یەکێتیی زانایان بۆچی ولەپێناوی چی دامەزرێندرا؟

لەدوای 56 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەردەستی ڕێبەری زاناو کاریزمی کورد جەنابی مەلا مستەفای بارزانی، هەنگاوێکی گرنگ و لەجێگەی خۆیدابووە، لەکاتێکدا ناوچەکە لەهەموو ڕوویەکەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوەو، ئەو باروودۆخەی کە هاتۆتە پێشەوە زۆر جیاواز بووە لەڕابردوو، بە حوکمی ئەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەمیشە ئایینیان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارهێناوە و پەنایان بردۆتە بەر دەقەکانی ئایین و زانایانی ئایینی بۆ ڕەواج دان بەهەنگاوو پلانەکانی خۆیان.

نەدەکرا لەژێرسایەو سەرکردایەتی شۆڕشی کوردا زانایانی ئایینی کوردستانیش لەچوارچێوەی ڕێکخراوێکی تۆکمە لەلایەک بۆ بەرگری لەخۆیان و مافەکانیان و لەلایەکی دیکەش بۆ پارێزگاری لەئایین کەدوژمن نەتوانێ بەئارەزووی خۆی بەکاری بهێنێت و بە لێبڕاوانە پێشمەرگەئاسا چەمکێک بۆ شۆڕش و بەرخودانی گەلی کورد بگیرێت، کەئەمەش تەنها بەزانایانی ئایینی دەکرا، ئەوەی کەجێگەی دڵخۆشی گەلی کورد بووە بەگشتی و زانایانی ئایینی و مەلاو سەیدای کورد بەتایبەتی ڕێبەری درێژترین شۆڕشی کورد لەخۆیان بووەو ڕۆژانێک حوجرەو مزگەوت و وانە شەرعیەکانی خوێندووە، کە ناکرێت لەم ساتەدا هاوکارو دەستبارگری نەبن، ئەگەرچی باشوری کوردستان لەو سەردەمەدا خاوەنی دەزگای فەرمی حوکومداری وەکو حکومەت و پاڕلەمان نەبووە، بەڵام سەرکردایەتی کورد لەئاڕاستەکردنی چین و توێژەکانی کوردستان دا بەشێوەی دەوڵەت مامەڵەی کردووە، ئەگەر پرسیار بکەین بۆچی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان؟ وەڵامەکەی ڕوونە لەبەر چەسپاندنی کەسایەتی زانایانی کوردستان لەناوەو دەرەوە، بۆ نموونە جەنابی بارزانی شاندی زانایانی کوردی ناردووە بۆ سعودیە لەسەردەمی پاشا خالد، ئەم سەردانە ڕوونترین وەڵامە کە ئەو بابەتەی پێویست بووە بە پاشای سعودیە بوترێ تەنها بەزانایانی ئایینی کراوە، جگە لەسەردانی زانایان بۆ کۆنگرەکان لەبەغداو، وتوێژی گرنگ و هەندێ جارلەسەر مافی کوردیش یان جیابوونەوەی کورد لەعێراق ناکۆکی دروست بووەو زانایانی کورد بەتوندی بەرپەرچیان داونەتەوە.

لەسەرئاستی ناوخۆش بوونی یەکێتی زانایان گرنگ بووە کە لە هەموو شارو شارۆچکەیەک قازی شۆڕش بووە، کەتوانیویەتی کێشە ئایینی و کۆمەڵایەتی و بازرگانیەکان چارەسەرو یەکلابکاتەوە، لەڕووی شەرعیەت دان بەبزاڤی سیاسی و شۆڕش و گیانفیداییش، خەڵکی کوردستان چاوی لەفەتوای زانایانی خۆیان بووە، چونکە دەرەنجامەکانی شۆڕش شەهیدبوون و کوشتنی بەرانبەرو وێران بوونی لێدەکەوێتەوە، هەموو ئەمانەش لەبیروباوەڕی خەڵکیدا ئەبێ پشتگیرێکی شەرعی هەبێ، کە چەسپاندن و ڕەوایی پێدانیان بەبێ فەتوای زانایانی کورد نەکراوە، تەنانەت لەدوای نسکۆی شۆڕش یەکێتیی زانایان بوون و مانەوەی گرنگی خۆی هەبووە، لەهوشیارکردنەوەی خەڵکی و باسی ئارامی و خۆڕاگری لەبەرانبەر نەهامەتیەکان و بەهێزکردنی گیانی بەرگری لەخاک و خەڵک ونیشتمان، تەنانەت لەو پێناوەشدا یەکێتیی زانایان شەهیدی داوە، جگە لەڕۆڵی بەرچاویان لەپەیوەندی لەگەڵ ناوەندە ئایینیەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، لەهەمووی گرنگتر پارێزگاری کردن لەئیسلامی کوردی، وای خواستووە کە یەکێتیی زانایان بوونی هەبێت، یان باشتربڵێیین بۆ پارێزگاری کردن لەچۆنیەتی دینداری ڕاستەقینەی کورد کەسانێک بیروو فیکرەی موعەلەب و هاوردەکراو نەهێننە کوردستانەوە، کە لە لایەک لەبیروباوەڕو مەزهەبی خەڵکی کوردستان بدەن، لەلایەکی تریشەوە بەقازانجی دوژمنانی کورد خەڵکی لەبەرگریکردن لەکوردستان سارد بکەنەوە.

کەواتە دامەزراندنی یەکێتیی زانایان لە بەر پارێزگاری لەشوناسی دینداری کوردو چۆنیەتی ئایینداری کوردبووە، لەساڵی 16ی کۆچیەوە تا ئەمڕۆ مەلاو زانای کورد لەپێشخستنی کایەی ڕوناکبیری و کۆزانی ئەم گەلەدا پێشەنگ بوون ،چۆنیەتی ئیجتیهادو وەرگرتنی یاسا شەرعیەکان بەهەوانتە نەبووە، لەحوکمە شەرعیەکاندا پابەندی پێشەوا شافیعی بوون و لەبیروباوەڕیشدا لەسەر ڕێڕەوی پێشەوا ئەشعەری، ئەم یەکبوونە کۆنکرێتییە لەسەر ئەم دوو ڕێڕەوە سەدان ساڵ تاکو ئەمڕۆش بەردەوامی هەبوەو هەیە، بۆتە بەشێک لەکیانی گەلی کورد، یان باشتربڵێیین هێڵی دیاریکراوو چۆنیەتی دینداری گەلی کوردە، هەرئەم ڕاستیەگرنگەش بوو کەچەندجارێک جەنابی سەرۆک مسعودبارزانی جەختی لەسەرکردەوە کە مەزهەبمان شافیعییە، کەواتە لەپێناو نەسڕینەوەی چۆنیەتی دینداری گەلی کورد گرنگە یەکێتیی زانایان هەبێ و گرنگی پێبدرێ، ناکرێ ڕێگە بدرێ بەهەر ناوو شێوازێکی دیکە دەستوەردان لەچۆنیەتی دینداری گەلی کوردبکرێ، ناکرێ تێگەیشتنی وڵاتێکی دیکە بۆ دین و ژین وەکو خۆی بەکۆپی کراوی لەوڵاتی ئێمە جێبەجێ بکرێ، بەڵکو بەڕێزگرتن لەمێژووی سەدان ساڵەی زانایانی کورد کەهەموو شتێکیان بۆ ڕوون کردووینەتەوە لەسەرهەمان پڕۆگرام بڕۆین، کە خۆشبەختانە لە ئێستاشدا یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەرهەمان نەهج و بەرنامەیەو لیژنە فەتواکانی بۆن وبەرامی ئەو فەتواو دیندارییە ڕەسەن وخۆماڵیەی مەلاکانی کوردستانی لێدێ، کەلەیەک کاتدا پەیامی دینداری ڕاستەقینەو ئاشتی وئارامی وپێکەوەژیان چەمکی نەگۆڕی نێو بازنەی بیرکردنەوەی یەکێتیی زانایانەز

لەئێستاشدا یەکێتیی زانایان لەتەک هەموو دامەزراوە ئایینیەکانی عێراق و ناوچەکە لەپەیوەندییەکی توندوتۆڵ دایەو لەهەر پرسێکی گرنگدا بانگهێشتکردنی یەکێتیی زانایان و حسابکردن بۆ سەرنج و تێبینییەکانی سەنگ و گرنگی ئەم ڕێکخراوە دەسەلمێنێ، لەڕووی بەرژەوەندی ئایینیشەوە تەنها یەکێتیی زانایان وەکو خۆی ماوەتەوەو لەهەنگاوو پەیامەکانیدا هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی کەسی بەدیناکرێت، هەر بۆیە لەیادی 56ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان خوازیارین گرنگی زیاتر بەم ڕێکخراوە بە ئەزموونە بدرێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر بە زانایانی ئایینی و شوێنکەوتوانی پەیامی ئاشتی وبرایەتی.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

ئەهلی دڵ و ئەهلی زانست: تەواوکەری یەکترن، نەک ڕکابەر...