایبەت لەکاتی قسەکردن لەگەڵیان بە نەرمی لە کاتی لاوازی و نەخۆشیدا و بەشداریپێکردنیان لە بڕیاردان و چارەسەری کێشەکان.نەهێشتنی هەستی تەنهایی و پشتگوێخستن.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە بەساڵاچوان لە دیدی ئیسلامدا ئەزمونترین و داناترین چینی کۆمەڵگەن. ئەوان تەنها توێژێکی تەمەندار نین، بەڵکوو دامەزرێنەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، پارێزەری بەها مرۆڤایەتییەکان، و سەرچاوەی ئارامی و بەرەکەتن.ئیسـلام بە شێوەیەکی ڕوون فێری ئێمە دەکات کە ڕێزیان بگرین، گوێ لە ئامۆژگارییەکانیان بگرین، و سوود لە ئەزمونەکانیان وەربگرین. هەر کۆمەڵگەیەک بتوانێت پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان گەنجان و بەساڵاچوان دروست بکات، دەتوانێت ناسنامە و هاوسەنگی و پێشکەوتنی خۆی بپارێزێت.بەساڵاچوان مێژووی زیندووی کۆمەڵگەن.ئەوان چرای ڕێنماییی نەوەکانن و بوونیان هۆشیاری و دانایییە بۆ هەموو کۆمەڵگە.




