چۆن سیرەی پێغەمبەر ﷺ بکەینە پردێک بۆ یەکخستنی صۆفی و سەلەفی

 

الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی آلە وصحبە وەمن والاە

چۆنیەتی چاره‌سه‌ركردن و که‌مکردنه‌وه‌‌ی ناکۆکی و ئاڵۆزی و گرژی نێوان صۆفی و سه‌له‌فییه‌کان سه‌باره‌ت به يادی لەدایکبوونی پێغەمبەرﷺ (مولود)، پێویستی به لێکتێگەیشتن و گەڕانەوە هەیە بۆ سیرەی پێغەمبەرﷺ.

پێویستە موسڵمانان چاک لەو بنەما بنەڕەتییە بگەن، کە خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دووبەرەیە لەسەر (خۆشویستنی پێغەمبەرﷺ) نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی دەربڕین و دەستنیشانکردنی کاتەکەیەتی.

سۆفییەکان بە ئەسڵێکی گشتیی خۆشەویستی و شادومانی دەزانن، و سەلەفییەکانیش لەبەر نەبوونی بەڵگەی شەرعی تایبەت، نە لە قورئان وە نە لە سوننەتی ڕاستودروستی پێغەمبەرﷺ، لەسەر دیاریکردنی ئەو یادکردنەوەیە بە (بدعة)ە، بەداهێنان لە دین دەزانن، ئەویش بەلایانەوە هێڵی سوورە.

بۆ چارەسەری ئەم گرفتە پێویستە ئەو دووبەرەیە بگەڕێنەوە بۆ سیرەی پێغەمبەرﷺ ئایا هاوشێوەی ئەو کێشەیە لە نێوان هاوەڵانیدا(صحابەکان) ڕوویداوە،لەوسەردەمە پێغەمبەرﷺچۆن چارەسەریکردووە، باشترین نموونە: باسکردنی نوێژی عەسرە لە بەنی (قریظة)، کاتێک پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هاوەڵانی نارد بۆ سەر بەنی (قریظة)، پێیفەرمون: (لا يُصَلِّيَنَّ أحَدٌ العَصرَ إلَّا في بَني قُرَيظةَ….).

كتێبی(صحیح البخاري بشرح فتح الباري:7/508رقم الحدیث4119 كتاب المغازي- باب، مرجع النبي من الأحزاب ومخرجە إلی بني قریظة، ومحاصرتهم إیاهم).

ئاشکرایە تێگەیشتنی سەحابەکان بۆ ئەم دەقە دوو ئاراستەی فیقهی لێکەوتەوە: یەکەم: مانای دەقەکە وەکو خۆی: بەشێک لەو سەحابانە پابەندی دەقەکە بوون، نوێژەکەیان دواخست هەتا گەیشتنە بەنی (قریظة)، دوای ڕۆژئاوابوون نوێەکەیان کرد.

ئاڕاستەی دووەم: پابەندبوون بە ڕۆحی فەرمانەکەی پێغەمبەرەوەﷺ ئەوان تەنها مەبەست و ئامانجیان ئەوە بوو بگەنە بەنی(قریظة) بەو پێیەی مەبەستی پێغەمبەرﷺ هاندانی سەحابەکان بوو بۆ ئەوەی خێرا بکەن، لە جێبەجێکردنی فەرمانەکەی نەک دواخستنی نوێژی عەسر، بۆیە لە ڕێگادا نوێژیان کرد، لەبەر ترسی بەسەرچوونی کاتی نوێژەکە.

کاتێک هەردوو لایەن ڕووداوەکەیان گێڕایەوە بۆ پێغەمبەرﷺ هیچ یەکێ لەو دوو بەرەیەی سەرزەنشت نەکرد، بەڵکو هەردوو دیدگای بە دروست زانی، چونکە هەردووکیان لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ئیجتیهادی خۆیان ئەو فەرمانەیان بەجێگەیاند.

بێگومان ئەم بەسەرهاتە، بە بنەمایەکی بنەڕەتی و بەردی بناغەی فیقهی ئیسلامی دادەنرێت سەبارەت بە قبوڵکردنی جیاوازی بیروڕای ڕێگەپێدراو.

کەوابوو: ئەو دووبەرەیە تەنها و تەنها مەبەستیان جێبەجێکردن و گەیشتن بوو بەو ئامانجە، کە پێغەمبەرﷺ فەرمانی پێکرد، جیاوازییان تەنها لە شێوازی تێڕوانین بوو،بەرەیەک لایەنگری دەق بوو وەکو خۆی، ئەوی تریان لایەنگری کات بوو.

ئەم ڕووداوە گرنگە لە سیرەی پێغەمبەرﷺ پێمان دەڵێت:  هەرچەندێک ڕاو بۆچوونی فیقهی زۆربێت، خزمەت بە موسڵمانان دەکات بەو بەمەرجەی ڕازو نیازەکان پاک و بێگەردو ڕاستگۆ بن.

کەوابوو: ئەگەر جیاوازی بیروڕا لەسەر بنەمای ئیجتیهادی دروست بێت، نابێت یەکێک بە هەڵە بزانرێت و ئەوی تر بە ڕاست، پێغەمبەرﷺ کە سەرزەنشتی نەکردن، ڕاوبۆچوونی، هەردوو لایانی بە تەواو دانا ئارامی و بەرگەگرتن  و قبوڵکردنی یەکتر و جیاوازی ڕای فێری سەحابەکان کرد.

لەو دیدگەیەوە پێویستە سۆفییەکان و سەلەفییەکان هەردوو لایان پەندو عیبرەت لەو ڕووداوەی سەحابەکان وەربگرن، چیتر یادکردنەوەی مەولود و ئاهەنگ گێران بەو بۆنەیەوە، یان نەگێرانی ئاهەنگ و یادنەکردنەوەی ئەو بۆنەیە، بە کێشەو گرفت نەزانن، چونکە هەردوو لایان مەبەستیان خۆشویستنی پێغەمبەرەﷺ.

خودایە دڵەکان یەکبخەیت و دیدارمان بە حوسنی جەمالی خۆت و پێغەمبەرەکەت ﷺ شاد بکەیت.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

ئایا “موحەممەد” لە ویژدانماندا زیندووە؟ کاتێک یادەوەری دەبێتە مانا...