گەرانەوە بۆ جەوهەری عەمرە، لە خۆدەرخستنەوە بۆ ئیخڵاس

 

پەروەردگار دەفەرموێت:﴿وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ…. ﴾. سورة البقرة الآیة:196.

هەر عیبادەت و کارو کردەوەیەکی چاک ئامانج لێی زاتی (لِلَّهِﷻ)نەبێت، لای پەروەردگار قبوڵ نییە.

ئایەتەکە ڕاستەوخۆ وە بیرمان دێنێتەوە، حەج و عەمرە عیبادەتن، نەک دەرفەتێک بۆ دەرخستن و بەدەستهێنانی پلە و پێگەی کۆمەڵایەتی، لە کاتی بەستنی ئیحرامەوە تا دوا هەنگاوی تەواف و سەعی، دەبێت دڵ تەنها پەیوەست بێت بە خاوەنی ماڵەکەوە کە (رب العالمین)ە، نەک نمایشکردن و بینینی خەڵکی.

تەواوکردن (الإتمام) واتە پاراستنی خشوع و ئادابەکانی پەرستشەکە، بەڵام خۆ خەریک کردن بە وێنەگرتن، سەرقاڵبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان خۆخستنە ژێر باری قەرز، مەبەستمان ڕۆیشتن بۆ (عەمرە)کردنە بە قیست، کە لەم سەردەمە کۆمپانیاکانی گەشتی عەمرە ڕیکلامی بۆ دەکەن، بەداخەوە ئەم جۆرە ڕۆیشتنە بۆتە دیاردە.

ئەو جۆرە عەمرەکردنە بە قەرزو قیست، هەر تەنها بۆ ئەوەیە پێی بڵێن چۆتە عەمرە، کە پێچەوانەی جەوهەری «وَأَتِمُّوا … لِلَّهِ»یە.

کەوابوو: عەمرەکردن گەشتێکی ئاسمانی و بڕینی ڕێگایەکە بەرەو ماڵی خواﷻ ، نەک بەرەو سەرنجیڕاکێشانی خەڵکی.

بەهای ئەم سەفەرە پیرۆزە لەوەدا نییە چەند وێنەت لە ناو ماڵی خوداﷻو ڕەوزەی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) و شوێنە پیرۆزەکان گرتووە، یان چەند کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوبەشی ساتەکانت بوون.

بەهای ئەو سەفەرە پیرۆزە لەوەدایە چەندە دڵت لە خۆنمایشکردن و شوهرەت و ناودەرکردن و ڕق و کینە و ئیرەیی بردن و دنیاویستی پاک کردووەتەوە، ئیخڵاس واتە: ئەنجامدانی عیبادەتەکان تەنها و تەنها بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوداﷻ بێت.

کاتێک جلوبەرگی ئیحرام دەپۆشیت، خۆبەگەورەزانین لەکۆڵ خۆت دەکەیتەوە تاوەکو بە دڵێکی پاک و بێگەردەوە بەندایەتی پەروەردگاربکەیت، مەهێڵە مۆبایل و کامێراکان ئەو ساتە ڕۆحییانەت لێ بدزن، کە پێویستە تەنها لە نێوان تۆ و خوای خۆتدا بن. پەرستشی شاڕاوە و نییەتی پاک، هۆکاری قبوڵبوونی کردارەکان و هێنانەدی ئارامیی ڕاستەقینەن لە دڵدا.

با عەمرەکەت بێتە هۆی گۆڕینی ڕەوشت و بەهێزکردنی ئیمانت، نەک تەنها ناوێک یان وێنەیەک بۆ نیشاندانی دەوروبەر.

گەورەترین دەستکەوت لەم سەفەرەدا ئەوەیە بە دڵێکی پاک و نییەتێکی بێگەردەوە بگەڕێیتەوە، کە تەنها و تەنها ڕەزامەندی خوای ﷻ تێدا بێت.

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

چۆن سیرەی پێغەمبەر ﷺ بکەینە پردێک بۆ یەکخستنی صۆفی...