————————-
ژیانی مرۆڤە گەورە و نیشتمانپەروەرەکان، وەک کتێبێکی کراوە وایە کە پڕە لە وانەی ئارامگری، خواپەرستی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە، یەکێک لەو ئەستێرە درەوشاوانەی کە تەمەنی خۆی لە پێناو ڕەزامەندیی خوا و خزمەتکردنی خەڵکدا بەخشیوە، زانای ئایینی و پیاوی خواناس، باوکی ئازیزم (مەڵا ملۆ بەرخال)ـە، لێرەدا بەندە وەک کوڕێکی ئەو کورتەیەک لە ژیاننامەی دوو رو درێژی ئەم زاتە گەورەیە دەخەمە بەرچاوی خوێنەرانی بەرێزو خۆشەویست .
بەڕاستی من هەرگیز ناتوانم قەرەبووی ئەو ماندووبوون و شەونخونییە بکەمەوە کە باوکی ئازیزم بۆ منی کێشاوە تاوەکو ببمە مەلایەکی چاک و خزمەت بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بکەم،ئاوات و هیوای گەورەی باوکم هەمیشە ئەوە بوو کە من بخوێنم و واز لە خوێندنی زانستە ئایینییەکان نەهێنم،سوپاس بۆ خوای گەورە کە دوعاکانی جەنابی باوکمی گیرا کرد؛ پێش ئەوەی لەم دنیایە ماڵاوایی لەیەکتر بکەین، ئەو بە چاوی خۆی بەرهەمی ماندووبوونی خۆی بینی، کاتێک منی لەو پێگەیەدا بینی، زۆر سوپاسی خوای کرد وفەرمووی، کوڕم، ئەوەی لە خودا داوام دەکرد پێش مردنم، خوای گەورە بۆی هێنامە دی، ئەویش ئەوە بوو کە تۆ ببیتە مەلایەک و خزمەتی ئیسلام بکەیت، بەڕاستی باوکم لە خۆشیدا دەگریا کاتێک دەیبینی من بڕوانامە و مۆڵەتی مەلایەتی بەدەست دەهێنم.
ناوی تەواوی باوکم (مەڵا ملۆ بەرخال ئەحمەد مامەد)ـە،لەنێو خەڵکدا زیاتر بە (مەلا ئیبراهیم، مەلا ملۆ، یان سۆفی ملۆ) ناسراوە،ئەو سەر بە هۆزی ڕەسەنی برادۆستە و لە ساڵی (١٩٤٦) لە گوندی (بەڵسنان)ی سەر بە ناحیەی سیدەکان لەدایک بووە،دایکی ناوی (گەوهەر) کچی حەمەد ئەحمەد شێخە بوو، کە خەڵکی گوندی (شوشنە)ی برادۆستە.
باوکم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە سێبەری باوکی لەدەست دەدات و هەتیو دەکەوێت، بەڵام خوای گەورە دەرگایەکی گەورەی ڕەحمەتی بۆ دەکاتەوە و تەواوی ژیانی لاوێتی و پەروەردەیی لە (تەکیەی لۆلان)لە خزمەت زانا و عاریفی ناودار، جەنابی مەرحوم (شێخ ڕەشیدی لۆلان) بەسەر دەبات.
بەهۆی ئەوەی باوکم بێباوک بوو، جەنابی شێخ سۆز و خۆشەویستییەکی زۆر تایبەتی بۆی هەبووە و وەک باوکێک چاودێری کردووە؛ جلوبەرگ و پارە و پێداویستییەکانی بۆ دابین کردووە و خستوویەتە بەرخوێندنی قورئانی پیرۆز،ئەم سۆزەی جەنابی شێخ کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دەروونی باوکم جێهێشتووە؛ تا ئەمڕۆش کە تەمەنی موبارەکی هەشتاکانی تێپەڕاندووە، هەرکاتێک باسی جەنابی شێخ ڕەشیدی مەرحوم دەکرێت،لەبەر خۆشە ویستی و وەفاداری، خۆی پێ ناگیرێت و فرمێسک بە چاوەکانیدا دێتە خوارەوە و بەردەوام باسی کەرامەتەکانی شێخ بۆ ئێمە و دەوروبەری دەکات.
قۆناغی فەقێیەتی و زانستە ئایینییەکان:
باوکم بە عەشق و خولیایەکی زۆرەوە خۆی دەداتە بەر خوێندنی هەندێک لە زانستە شەرعییەکان و قورئانی پیرۆز،لەلای کۆمەڵێک زانای بەرێزی ئەوکات زانستی وەرگرتووە،لەوانە:
1-مەڵا ئەحمەد خانمێ (کانیەرەشی برادۆستی).
2-مەڵا قادر میرزا مام گەردییە و لە بنەڕەتدا سورچی بووە.
3- مامۆستا مەڵا محەمەد هەرکی (ئیمامی بەڕێزی جەنابی شێخ ڕەشیدی لۆلانی بووە).
4- مەڵا ئیبراهیم سمایلی (لە هۆزی هەرکی).
لەلای ئەم زانا بەڕێزانە، قورئانی پیرۆز، پەڕتووکی (فتح القريب) لە فیقهدا، و(مەولودنامەی باتەیی) خوێندووە،لەو سەردەمەدا مەدرەسەی لۆلان زۆر ئاوەدان بووە و زیاتر لە (٤٥) فەقێ بەردەوام دەرسیان تێدا خوێندووە.
باوکم پیاوێکی لەخواترس، بەتەقوا، خاوەن تەوەکول و خزمەتگوزارە، تەواوی ژیانی ئەم
پیاوە پڕە لە بەندایەتی و زیکری خوا و قورئان خوێندن ،بەجۆرێک کە هەرگیز بێ شەونوێژ و یادی خوا نەخەوتووە و هیچ نوێژ و ڕۆژوویەکی فەوتاوی نییە،لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەر شوێنێک مەلایەتی کردبێت، بووەتە مایەی خێر و خۆشەویستی بۆ خەڵکەکەی.
لە سەردەمی کۆرۆنادا کە مزگەوتەکان داخران و ترس باڵی بەسەر خەڵکدا کێشابوو، باوکم بەوپەڕی تەوەکولەوە یەک ڕۆژیش وازی لە نوێژی جەماعەت نەهێنا؛ بە خەڵکی دەگوت، تەوەکولتانتان لەسەر خوا لاوازە بۆیە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، و بە فەزڵی خوای گەورەش، پارێزراو بوو.
هەروەها پیاوێکی زۆر بەهێز و بەتوانا بووە؛ بۆ نموونە بە پێی پیادە بەیانی زوو لە گوندی لۆلانەوە هاتووە بۆ دیانا و بۆ هەمان رۆژ پێش نوێژی عەسر گەڕایتەوە بۆ گوندی لۆلان، کە ئەمەش نیشانەی هێزی جەستەیی و بەرەکەتی کاتەکانی ئەم پیاوەیە. لەڕووی ڕووخساریشەوە، هەر لە گەنجییەوە
وەک شوێنکەوتەی سوننەتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) ڕیشی هێشتووەتەوە و هەرگیز نەی تاشیوە،
هەروەها باوکم دەنگێکی زۆر خۆشی پێبەخشراوە، بەتایبەت لە خوێندنەوەی(مەولودنامەی باتەیی) و چیرۆکی (سیسەبان)، کە کاتی خۆی گوێگرێکی زۆری هەبووە و گرنگییەکی زۆری پێدراوە.
باوکم کەسایەتییەکی زۆر خۆشەویستە، بەتایبەتی لەناو ناوچەی بارزان و گوندەکانی وەک: شیتنە، شێخان، ببێراو، بۆکران، لێلوک، مەیدان) کۆلەکان و گرکار، و چەندین گوندی تر،خەڵکی ئەم ناوچانە خۆشەویستییەکی بێسنووریان بۆی هەیە، کە زۆرجار لە خۆشەویستی خزم و کەسوکاری خۆیان زیاترە.
لە یەکێک لە وێستگە جوانەکانی ژیانیدا، سەفەری حەجی ماڵی خوای لەگەڵ دۆستی گیانی بەگیانیی خۆی، خوالێخۆشبوو (حاجی مەحمود لێلوکەیی) و خێزانی دۆستەکەی (عائیشە خان) ئەنجامداوە، وەفاداری باوکم بۆ دۆستەکەی هێندە گەورەیە، کاتێک هەواڵی کۆچی دوایی حاجی مەحمودی بیستووە، لە خەفەتدا نەخۆش کەوتووە و تا ئەمڕۆش هەر جارێک بیری دەکەوێتەوە دەڵێت،إنا لله وإنا إليه راجعون، وەک دەربڕینی حوزنێکی قووڵ بۆ ماڵئاوایی خۆشە ویستترین هاوڕێی.
خێزان و نەوەکانی
باوکم ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ دایکم، ناسراو بە (پیرۆز حەسەن خدر وەربەگ) پێکهێناوە، کە سەر بە هۆزی شێروانییە و لە گوندی بەڵسنان لەدایک بووە، خوای گەورە چەندین ڕۆڵەی ساڵحی پێبەخشین کە بووینەتە جێگەی شانازی، ئەوانیش:
کوڕەکانی:
1- سەلمان مەڵا ملۆ لە دایکبووی١٩٦٢).
2- د. بلال مەڵا ملۆ (لەدایکبووی ١٩٧٢)؛ زانای ئایینی مۆڵەتی زانستی (الإجازة العلمية)ی لە ساڵی ١٩٩٤ لە هەولێرلەسەر دەستی مامۆستا مەڵا محەمەد ئەمین ڕواندزی وەرگرتووە، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە پسپۆڕی ئایینی (أصول الدين)،کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە وڵاتی مالیزیا بەدەستی هێناوە.
3- ئیسحاق مەڵا ملۆ (لەدایکبووی ١٩٧٧).
4- سابیر مەڵا ملۆ (لەدایکبووی ١٩٨٠).
کچەکانی:
1- گوڵستان مەڵا ملۆ (لەدایکبووی ١٩٦٩).
2- سەعدیە مەڵا ملۆ (لەدایکبووی ١٩٧٤).
3- سەوریە مەڵا ملۆ (لەدایکبووی ١٩٨٥).
خوشک و براکانی باوکم
باوکم خاوەنی چەند خوشک و برایەک بووە کە بریتین لە:
براکانی:
1- خوالێخۆشبوو حەمەد لەدایک بوو (١٩٣٠)
2- خوالێخۆشبووعبداللە لەدایک بوو (١٩٢٩)
3- عبدالصمد برخال أحمد، بەمندالی مردووە.
4- خوالێخۆشبوو سەلیم، لەدایک بووی١٩٢٨.
خوشکەكاني
1- عائیشە برخال أحمد لەدایک بووی١٩٣٢).
2- پەری برخال أحمد، بەمندالی مردووە.
لەکۆتاییدا:
ئێستا کە تەمەنی موبارەکی (٨٤) ساڵە، سوپاس بۆ خوای گەورە لە ژیاندا ماوە و
تەندروستی باشە،هێشتا وەک شاخێکی پڕ لە ئیمان، بەردەوامەلەسەر نوێژ و عیبادەتەکانی، باوکی ئازیزم،مەڵا ملۆ، نموونەی باوکێکی دلۆڤان و پیاوێکی خواناسەکە ژیانی خۆی کردە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی ئێمە و خزمەتکردنی دەوروبەرەکەی، نزامان ئەوەیە خوای میهرەبان تەمەنی درێژ بکات و سێبەری پڕ بەرەکەتی بەسەر سەری ماڵباتەکەمان و سەرجەم خۆشەویستانیدا بمێنێتەوە.
ئەم ژیاننامەیە، نەک تەنها مێژووی پیاوێکە، بەڵکو پەیکەرێکە لە وەفا و خۆشەویستی کە
من وەک کوڕی، بە شانازییەوە بۆ باوکی ئازیزمم نووسیوە.
ئامۆژگارییەکانی باوکم جێگەی شانازین بەتایبەت ئەوانەی خوارەوە:
١- هەرگیز منداڵەکانتان پشتگوێ مەخەن، با لە هەموو بنەماڵەکانتاندا یەکێک بکرێتە مامۆستای ئایینی،
٢- زۆر ئاگاتان لە دین و ڕەوشتتان بێت، و هەمیشە خوای گەورە تان لە یاد بێت.
٣- ئامۆژگاریی هەمووتان دەکەم کە هیچ کاتێک گوێ بۆ ئەو کەسانە مەگرن کە بە خراپە باسی پیاوچاکان و دۆستانی خوا دەکەن.
٤- دەی فەرموو ،دونیاش گرنگە، دەبێت دۆستتان هەبێت و ئاگاتان لە زمانی خۆتان بێت، بزانن بەردی نزیک زیاتر ئازار بەمرۆڤ دەگێنێت.
٥- هەرگیز پیاوی خراپ و بەدڕەوشت مەکەن بە دۆست، و لە ماڵی خۆتاندا نزیک مەکەنەوە.
٦- هەرگیز باسی دەسەڵات بە خراپی مەکەن؛ دلنیابن ئەم خەڵکە خۆی خراپە، کەس بۆ خوا لەو دەسەڵاتدارانە تووڕە نییە، بەڵکوو هەمووان مەرامی تایبەتیی خۆیان هەیە.
٧- تا بۆتان دەکرێت هەوڵبدەن برا و ئامۆزاکان، بەتایبەت ئەوانەی لە یەکەوە نزیکن، هەموو ڕۆژانی هەینی پیاوەکان پێکەوە لەسەر یەک سفرە کۆببنەوە و نان بخۆن هەر هەینییەک لە مالی یەکێکتان بێت گوێ مەدەنە بۆلەبۆلی خێزانەکانتان.
٨- زۆر ڕێز لە کچ و خوشکەکانتان بگرن، بەتایبەت ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە هەرکاتێک سەردانیان کردن، بەوپەڕی ڕێز و گەورەییەوە پێشوازییان لێ بکەن، خزمەتیان بکەن و بە ڕێزەوە بەڕێیان بکەن، چونکە ئەگەر مرۆڤ خۆی ڕێزی خێزان و منداڵی خۆی نەگرێت، خەڵکی بێگانەش ڕێزیان لێ ناگرێت.
٩- هەر خزم یان دۆستێک کۆچی دوایی کرد، یان نەخۆش کەوت هەرگیز پشتگوێی مەخەن؛ بڕۆن و بەشداری لە هاوخەمی و پرسەکەیاندا بکەن و یارمەتیدەریان بن. دڵنیابن بەم جۆرە کارە کۆمەڵایەتی
و مرۆییانە، پێگە و گەورەیی خۆتان لە نێوان خەڵکدا بەرزتر دەکەنەوە.
١٠- هەر کەسێک داوای لێبوردنی کرد لەو هەڵەیەی بەرامبەرتان کردوویەتی، دەست بەجێ لێی خۆش بن و هیچ دڵگرانییەک لە دڵتاندا مەهێڵنەوە،بەم لێبوردەیی و دڵفراوانییە، گەورەیی خۆتان نیشان دەدەن و دەسەلمێنن کە لە مانای بەرپرسیارێتی تێدەگەن.
داواکارم لە خوای گەورە تەمەنی باوکم درێژ و تەندروست بکات، و خوای گەورە لە گوناحی تەواوی مردووانی بنەماڵەکەم خۆش بێت و بە بەهەشتی بەرینیان شاد بکاتەوە، اللّهم آمین یاربّ العالمین.
—————————
وصلى الله على سيدنا محمد و على آله وصحبه وسلم.
هەولێر- کوردستان – عێراق.
د. بلال برادۆستی.
٢١ / ٨ / ٢٠٢٦ زایینی.




