مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان: “کە نیشتمان نەبوو،  ئایین پارێزراو نابێت”

 

مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامە لەكوردستان و ، یەكێكە لە زانا دیارەكانی ئیسلام لەسەر ئاستی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر پەیوەندی نێوان ئایین و نیشتمانپەرەری و رۆڵی ئایین بۆ پتەوكردنی پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەم دیمانەیەدا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

  • مەلا و زانای ئاینی کوردستان بە درێژایی مێژوو نەک هەر ڕێبەرێکی ئاینی بوون، لێرە و لەوێ ڕووناکبیری حزبی نەتەوەیی بوون. چۆن دەڕوانیتە ئەو پەیوەندییەی نێوان ئیمان و خۆشەویستی نیشتمان؟
  • بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان. لە کولتووری کوردەواریدا و لە تێگەیشتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە، وتەیەکی زۆر دروست و پڕ لە حیکمەت هەیە، دەڵێن پەروەردگار مرۆڤی بۆ پەرستنی خۆی خولقاندووە، چونکە ئەگەر مرۆڤ یان بەندە نەبێت، کێ خوا دەپەرستێت؟ بێگومان مرۆڤیش بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، هەمیشە پێویستی بە جێگە و شوێنێکی گونجاو هەیە.

ئەگەر مرۆڤ شوێنێکی ئارامی نەبێت تێیدا نیشتەجێ ببێت، چۆن دەتوانێت بە ئاسوودەیی خواپەرستی بکات؟ کەواتە کاتێک نیشتمانت نەبوو، بێگومان ئاینەکەشت پارێزراو نابێت. نیشتمان بۆ عیبادەت، بۆ ژیان و بۆ بەردەوامبوونی مرۆڤ پێویستییەکی سەرەکییە. هەر بۆیە زانایانی ئاینی لە دێرزەمانەوە هەمیشە وتەی ناسراوی “خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوەیە” بەرز دەنرخێنن، هەرچەندە ئەمە فەرموودە نییە بەڵام وتەیەکی زۆر جوان و مانادارە، چونکە ئەگەر نیشتمان نەبێت، بوار بۆ پاراستنی ئایین و دینداری نامێنێتەوە.

کاتێک پێغەمبەری خوا (د.خ) بە ناچاری لە مەککەی موکەڕەمە کۆچی کرد، لە کاتی دەرچوونیدا کە حەزرەتی ئەبووبەکری لەگەڵدا بوو، ڕووی کردەوە مەککە و فەرمووی: “بە خودا، تۆ خۆشەویستترین زەوی و وڵاتیت لەلای من، ئەگەر گەلەکەم لێرە دەریان نەکردبام، هەرگیز تۆم بەجێ نەدەهێشت.” بێگومان ئەم گوتەیەش بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لەسەر ئەو خۆشەویستییە قووڵەی کە پێغەمبەر (د.خ) بۆ نیشتمانی خۆی هەیبووە.

  • یەکگرتنی میحراب و سەنگەر لە ڕێگەی زانایانی ئاینی لە شۆڕشەکانی کوردستاندا، چی پەیامێکی گرنگ بۆ نەوەی ئێستا دەگەیەنێت؟
  • لە مێژووی شۆڕش و خەباتەکانی گەلی کورددا لە دێر زەمانەوە، مەبەستم لێرەدا پیاهەڵدان و مەدحکردنی چینێکی تایبەتی زانایانی ئایانی ئیسلام نییە، بەڵام زۆربەی ئەو سەرکردانەی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەکانیان کردووە، یان خۆیان مەلا و پیاوی ئایینی بوون، یاخود لە بنەماڵەیەکی شێخ و کەسایەتییە ناسراوە ئایینییەکان بوون. بۆ نموونە، ئەگەر سەیری مێژووی ڕابردوو بکەین، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، قازی محەمەد، مەلا ئیدریس، سەید ڕەزا، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمودی حەفید، مەلا مستەفا بارزانی، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، و تەنانەت مام جەلالیش کە لە بنەماڵەیەکی شێخایەتی و ئایینپەروەر بووە.

پێشەوایەتیکردنی ئەم شۆڕشانە لەلایەن شێخ و مەلایانەوە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە ئەوان داکۆکیکردن لە خاک و نەتەوەیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە بیروباوەڕی ئایینیی خۆیان زانیوە. چونکە کاتێک مرۆڤ خاک و نیشتمانی لەژێر دەستدا نەبێت و خاوەنی ئازادیی خۆی نەبێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست خزمەتی ئایینەکەی بکات.

  • ئەم پەیامەش لە ڕابردووەوە دەستبەدەست هاتووە تا گەیشتووەتە دەست ئێمەی نەوەی نوێ. ئێستاش پەیامی پیرۆزی میحراب و مینبەر لەگەڵ پەیامی نیشتمانپەروەریدا تەواوکەری یەکترین، چونکە خەباتکردن بۆ ئایین بەبێ پاراستنی نیشتمان و نەتەوە، مانا و بەهایەکی ڕاستەقینەی نابێت، و بەهەمان شێوە، کارکردن بۆ نیشتمانیش بەبێ بەها ئایینییەکان، مەترسی و لادانێکی گەورە دروست دەکات.
  • بنەما شەرعی و ئەخلاقییەکانی ڕەتکردنەوەی ستەم و دکتاتۆریی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە لایەن زانا و مامۆستایانی ئاینییەوە، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و چۆن پێناسە دەکرێت؟
  • ئەم بابەتە بەشێکە لە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، چونکە پەیام و ئامانجی ئاینی ئێمە ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی زوڵم و چەوسانەوە. ئەگەر سەیری سیرەی پێغەمبەر (د.خ) بکەین، پێش دەرکەوتنی ئیسلام غەدر و ستەمێکی یەکجار زۆر لە خەڵک دەکرا، بەتایبەتی لە مافی ئافرەتان، هەژاران، کۆیلەکان و توێژە بێدەسەڵاتەکان، بێدادگەرییەکی بێئەندازە لەو سەردەمەدا باڵادەست بوو. بۆیە ئیسلام هات تا یەکسانی و دادپەروەری لەنێوان سەرجەم موسڵمانان و مرۆڤایەتیدا بچەسپێنێت.

لەم سۆنگەیەوە، مامۆستایانی ئاینیش کە هەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزەن، بە پشت بەستن بە دەقەکانی قورئان و فەرموودە، کتێب و سوننەت، فەرمانمان پێ دەکەن کە نابێت لە بەرامبەر زوڵمدا بێدەنگ بین، چونکە ستەمکردن هێڵی سوورە. خوای پەروەردگار ڕوونمان بۆ دەکاتەوە و دەفەرموێت: “ولا تحسبن الله غافلاً عما يعمل الظالمون إنما يؤخرهم ليوم تشخص فيه الأبصار”، واتە: وا بڕوا مەکەن خودا بێئاگایە لە کار و ڕەفتاری ستەمکاران، بەڵکو مۆڵەتی داونەتێ بۆ ڕۆژێک کە چاوەکانی تێدا زەق دەبنەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات.

بەم شێوەیە، زانایانی ئاینی دەیان ئایەت و فەرموودەی لەم چەشنەیان لەبەردەستە کە دژی ستەمکاری دەوەستنەوە،کەواتە مامۆستای ئاینی ئەرکی سەرشانیەتی و ناچارە کە ئەگەر لە شوێنێکدا زوڵم لە نەتەوەیەک، یان تەنانەت لە هاووڵاتی و تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگە کرا، دەنگی ناڕەزایەتی دەرببڕێت و بێدەنگ نەبێت، چونکە بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر ” د.خ” : “الساكت عن الحق شيطان أخرس” (ئەوەی لە ئاست حەقدا بێدەنگ بێت، شەیتانێکی لاڵە). لەبەر ئەوە، نابێت لە بەرامبەر هیچ جۆرە پێشێلکاری و ستەمێکدا بێدەنگ بین، بەڵکو پێویستە لە بەرامبەر هەر زوڵمێکدا هەڵوێستی ڕوونمان هەبێت.

  • ڕۆڵی مێژوویی حوجرەکان چی بوو لە پاراستنی زمانی کوردی، گەشەکردنی بیرکردنەوەی نەتەوەیی و پێگەیاندنی سەرکردە و ڕێبەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا؟
  • پەنجا بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستانی خۆماندا، هیچ کام لەو دەزگا و ناوەندە ئەکادیمیانەی وەک قوتابخانە، پەیمانگا و زانکۆکان بوونیان نەبوو. ئەوەی کە تاکەکانی کۆمەڵگەی لە ڕووی فیکری، ئایینی و خوێندەوارییەوە پێدەگەیاند، تەنیا حوجرەکان بوون. لە ڕاستیدا حوجرە بە تەنیا ڕۆڵی مەدرەسە، قوتابخانە، پەیمانگا و زانکۆکانی ئێستای دەگێڕا، بە جۆرێک کە دەکرێت بڵێین وەک ئەزهەری میسر بوو لە کوردستاندا. ئەو کەسایەتییە دیار، خاوەن فەزڵ و ناودارانەی کە پێگەیشتن و لە مێژوودا ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو، دەرچووی هیچ زانکۆ و کۆلێژێک نەبوون، بەڵکو هەموویان لە حوجرەکاندا فێربوون و گەورە بوون. کەواتە حوجرە ڕۆڵێکی بنەڕەتیی هەبوو لە لایەک بۆ پێگەیاندنی زانایانی گەورەی ئایینی، و لە لایەکی ترەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر بنەماکانی نیشتمانپەروەری، تەبایی، برایەتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، هەرچییەک کە خەڵک لە ئەو سەردەمەدا فێری دەبوو، سەرچاوەکەی حوجرە بوو. لە ڕاستیدا حوجرە گەورەترین دەزگای پەروەردەیی بوو، ئێستاش سەرەڕای هەبوونی چەندین ناوەندی فێرکاریی جیاواز، بەبێ زیادەڕۆیی دەتوانین بڵێین سەرجەم دەزگاکانی ئەمڕۆ بە هەموو تواناكانیانەوە ناتوانن بە قەدەر ئەو حوجرە تاک و سادانەی ڕابردوو، ئەو هەموو خزمەتە گەورەیە پێشکەش بە کۆمەڵگەکەمان بکەن.

سەبارەت بە پاراستنی زمانی کوردی بیگومان ئەم لایەنە  قەرزاری هەوڵی مێژوویی مەلا، فەقێ و ئەدیبانی پێشەنگە. لە سەردەمێکدا کە نووسین بەم زمانە باو نەبوو، شاعیرانی وەک نالی، مەحوی، مەولەوی و گۆران بە کوردییان نووسی. هاوکات، مەلای گەورەی کۆیە بە تەفسیرکردنی قورئانی پیرۆز بە کوردی، بەربەستە باوەکانی ئەو سەردەمەی شکاند. جگە لەمەش، شاعیرانی نیشتمانپەروەری وەک بێکەس و قانع لە ڕێگەی شیعرەکانیانەوە داکۆکییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردی کرد. ڕوانگەی پێشوەختە و قووڵی ئەوان لە سەدەی ڕابردوودا، بنەمای سەرەکی بوو بۆ هێشتنەوە و مانەوەی زمانی کوردی لە ئێستادا.

  • تا چەند یەکڕیزیی زانایانی ئاینی بۆ یەکپارچەیی چوار پارچەکەی کوردستان گرنگە، و چۆن ئەم یەکگرتووییە دەکرێتە هەوێنێک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی تەواوی خاکی نیشتمانەکەمان لە داهاتوودا؟
  • گەلی کورد لە بنەڕەتدا یەکپارچە بووە، هەموومان دەزانین دابەشکردنی کوردستان بەپێی ڕێککەوتننامە کۆنەکان چۆن بووە و پێویست ناکات بچینە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام بێگومان دابەشکردنی کورد بەسەر چەند دەوڵەتێکدا ستەمێکی گەورە بوو کە لەم میللەتە کرا. ئەم دابەشکارییە زوڵمێکی ئاشکرا بوو، بۆیە ئەرکە لەسەرمان بە هەموو شێوازێک هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵە مێژووییە بدەین.

ڕاستکردنەوەش بەوە دەست پێدەکات کە سەرەتا هاونیشتمانیانی خۆمان هۆشیار بکەینەوە لەوەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا) یەک نەتەوەی یەکگرتوو بووە. تەنانەت لە ڕووی ئاینییشەوە زۆرینەی ڕەهای کوردان هاوڕا بوون و لەسەر مەزهەبی شافعی و ڕێبازی ئەهلی سوننە کۆببوونەوە. بەڵام بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا، لایەنی ئاینییش زیانی بەرکەوت و جیاوازیی تێدا دروستبوو، بۆ نموونە بەشێک بوونە شیعە و بەشێکی تر چوونە سەر مەزهەبی تر. ئەگەر ئەو دابەشکارییە سیاسییە نەبووایە، گەلی کورد لە ڕووی نەتەوەیی و ئاینییەوە بە تەواوی یەکگرتوو و هاودەنگ دەبوو.

بۆیە ئێستا پێویستە مامۆستایانی ئاینی لە هەر چوار پارچەکە هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوانیاندا دروست بکەن لە وتار، بڕیار و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیدا بۆ ڕێگریکردن لە پەرتەوازەیی. با گریمان دەوڵەتانیش هەوڵ بدەن نەوەکانی ئێمە بە شێوازی جیاواز پەروەردە بکەن، بەڵام ئەوە کاری ئێمە نییە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە جەخت بکەینەوە کە هەموومان کورد و موسڵمان و ڕۆڵەی یەک کوردستانین، و پێویستە لە هەر چوار پارچەکەدا کار بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتوویی ئەم میللەتە بکەین.

  • ڕۆڵی مێژوویی مامۆستایانی ئاینی لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە کاتە سەختەکاندا، چی بووە و چۆن کاریگەری دروست کردووە؟
  • وەک ئاشکرایە لە قۆناغی پێش ڕاپەڕین و بەرلە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاتێک سەیری کۆمەڵگەکەمان دەکەین، دەبینین هیچ کام لەو دامەزراوە مۆدێرن و فەرمییانەی ئێستا بوونیان نەبوو. ئەو کاتە نە لایەنە سیاسییەکان مەکتەبی کۆمەڵایەتییان هەبوو، نە ڕێکخراوی تایبەت بە کاروباری ئافرەتان یان پیاوان هەبوون کە لەسەر بنەمای ئاشتەوایی کار بکەن. سەرەڕای نەبوونی ئەم دەزگایانە و بوونی چەندین ئاستەنگ لە کوردستان، خەڵک لە ناو خۆیاندا زۆر تەبا، یەکگرتوو و پێبەندبوون بە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی. ئەگەر بپرسین هۆکاری سەرەکیی پاراستنی ئەم ئاشتییە کۆمەڵایەتییە کێ بوو؟ بێگومان لە پلەی یەکەمدا مامۆستایانی ئاینی (مەلاکان) بوون لە گوندەکاندا. من کە خۆم لە گوند مەلایەتیم کردووە و لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکە بووم، دەزانم ئەگەر لە نێوان دوو منداڵ، دوو پیاو یان تەنانەت دوو ژندا کێشەیەک دروست ببوایە، هەر ئەو شەوە خەڵکی گوندەکە دەهاتن و دەیانگوت مامۆستا فڵانە کێشە ڕوویداوە. یەکسەر مەلاکە پێش دەکەوت، لایەنە ناکۆکەکانی لە لای خۆی کۆدەکردەوە، ئاشتی دەکردن و کۆتایی بە کێشەکە دەهێنا، بەبێ ئەوەی پێویستی بە حکومەت، پۆلیس یان دادگا هەبێت. بە ڕاستی من شایەدی ئەوە بووم کە هەندێک کێشە لەسەر دەستی مەلاکان تەنها لە یەک شەودا چارەسەر دەکران، لە کاتێکدا ئێستا ئەگەر هەموو دەزگا کۆمەڵایەتییەکان، پۆلیس و دادگاکانیش هەوڵ بدەن، بە چەندین مانگ چارەسەر نابن.
  • چۆن ڕۆڵی مێژوویی زانایانی ئاینیی کورد لە بەرگریکردن لە ماف و کەرامەتی ئافرەتان بە فەتوای سەردەمیانە هەڵدەسەنگێنن؟
  • بێگومان، پرسی ڕێزگرتن لە ئافرەت لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بابەتێکی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە، چونکە مێژوو شاهیدی ئەوە دەدات کە چۆن پێگەی ژنی بەرز کردووەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک جار بە ناهەق غەدر لە ئیسلام دەکرێت و هەندێک کەس وا بانگەشە دەکەن کە ئیسلام کۆنەپەرستە و مافی پێویستی بە ئافرەت نەداوە. ئەوان نموونەی وەک پرسی میرات و باڵادەستیی پیاو دەهێننەوە، بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی پێش هاتنی ئیسلام بکەین، بەتایبەت لە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا، دەبینین ژنان بە چ شێوازێکی دڕندانە دەچەوسێنرانەوە. ژن لەو سەردەمەدا هیچ مافێکی ژیانی نەبوو و وەک کاڵا مامەڵەی پێوە دەکرا، بەجۆرێک پیاوان بەبێ سنوور ژنیان دەهێنا و بازرگانییان پێوە دەکردن. ئاینی پیرۆزی ئیسلام هات و هاوسەنگی و دادپەروەریی لە نێوان هەردوولادا دروست کرد. سروشتییە کە لە هەندێک تایبەتمەندیدا جیاوازی هەبێت، چونکە نەک پیاو دەتوانێت وەک ژن بێت و نەک ژنیش وەک پیاو، بەڵام مافە مرۆییەکانی بە یەکسانی بۆ ڕێکخستوون. قورئانی پیرۆز لە چەندین ئایەتدا فەرمان دەکات کە گوزەران و مامەڵەتان لەگەڵ ژناندا زۆر چاک و تەبا بێت. تەنانەت بۆ پیشاندانی ئەم ڕێزە، سوورەتێکی گەورە بە ناوی “النساء” هەیە، لە کاتێکدا هیچ سوورەتێک بە ناوی پیاوانەوە نییە. لێرەوە دیارە کە ئیسلام بەهێزترین بەرگریی لە مافی ئافرەت کردووە و ئەم بەهایانەش بەهۆی پارێزراوی و نەگۆڕیی دەقی قورئانەوە بۆ هەمیشە بە بەردەوامی دەمێننەوە.
  • چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵی ئێستای مامۆستایانی ئایینی دەکەن لە پاراستنی گەنجان و ڕێگریکردن لە دزەکردنی فیکری توندڕەوی بۆ ناو کۆمەڵگە؟
  • ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بنەڕەتدا ئایینی میانڕەوی و لێبوردەییە، چونکە خوای پەروەردگار بەو شێوازە فەرمانمان پێ دەکات و دەفەرموێت: “ادعوا ربكم تضرعاً وخفية إنه لا يحب المعتدين”، هەروەها لە شوێنێکی تری قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: “ادع إلى سبيل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة وجادلهم بالتي هي أحسن”. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە خودا فەرمانمان پێ دەکات بانگەوازی خەڵک بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەوپەڕی دانایی، عەقڵانییەت و ئامۆژگاریی جوان بکەین، تەنانەت ئەگەر گفتوگۆ و موناقەشەش لەگەڵ نەیاراندا بکەین، پێویستە بە شێوازێکی شایستە بێت نەک بە توندوتیژی و هێزی چەک، ئەمەیە جەوهەری پەیامی ئیسلام.

کەواتە تەنانەت ئەگەر بەرانبەرەکەت دژبەریش بێت، ئیسلام هەرگیز لەگەڵ کوشتن و توندوتیژیدا نییە، بەڵکو هاندەرە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت، لێی نزیک ببیتەوە، خاڵی هاوبەش بدۆزیتەوە و بگەیتە ڕێککەوتن، چونکە ئیسلام هەمیشە لەگەڵ میانڕەویدایە.

لە لایەکی ترەوە، لە سەردەمی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە کوردستانی خۆماندا زۆر دیار بوو، بە شێوەیەک ئەو کەسانی توندڕەو لە شارەکانی وەک دهۆک، هەولێر و سلێمانی زۆر کەم و پەنجەژمار بوون، لە کاتێکدا لە شوێنەکانی تری وەک ناوەڕاست و باشووری عێراق توندڕەوییەکی زۆر بەدی دەکرا. هۆکاری ئەمەش بۆ هەوڵی ماندوونەناسانەی مامۆستایانی ئایینی ئێمە دەگەڕێتەوە کە فیکری چەوتی تیرۆیستانی داعشیان بۆ هاووڵاتیان ڕوون کردەوە و پێیان ڕاگەیاندن کە ئەو ڕەفتارانە پەیامی پاکی ئیسلام نین و ئەم ئایینە لە کوشتن و توندوتیژی دوورە، بەمەش توانیان گەنجەکانمان لە کەوتنە ناو ئەو داوە مەترسیدارە بپارێزن.

 

  • تا چەند مینبەری مزگەوتەکانی کوردستان ڕۆڵی ئەرێنییان هەبووە لە پاراستنی گیانی پێکەوەژیان و داکۆکیکردن لە مافی پەیڕەوانی ئاینە جیاوازەکانی تر؟
  • کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کوردستاندا، تا ڕادەیەکی زۆر قەرزاری هەوڵی مامۆستایانی ئاینییە کە توانیویانە حەقیقەتی ئەم بابەتە بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکەنەوە. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ئاین و پێکهاتەی جیاوازی وەک مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی و ئەوانی تری تێدا کۆبووەتەوە. مێژووی ئەم تەباییە لە کوردستاندا ئەوەندە ڕەگداکوتاو و سروشتی بووە، کە پێم وایە پێویست بە دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی ناکات. بۆ نموونە لە هەولێر، ناوچەی عەنکاوەی مەسیحی و گەڕەکە موسڵمانەکان لە مێژوویەکی دێرینەوە بێ هیچ کێشەیەک لە تەنیشت یەک ژیاون و . پەیوەندیمان لەگەڵ ئاینەکانی تر هەمیشە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بووە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ئەرێنیی مامۆستایانی ئاینییە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکدا.
  • پەیامتان چییە بۆ گەنجان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی مەترسیداری بیری توندڕەوی؟
  • ئەم پەیامە بە پلەی یەکەم ئاراستەی توێژی گەنجان دەکرێت، چونکە ئەوان هێزی داهاتوون و بەرپرسیارێتیی پاراستنی نیشتمان و بەهاکان دەکەوێتە سەر شانیان. جیلی پێشوو بناغەکەی داناوە و ئێستا ئەرکی گەنجانە ئەم پڕۆسەیە تەواو بکەن.

پێویستە گەنجان چوار چەمکی بنەڕەتی لێک دانەبڕن: ئایین وەک سەرچاوەی ئەخلاق و ڕەوشتی بەرز، نیشتمانپەروەری وەک بەشێکی گرنگی ناسنامە، داکۆکیکردن لە نەتەوایەتی بەبێ ڕەگەزپەرستی، و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیان و ئاسایش. پێویستە گەنجان بە سنگفراوانییەوە ئەم ئەرکە مێژووییە هەڵبگرن و کار بۆ ئیدارەدانێکی دروست بکەن، چونکە ئایندەی وڵات بە تەواوی لەسەر هۆشیاری، تەبایی و دڵسۆزیی ئەوان بنیاد دەنرێت.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری (گوڵان) ئەنجام دراوەو لێرە بڵاوی دەکەینەوە.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

دكتۆر لوقمان جامیعی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا: شایەدی ئەوە...