یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەری پێشەوامان محمد (درودی خوای لەسەر بێت)، لە سەردەمی ئێستاماندا وەک “نەریتێکی کۆمەڵایەتیی چاک” (العرف الحسن) تەماشا دەکرێت. مرۆڤی ژیر و دانا (العاقل اللبیب) و زانایانی گەورەی ئێمە باش دەزانن کە ئەنجامدانی کارێکی خێر، بە هۆی نیەتی پاکەوە خۆبەخۆ دەگۆڕێت بۆ پەرستش (عباده) و دەبێتە هۆی نووسینی حەسەنات .لێرەدا مەبەست لە پەرستش واتایەکی گشتگیرە (المفهوم الشمولی)، نەک بەو واتایەی کە شتێکی نوێ یان بیدعەیەک بە زۆرەملێ زیاد بکرێتە سەر ڕوکن و بنەما جێگیرەکانی ئیسلام، چونکە پەرستشە ئەسڵییەکان دەستکاری ناکرێن، بەڵکو مەبەست گۆڕینی عادەتە بۆ عیبادەت لە ڕێگەی مەبەست و نیەتی چاکەوە (الأمور بمقاصدها).
ئەم نەریت و عورفە، ڕەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە لە ناو گەلی کورددا؛ گەلێک کە بە درێژایی مێژوو بە عەشق و خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر (د.خ) و ئەهلی بەیتی ناسراوە. کاتێک ئیسلام هات، چەندین حوکمی فقهی خۆی لەسەر بنەمای ئەو عورف و نەریتە باوانە دامەزراند کە دژی دەقە شەرعییەکان نەبوون. لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە فەرمان بە گرتنەبەری عورف دەکات و دەفەرموێت: ﴿خُذ الْعَفْۆ ۆأْمُرْ بِالْعُرْفِ واعرض عَنِ الْجَاهِلِینَ﴾ (الأعراف: ١٩٩)، واتە: لێبوردە بە و فەرمان بە نەریتی چاک و ناسراو بکە). هەروەها لە فەرموودەی هاوەڵی پێغەمبەر عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود (ڕەزای خوای لێبێت) هاتووە کە دەفەرموێت: “مَا راه الْمُسْلِمُونَ حَسَنًا فَهُۆ عِنْدَ اللهِ حَسَنٌ” (ئەوەی موسڵمانان بە چاکی بزانن، لە لای خوای گەورەش چاکە). زانایانی ئسوڵیش بنەمایەکی گەورەیان داناوە کە دەڵێت: “العاده مُحكَّمه” (نەریت دەکرێتە سەرچاوەی حوکم)، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ هێشتنەوەی نەریتە جوانەکان.
له ڕوانگەی مێژووییەوە، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ نووسینی گەورە مێژوونووسانی جێگەی متمانەی وەک “مەقریزی” و “قەلقەشەندی”، دەبینین کە ئەوان هەرگیز دژایەتی یادی مەولودیان نەکردووە و ئینکاریان لێ نەکردووە، بەڵکو تەنها وەک ئەمانەتێکی مێژوویی باسی ئەسڵ و سەرەتای سەرهەڵدانیان کردووە لە سەردەمی خۆیدا لە ڕابردوودا و لە کاتە دێرینەکاندا، کۆکردنەوەی موسڵمانان کارێکی زۆر قورس بوو و تەنها لە ڕۆژانی هەینیدا دەرفەتی کۆبوونەوە هەبوو، بۆیە زانا و سەرکردەکان یادی مەولودیان کردە کات و دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری یەکتر و ناساندنی زیاتری سیرەی حەزرەت( د.خ).
ئەم یادە لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا، هۆکارێکی کاریگەر بوو بۆ یەکخستنی ڕیزەکان و گەیاندنی پەیامی ئیسلام. لە کاتی هێرشی دوژمناندا، سەرکردە گەورەکانی وەک “مەلیک موزەفەر” لە هەولێر، ئەم یادەیان کردە قەڵایەکی پتەو و سەدێکی مەنێع بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران ئەوان مەولودیان وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گەل، هۆشیارکردنەوەیان، و ئامادەکردنی موسڵمانان بۆ بەرگریکردن لە خاک و پیرۆزییەکانیان.
بەڵام لێرەدا دەبێت خاڵێکی زۆر گرنگ ڕوونبکرێتەوە: چونکە کارەکان بە پێی مەبەستەکانیانن (الأمور بمقاصدها)، دروست نییە ئەم یادە لەلایەن هەر کەسێکەوە (هەر کێ و دێ) بە بێسەروبەری بەڕێوەبچێت یان بقۆزرێتەوە. بۆ نموونە؛ ناکرێت مەولود بکرێتە بۆنەیەک تەنها بۆ میوانداریکردنی دەوڵەمەندەکان و بەرپرسەکان، یان بکرێتە هۆی تێکەڵاوبوونی نەشیاو و نادروست لە بازاڕەکاندا، یان لەوەش خراپتر، بکرێتە ئامرازێکی عەنادی (سەرسەختی) بۆ تۆڵەسەندنەوە و دژایەتیکردنی ئەوانەی کە باوەڕیان بەم یادە نییە. مەولود جێگەی پێشبڕکێی سیاسی و کینە نییە، بەڵکو جێگەی نواندنی ڕەوشتی بەرزە.
لە سەردەمی هاوچەرخی ئێستاماندا، پێویستە ئەم یادە مەزنە ڕێکبخرێتەوە بە شێوازێک کە هاوتای ئەو یادە یان ئەو نەریتە جوانە بێت. ئەمەش بەوە دەبێت کە لایەنە فەرمییەکان و دامەزراوە ئایینییە فەرمییەکان سەرپەرشتی کۆنترۆڵکردنی بکەن، بۆ ئەوەی هەموو ئەو تەمومژ، داهێنراو و شتە نامۆیانەی (الشوائب) کە بە تێپەڕبوونی کات وەک شتی نادروست تێکەڵی بوون، لێی پاکبکرێنەوە. بەم شێوازە ڕێکخراوە، مەولود دەبێتە وێستگەیەکی پاکی پەروەردەیی بۆ فێربوونی ڕەوشتی پێغەمبەر (د.خ)، مراجەعەکردنی دەروون، و پاراستنی یەکڕیزی و ئاشتی کۆمەڵگە.




