پەروەردەو هونەری قسەکردن لە تێڕوانینی ئیسلامدا

 

 

پەروەردەی قسەکردن لە ئیسلامدا یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی پەیوەندییە مرۆییەکان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست، ئارام و یەکگرتوو پێکەوە ژیانە. زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری و بیرۆکەکان، بەڵکوو یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی دەربڕینی کەسایەتی، رەوشت، هۆشیاری و ئاستی پەروەردەی تاک. وشەکان دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر هەست و هۆشیاری مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن؛ بۆیە شێوازی بەکارهێنانی زمان و هەڵبژاردنی وشەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، قسەکردن بەشێکە لە ڕەفتار و رەوشتی مرۆڤ و لە چوارچێوەی بەرپرسیارییەتیی تاک بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگادا هەڵدەسەنگێنرێت. قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ بنەما و ڕێنمایییەکی ڕوونیان بۆ شێوازی قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک داناوە. لەوانەش ئەوەیە کە مرۆڤ لە قسەکردندا ڕاستگۆ، دادپەروەر، نەرم و ڕێزدار بێت و لە هەر وشەیەک دووربکەوێتەوە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن، ناکۆکی و تێکدانی پەیوەندییەکان نیوکۆمەڵگا.

لە ئیسلامدا ڕفتار تەنها بە کردارە دیارەکان سنووردار نییە، بەڵکوو وشە و شێوازی قسەکردنیش بەشێکی گرنگی ڕفتاری مرۆڤ پێکدەهێنێت. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا﴾«لەگەڵ خەڵک بە جوانی قسە بکەن.»ئەم ئایەتە بنەمایەکی گشتی بۆ پەیوەندیی مرۆڤەکان دادەنێت؛ چونکە فەرمان بە قسەکردنی جوان لەگەڵ خەڵک، نیشانەی ئەوەیە کە زمان دەبێت ئامرازێک بێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست و مرۆیی، نەک هۆکارێک بۆ شکاندنی کەرامەت و متمانەی کەسانی تر.لە هەمان کاتدا، قسەی جوان تەنها بە وشەی خۆش سنووردار نییە، بەڵکوو ڕێزگرتن لە بەرامبەر، نەرمونیانی، دوورکەوتنەوە لە سووکایەتی، هەڵبژاردنی وشەی گونجاو و ڕەچاوکردنی بارودۆخی ووڵات ونیشتیمان وکەسی بەرامبەر.یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ڕفتاری قسەکردن لە ئیسلامدا، هەستیاری و بەرپرسیارییە لە بەرامبەر هەر وشەیەک کە مرۆڤ دەیڵێت.

پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی:«مَنْ كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ فَلْيَقُلْ خَيْرًا أَوْ لِيَصْمُتْ»«ئەوەی باوەڕی بە خوای گەورە و ڕۆژی دوایی هەیە، با قسەی چاک بکات یان بێدەنگ بێت.»ئەم فەرموودەیە بنەمایەکی گرنگی بەرپرسیاریی ڕفتار لە قسەکردندا دیاری دەکات. واتە مرۆڤ نابێت هەر بیرۆکە و وشەیەک بەبێ هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە دەرببڕێت، بەڵکوو پێویستە پێش قسەکردن لە خۆی بپرسێت: ئایا ئەم قسەیە دەروستە؟ یان سوودی هەیە؟ ئایا کەسێک لەو قسەیە زیان دەبینێت؟ و ئایا ئەم کات و شوێنە بۆ گوتنی ئەو قسەیە گونجاوە؟بەم شێوەیە، بێدەنگی لە کاتی نەبوونی قسەی بەسووددا دەبێتە بەشێک لە ڕفتاری قسەکردن، چونکە ئامانج تەنها زۆر قسەکردن نییە، بەڵکوو قسەی بەسوود و بەرپرسیارانەیە.

قسەی چاک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ناوەخۆی و کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕێت. کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگا لە گفتوگۆکاندا ڕێز، ئارامی و نەرمونیانی بەکاردهێنن، ئاستی متمانە و هاوکاری لەنێوانیاندا بەرز دەبێتەوە.لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوەش، پەیوەندیی دروست لە نێوان تاکەکان بنەمایەکی گرنگی دروستبوونی متمانەی کۆمەڵایەتییە. گفتوگۆی ئارام و ڕێزدار دەرفەت بۆ تێگەیشتن لەبیرو راجیاوازییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە دابین دەکات.بۆیە دەتوانرێت بڵێین قسەی چاک تەنها کاریگەرییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە بەرامبەر قسەی چاکدا، قسەی خراپ دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگا دابنێت. جنێودان، سووکایەتی، درۆ، غیبەت، بوختان، گاڵتەکردنی ناشیرین و هاندانی ناکۆکی، هەموویان دەتوانن متمانە لاواز بکەن و پەیوەندییە مرۆییەکان بخەنە مەترسییەوە.قورئانی پیرۆز بە ڕوونی ئاگاداری لە هەندێک شێوازی قسەکردنی زیانبەخش دەکات. خوای گەورە دەفەرموێت:﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَىٰ أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ﴾

ئەم ڕێنماییە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پاراستنی کەسایەتی مرۆڤ و دوورکەوتنەوە لە سووکایەتی و گاڵتەکردن بە کەسانی تر. هەروەها قورئان لە غیبەت و بدگومانیش ئاگادار دەکاتەوە: ﴿وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا﴾ئەم بنەمایانە پیشان دەدەن کە ئیسلام قسەکردن بە بابەتێکی تاکەکەسی نازانێت، بەڵکوو بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی ڕێزی مرۆڤەوە پەیوەستە.لە هەر کۆمەڵگایەکدا جیاوازیی بیرکردنەوە و بۆچوون هەیە و ئەمەش شتێکی سروشتییە. بەڵام جیاوازیی بۆچوون نابێت ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییە مرۆییەکان. لێرەدا ڕەوەشتی گفتوگۆ و شێوازی قسەکردن ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت.گفتوگۆی دروست پێویستی بە گوێگرتن، تێگەیشتن، ئارامی، ڕێزگرتن لە بۆچوونی بەرامبەر و دوورکەوتنەوە لە تووڕەیی و سووکایەتی هەیە.

ئەگەر تاکەکان بتوانن جیاوازییەکانیان لە چوارچێوەی گفتوگۆی رەوەشت و ڕێزداردا چارەسەر بکەن، زۆرێک لە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە کەم بکرێنەوە.خێزان یەکەمین ژینگەیە کە منداڵ تێیدا شێوازی قسەکردن و مامەڵەکردن فێر دەبێت. بۆیە شێوازی گفتوگۆی دایک و باوک لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ منداڵەکان کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر پەروەردەی زمانی و ڕفتاری منداڵ دادەنێت.

ئەگەر ژینگەی خێزان لەسەر ڕێز، گوێگرتن، گفتوگۆ و نەرمونیانی دامەزرابێت، منداڵیش ئەم شێوازە وەک نموونەیەکی ڕەفتاری وەردەگرێت. بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانی وشەی توند، سووکایەتی و جنێودان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر شێوازی پەیوەندیکردنی منداڵ دابنێت.

پێویستە پەروەردە و ڕەوەشتی قسەکردن ببێتە بەشێکی گرنگی هەموو تاکیکی کۆمەڵگا وخێزان وقوتابخانەکان، چونکە دروستکردنی کۆمەڵگا تەنها بە یاسا و دامەزراوەکان ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە تاکێکی بەرپرسیار هەیە کە بزانێت چی بڵێت، چۆن بیڵێت و کەی بیڵێت..

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

پەیامێک