یادی ڕووناکی مەولود وەک ئامرازێکی بێدارکردنەوەی کۆمەڵگە

 

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان

خودای گەورە دەفەرموێت:﴿ولَقَدْ أَرْسَلْنَا مُوسَىٰ بِآيَاتِنَا أَنْ أَخْرِجْ قَوْمَكَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَذَكِّرْهُم بِأَيَّامِ اللَّهِ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّكُلِّ صَبَّارٍ شَكُورٍ﴾. سورة إبراهیم الآیة:5.

ئەم ئایەتە پیرۆزە بنەمایەکی ئەخلاقی و پەروەردەیی زۆر بەرز لەخۆدەگرێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی مرۆڤ لە بەرامبەر نیعمەتەکانی پەروەردگار.

سەرنج بدەن لەو پەیامەی پەروەردگارکە دەفەموێت:﴿وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا مُوسَىٰ بِآيَاتِنَا أَنْ أَخْرِجْ قَوْمَكَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ﴾: پەروەردگار ئاماژە بە ناردنی حەزرەتی موسا (علیە السلام) دەکات بە بەڵگە و موعجیزەوە، بۆ ئەوەی قەومەکەی لە تاریکی جەهل و ستەمکاری و بێباوەڕی دەریانبهێنێت بەرەو ڕووناكیی ئیمان ودادپەروەری و زانست.

﴿وَذَكِّرْهُم بِأَيَّامِ اللَّهِ﴾ بڕواننکاتێک ناوی ڕۆژەکان(أیام) پەیوەست دەکرێت بە ناوی پیرۆزی زاتی الله جلّ جلاله  (إضافة تشريف وتعظيم)، مەبەست لێی تەنها ڕەوتی ئاسایی شەو و ڕۆژ نییە، بەڵکو مەبەست لەوکاتە تایبەتانەیە، کە بەخششێکی گەورەی خواﷻ تێدا هاتووەتە خوارێ و مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕیوە.

یادکردنەوەی ئەم ڕۆژانە تەنها خوڵقاندنی بیرکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ کۆکردنەوەی بیر و هۆشی خەڵکی لەسەر بەها پیرۆزەکان.

سەرنج بدەن لە ئایەتەکەدا ئەگەر ڕزگاربوونی نەتەوەیەک لە ژێر دەستی فرعەون ببێتە (یوم من أيام الله)کە شایەنی شادمانی و سوپاسگوزاری بێت، بەو پێیەی حەزرەتی موسی (علیە السلام) نەوەی ئیسرائیلی لە کۆیلایەتیی جەستەیی ڕزگارکرد، بەڵام پێغەمبەری سەروەرمان(صلی الله علیە وسلم) مرۆڤایەتی لە کۆیلایەتیی هزری ئەخلاقی و شوێنکەوتنی کوێرانە و جەهل ڕزگار کرد و بە خەڵکی گوت: مێشکتان بەکاربهێنن، بیر بکەنەوە، لە بەردێک مەترسن خۆتان تاشیووتانە،  بەوەش توانیمێشک و ڕۆحی مرۆڤ لەوبەندەییە ئازاد بکات.

بەپێی دەقی قورئانی ﴿وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ﴾، لەدایکبوونی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بەخشینێکە نەک تەنها بۆ قەوم و گەلێک، بەڵکو بۆ گشت جیهانییانە هەتا دنیا دنیایە.

کەوابوو: ئەو ڕۆژەی ئەم بەخشینە ئیلاهییەی تێدا هاتە ئاراوە، لە سەرووی لیستی (أيام الله)جێگیر دەبێت.

بێگومان مەسەلەی ئاهەنگکردن  و خۆشی دەربڕین لە مەولوددا تەنها نەریتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بنەمایەکی بڕواپێکراوی شەرعی و ئەخلاقیی لەپشتە: بنەمای (الفرح بالرحمة)، قورئان دەفەرموێت: ﴿قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَٰلِكِ فَلْيَفْرَحُوا﴾. دەربڕینی خۆشی لە بەرامبەر ڕەحمەتی ئیلاهی فەرمانێکی ڕاستەوخۆیە.

خودی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) ڕەحمەتە، زاناو فوقەهاکانیش دەڵێن : دەرخستنی شادمانی و دڵخۆشبوون بە ڕەحمەتە پەرستش و سوپاسگوزارییە.

ئاشکرایە لە سایەی جەنجاڵییەکانی ژیانی ئەم سەردەمەدا پەیوەندییەکان سست و لاوازبوون، سازدانی یادی مەولود دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیاتر خۆشوستنی یەکتر و ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە ڕەوشتی بەرزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).

مەولودکردنی شەرعی بەو پێیەی ئاماژەمان پێیکرد، ڕێڕەوێکە بۆ بەرزبوونەوەی ڕۆح و زیندوبوونەوەی عیشقی پەروەردگارو خۆشویستنی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم).

بیرمان نەچێت ئایەتەکە لەیەک کاتدا دوو ڕەوشتی پەسەندکراو کۆدەکاتەوە، ئارامگری لەسەر سەختییەکان و سوپاسگوزاری لەسەر بەخشینەکان.

یادکردنەوەی مەولود و ئاهەنگ گێران بەو بۆنە پیرۆزە، یەکێکە لەو ڕۆژە پرشنگدارانەی پەروەردگار، کە لە ئایەتەکە فەرمانی پێکردووە، وە بیری خۆمان و نەوەکانی بهێنینەوە، خۆشی دەربرینە کە بریتییە: لە بەخشین و دانانی سفرەوخوان و خوێندنەوەی سیرەی سەروەرمان پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم)، ئەوەیش ڕاستەوخۆ بەدیهێنانی سیفەتی (شَكُور)ە، بەو مەرجەی ئەو جۆرە بۆنەو ئاهەنگانە دووربن لە تێکەڵاوی و سەرپێچیکاری و شتی ناشەرعی.

وآخردعوانا أن الحمد لله رب العالمین.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

چۆن سیرەی پێغەمبەر ﷺ بکەینە پردێک بۆ یەکخستنی صۆفی...