مەولود وەک بەشێک لە کەلتووری دینیی کوردەواری و بۆنەیەک بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر(دخ)

هیچ ئایینێک لە بۆشاییدا درێژە بە ژیانی خۆی نادات بەڵکوو تێکەڵ بە کەلتوور و فەرهەنگی میللەتان دەبێت. کاتێک تێکەڵ بە ڕەوتی مێژوو کەلتووریش دەبێت،  فۆرمی نوێی دەربڕینی هەست و نیشاندانی ناسنامە و زمانی دینی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و دێنە کایەوە. ئاین هەرگیز عەقیدەیەکی وشک ڕووت و دابڕاو لە ژیان و هەست و نەست و خورپە و خەم و ترس و هیوای مرۆڤەکان نەبووە و نابێت، هەر ئایینێکیش نەبێت بە بەشێک لە کەلتوور و فەرهەنگی ژیانی ڕۆژانەی  میللەتێك، بە تەواوەتی ڕەگ و ڕیشە داناکوتێت و ژیان بە ڕەنگی خۆی ڕەنگ ناکات. کاتێک ئایین تێکەڵ بە کەلتووریش دەبێت لە چەندین ئاستدا کاریگەری بەجێ دێڵێت و خۆشی

کاریگەر دەبێت، کاریگەری ئایین لەسەر کەلتوور بە چەندین شێوە دەردەکەوێت لەوانەش، ڕەنگ و بۆدانی ئیسلامی بەبەشێك، لەو کەلتووری هەیە، لاوازکردنی هەندێ ڕەگەزی کەلتووری و لەگەڵ ڕەگەزی نوێ بەخشین بە کەلتووری میللەتەکە، کە دەبێتە کەلتووری دینی ئەو میللەتە.

مەولوودیش کە لە ڕووی مێژووییەوە لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و  دواتر بەجیهانی ئیسلامییدا بڵاو بۆتەوە، هەروەها هەولێر پایتەختی مەولوودی جیهانیە،  بەشێکە لە کولتووری دینی ئێمە و پێویستە لەم چوار چێوەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەربۆیە لەجەوهەردا پەیوەندی بە (عەقیدە) و (بیدعە) و (عیبادەت)ەوە نییە و حوکمی شیعر و ئەدەبیاتی هەیە، چەمکی (حەرام)یشی بە سەردا ناچەسبێت، بە حوکمی ئەوەی خەڵک وەک بۆنەیەک بۆ دەربڕینی هەستی شانازی کردن و خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر(دخ) مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن نەک عیبادەت. هەر کاتێک وترا هەر کەسێک نانی مەولوودێک ئامادە بکات خودا گوناهی ئەوەندە ساڵەی لەکۆڵ دەکاتەوە، ئەمە دەبێتە ئیشکالییەت  وپێویستە رێگەی پێ نەدرێت ونەهێڵرێت دیدی لەوجۆرە تێکەڵ بە فەزای نورینی بۆ نەکە ببێت، یاخود وترا هەر موسڵمانێک بەشداری

مەراسیمی یادی مەولوود نەکات گوناهبارە و خوا سزای دەدات یاخود پێغەمبەر(دخ) لە قیامەتدا یەخەی دەگرێت و دەبێتە خەنیمی،  پێویستە رەتبکرێتەوەو دەبێت راستبکرێتەوە.

پەیوەندی بە عەقیدەشەوە نییە، چونکە  لەم بۆنەدا هیچ سیفەتێکی خوداوەندانە هاوشێوەی هەندێ عەقیدەی دینی تر نادرێتە پاڵ پێغەمبەر(دخ)، تابکرێتە بیانوو بۆ رەتکردنەوەی بۆنەکە بەناوی پاکێتی عەقیدەوە. ئەگەر خەرافەتێك لێرەو لەوێ لەسۆنگەی جەهلەوە جێگەی خۆی کردەوە وهەستی پێکرا  دیاسانەوە دەبێت روونکردنەوە بدرێت، ئەمەش لەئێستای قۆناغی دوای عەوامییەت و نەخوێندەواری زۆربەی موسوڵمانان و کۆمەڵگەدا زۆرکەم بۆتەوە.  بەکورتی، مەولود بۆنەیەکی ئیسلامی دینیی بەدەق دیاریکراو نییە وبەعیبادەت لەقەڵەم نادرێت تابوترێت شتێك بێ دەق وبەڵگە  بۆ دین زیادکراوە، بەڵکو بۆنەیەکی کەلتوریی ئیسلامیی دینیی موسوڵمانانە دەچێتە بواری سوننەی حەسەنەوە کەیەکێ دەستپێشخەری دەکات و دایدەهێنێت ودواتر خەڵك چاوی لێدەکەن و شوێنی دەکەون لەوسۆنگەوە کە  لەخزمەتی گشتیدایە ، عیبادەتێك زیادوکەم ناکرێت یاخود دانانرێت،  خوێندنەوەیەکی کەلامی نوێش بۆ دیاردەی پێغەمبەرایەتی یاخود کەسی پێغەمبەر ناکرێت تا تەرازووی عەقیدە بهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی،  بەڵکو سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دڵبەندییەکی ڕۆحی وئەخلاقی زۆرتر بەوزاتەوە.

مادام وەک کەلتوور و بۆنەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لەسەر ئاستی دەربڕینی هەست سەیری دەکرێت،  هیچ کێشەیەك لەرووی عیبادیی و عەقیدەییەوە بۆ کەس دروست ناکات، بەڵکو لەئێستادا سوودی لێ وەردەگیرێت، بۆ ناسنامە سازی دینی و زیاتر ئامادەکردنەوەی پێغەمبەر لەژیان و هەست و نەستی تاکەکان وکۆمەڵگەدا،حوکمی فیقهی لەدەرەوەی موباحەوەی لەسەر بینا ناکرێت. هەر بۆیە پێویست ناکات هەموو ساڵێک  هەندێ کەس لە ناوەندە دینییەکەی کوردستاندا،  بەباسی بیدعەوحەرامبوونی بۆنەکە سەرودڵی موسوڵمانی کوردەواری، مەڵبەندی باوەرو ئەوین وعیرفان و خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر(دخ) بگرن، کەشوهەوای ئەم یادە ئیسلامییە کەلتوورییە کوردییە لە خەڵک تێک بدەن و نەهێڵن پشوویەکی ڕۆحی تێدا بدەن.

یادەکەش لەموسوڵمانانی قەدرگرانی کوردستان و سەرجەم موسوڵمانانی جیهان پیرۆزبێت.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

چۆن سیرەی پێغەمبەر ﷺ بکەینە پردێک بۆ یەکخستنی صۆفی...