لە نەریت و کەلتووری زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستاندا، زاراوەی «کۆلکە مەلا» بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە ماوەیەک لە قوتابخانە و حوجرە ئایینییەکاندا خوێندوویانە و هەندێک لە زانستە شەرعییەکانیان وەرگرتووە، بەڵام خوێندنەکەیان تەواو نەکردووە یان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە بە فەرمی بە «مەلا» بناسێندرێن.
گومانی تێدانیە «مەلا» ناونیشانێکە بۆ ئەو زانایەی کە خوێندنی ئایینی تەواو کردووە و لەلایەن مامۆستا و ئەهلی زانستەوە بە شایستەیی زانستی ناسراوە.
بۆیە جیاوازی سەرەکی لە نێوانیاندا ئەوەیە کە «کۆلکە مەلا» ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی سەرەتایی یان ناتەواوی خوێندنی ئایینی، بەڵام «مەلا» ئاماژەیە بۆ کەسێک کە پلەی زانستی و شەرعی و پێویستەکانی ئەو کەسایەتیە پیرۆزەی ناو کۆمەڵگای کوردی بەدەست هێناوە.
هەرچەندە ناونیشانەکان جیاوازن، بەڵام هەردووکیان پەیوەندییان بە خزمەتی ئایین، ڕێزگرتن لە زانست و حورمەتی ئەهلی زانستەوە هەیە.
لەم ووتارە کورتەدا ناتوانم باس لە دەریایی زانستی پڕ بەرهەمی مەلای کورد بکەم ، ناشتوانم باسی ئەو هەمووە کتێب و زانستانە بکەم کە خوێندویانە،تەنها دەمەوێت باس لەوەبکەم کە ناکرێت بە هەموو کەسێک بگوترێت مەلا و هەموو کەسێک شایانی ئەوەنیە شانازی زانای ئاینیی کوردستانی پێبرێت ، هەندێک لەوانەی ئەمڕۆ بانگەشەی زانست و مەلایەتی دەکەن و هەڵە و هەرزەیی و هەڵەشەیی سەری گەرمکردوون و مەلا ڕەسەنەکانی کوردەواری بە نەزان ناودەبەن خۆیان ناگەنە ئاستی سوختە ی حوجرەکان و ڕەنگە شیاوی ئەوەش نەبن پێیانبگوترێت کۆلکە مەلا ، چونکە له ڕاستیدا کۆلکە مەلا هیچ نەنگیەکی تێدا نیە و ئاستێکی نزمە لە زانیاری مەلایەتی و کۆلکە مەلایەک ئاستی خۆی بزانێت و لەڕادەی بەڕەی خۆی زیاتر لاقەکانی ڕانەکێشێت کوناهە تاوانباربکرێت .
مامۆستا محمد علی قەرەداغی لە کتێبی بوژانەوەی مێژووی زانایانی کورد ، چاپی بەغدا ۱۹۹٨ بەرگی یەکەم لاپەڕە – ۷٤ ، سەبارەت بە کەسایەتی و ئەرکی مەلا بەتایبەت لە دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی دەنوسێت :
(دوای ئەوەی مەلا ئیجازەی مەلایەتی وەرگرت ئەرک و کاری مەلایەتی دێتە ئەستۆی، چ لە شار چ لە دێ ببێتە مەلا لە مزگەوتی ئەو جێیە، یان لە حوجرە ئیش و کارەکانی جێ بەجێ دەکا، وەک دەرس دادان و پێش نوێژیی ڕۆژانە و ئامادەکردنی خوتبەی جومعە و جێژنەکانی قوربان و ڕەمەزان و وەڵام دانەوەی پرسیاری ئاینیی، مەلا قازیەکی سەربەخۆ بوو لە شار و لادێ بۆ مارەبڕین و بڕاندنەوەی کێشەی تەڵاق و کاروباری میرات، بڕاندنەوەی کێشەی موڵک و دارایی، نوسینی قەباڵە بۆ کڕینی گوند و خانوو، هەروا دوایی هێنان بە هەرا و کێشەی خوێن وپیاوکوشتن لە بەینی دووکەس یان دوو تایفە، قەرار و بڕینەوەی ” شفعە، اعارە، شرکة، قراض، وديعه ، امانت افلاس،حجز، وقف” کڕین و فرۆشتن بە هەموو لقەکانیەوە، بڕیاری مەلا وەک سوڵتەی تەشریعی بوو ، هەروا سوڵتەی تەنفیزیش بوو، مەلا بڕیاری لەسەر هەرشتێک دابایە، هەر ئەوە بوو گێڕانەوەی نەبوو، هەر مەسەلەیەک لەو مەسەلانە کە مەلا بڕیاری لەسەردابایە ، لەسەر پارچە کاغەزێک بۆ کابرای دەنووسی کە: من بڕیارم لەسەر ئەو مەبەستە دا، بەپێ ی فڵانە بەند لە فڵانە کتێب ئەو مەسەلە وایە و بڕایەوە؛ ئەو کابرایە ئەو پارچە کاغەزەی هەڵدەگرت وەک سەنەدی خاقانی وابوو بۆی ) .
لە هەمان سەرچاوەی پێشوو بەرگی ۹ لاپەڕە ۳٦۳ – ٣٦٨ ، نوسیویەتی :
” دەتوانین بڵێین لە مێژووی دێڕینی کورد دا دەسەڵاتی زانایانی کورد ئەگەر لە دەسەڵاتی میر و فەرماندارە کوردەکان باڵاتر نەبووبێ ئەوا شان بەشانی دەسەڵاتی ئەوان لە کاروباری ئاینی و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی خۆی بینیوە ،لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان پابەند بوون بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام،هەر لەبەر ئەوە لادان و دەرچوون لە ڕێبازی ئەو ئاینە بە تاوانی گەورە ژمێردراوە، خەڵکی کوردستان لە کاروباری ڕۆژانەیاندا ئەگەر کێشەیەکیان بوبێ پەنایان بۆ لای مامۆستای گوند و ناوچە بردووە و لەلای ئەو شەرعیان کردووە و هەرچی شەرع بۆی دانابن سەرپێچیان لێنەکردووە …” ٠
مەلای کورد کە خوێندنی تەواودەکرد ئەو ئیجازە مەلایەتیەی کە وەریدەگرت زۆر لە دکتۆرای ئەمڕۆ هەم بە دەستهێنانی گرانتر و هەم ئاستی زانستی و هۆشیاری نێوانیان ئاسمان و زەمین بوو!
مەلا کە بە قۆناغەکاندا تێدەپەڕێت مەوسوعە و دائیرەتول مەعاریفە ، لە هەموو زانستە شەرعیەکان پڕە و لێی دەڕژێت، کە بێگومان لەهەموو بوارەکان !
مامۆستا مەلا شکور مستەفا نوسیویەتی :
” زانایانی کورد لە بواری فەلسەفە و مەنتیقی یونان دا وەک هەموو زانا و فەیلەسووفەکانی ئیسلام وەبەر کاریگەری فیکری یونانی کەوتوون..، دەمیان لە مەششائییەت (بەدەم هات و چۆوە دەمەتەقێ ) و ئیشراقییەت و ڕیواقییەت و مەزهەبی ماتریالیزم و بێ سەرەتایی و بێ بنەتایی جیهان کوتاوە و نوسینیان چ بە کتێب و نامیلکە و شرۆڤە و پەراوێز لەسەر کتێبی عومدەی کەلام وئوسوڵی فیقە و تەفسیر و لێکدانەوەی قورئانی پیرۆز و بە ڕانانی مەدرەسەی زانست و فەلسەفە بڵاوکردنەوە زۆر بەرچاون …،” کاتیبی چەڵەبی لە کتێبی “کەشفوزنوون ” دا نوسیویەتی :
” مەلا و فەقێ ی کورد نەبوایەن، لە سەروبەندی سوڵتان محمد، خوێندەواری و زانست و فەلسەفە بڵاوکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا ئاسەواری نەدەما” (قاموسی فەلسەفە بە زمانی عوسمانی، سەرچاوەکانی بیروباوەڕی کوردەواری، شکور مستەفا، هەولێر ۲۰۰٦ لاپەڕە ٤۰).
دکتۆر مارف خەزنەدار لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی چاپی بەغدا ۱۹۹٨ بەرگی یەکەم لاپەڕە – ۷٤ ، نوسیویەتی :
( مەلا لە بارەی زانستیەوە دوو دەستە بوون :
١- گەورە مەلا ، یان مەلای گەورە، ئەو مەلایانە ناوناوبانگیان تەنیا لە یەک ناوچە و مەڵبەنددا نەبوو، بەڵکو لە هەموو دونیایی ئیسلام دەنگیان دابۆوە، ئەوانە بەشدارییەکی یەکجار گەورەیانکردووە لە دەوڵەمەندکردنی زانستیەکان کە پەیوەندیان بە ئاینەوە هەبووە.
۲- کۆلکە مەلا : ئەرکی پێشنوێژی و مەوعیزە و یاسین و تەڵقین خوێندن ، ئەو مەلایانە ئەنجامیاندەدا .) .
مەلا نزیکەی نیوەی تەمەنی لە خوێندن و گەڕان بەدوای فێربوونی زانستدا بەسەردەبرد ، لە کتێبی ڕەوشی حوجرە لە پێگەیاندنی زانا ئاینیەکانی هەولێر ، عومەر شێخ لەتیف بەرزنجی دەنوسێت :
” پاش بەسەربردنی زیاتر لە ۲٥ ساڵ تەمەن لە حوجرە و ناوفەقێ لای ئەو زانا و ئەو زانا، فەقێ کۆتایی بە بڕگەکانی خوێندن دەهێنا و کاتی ئەوە دەهات کە بڕوانامەی ۱۲ عیلم وەربگرێ ” .
سەبارەت بە خوێندنی مەلایەتی لەسەردەمی پێشوو و هەڵسەنگاندنی بەناو زانای ئەمڕۆ لەگەڵ زانای ئاینی و مەلای کورد ی پێش ئێستا مامۆستا مەسعود محمد لە کتێبی (حاجی قادری کۆیی – دەزگای ئاراس، هەولێر ، ساڵی۲۰۱۰ بەرگی ۱ ، لاپەڕە ۱٨۹ ) نوسیویەتی :
” ئەگەر خوێندەواری ئەمڕۆی کورد بەراورد بکەین لەگەڵ ڕادەی زاناییی مەلاکانی لەمەوپێش و هەر لایە بە پێ ی کات و زەرفی خۆیان هەڵیانسەنگێنین ، بێگومان تەرازوی مەلاکان یەکجار سەنگینتر دەبێ، بە پێچەوانەی دواکەوتنی خوێندەوارێکی کورد لە خوێندەواری نمونەیی ئەو سەردەمە ، مەلایەکی کورد ۲۰۰ ساڵ پێش ئەمڕۆ هاوتایی خوێندەواری نمونەیی نموزەجی زەمانی خۆی بووە ، واتا ئەو زۆرتر کوڕی ڕۆژگاری خۆی بووە لە مامۆستایەکی قوتابخانەی ئێستای کورد، (ابراهیم حەیدەری) کە بوو بە شێخولئیسلام لە دواڕۆژانی خەلافەتی عوسمانی، مەلایەکی هەولێری بوو، بە پێ ی دەوری خۆی پایەیەکی نەهێشتەوە لە ڕەوتی زانیاری و ئاینی جیهانی کە بۆ مەلایەک مومکین بێ لێ ی سەرکەوێ، لەو دەمەدا ئەو مەلایە لەڕووی هێز و دەسەڵات و ناو و مەقامی ڕۆشنبیریەوە چەندین مەیدان لە پێشی خوێندەوارانی ئیمڕۆی کوردەوە دێ بە پێ ی کاتی خۆیان، پایەی شێخ الاسلام لەوە بەرزترە یەکێک بگا بە پایەی پاداشتی نۆبڵ، خۆ دیارە تا ئێستا تاکەکوردێک نە ئەو پاداشتەی وەرگرتووە و نەلە دواڕۆژێکی بەرچاودا بەتەمای ئەوەیە وەربگرێ ، ئەوەمان لەبیر نەچێت خوێندەواری ۲۰۰ ساڵ لەمەو بەر ی کورد شەهادەکەی لە فێرگەیەکی کوردستان وەردەگرت و پێویست نەبوو لە پێناو خوێندن بچێ بۆ دەرەوە .”
هەر لە درێژەی ئەو بابەتەدا دەنوسێ:
” لە ڕابوردودا مەلای کوردت دەدی، ڕووت و برسی، بێ پارە و پووڵ،لەسەر بەردێکی ڕەق بە دەوری کانیاوی گوندێکی هەژاری کوردەوە خەریکە فەلسەفەی ئەفلاتوون و مەنتیقی ئەرەستوو و هەندەسەی ئیقلیدۆس و فەلەکی بەتلیمووس و شەریعەتی ئیسلام و زانستەکانی موعتەزیلی و ئەشعەری و ئەدەبی موتەنەبی و موعەڕی و سەعدی و حافز بە ڕەوانی بەوپەڕی ئوستادیەوە دەڵێتەوە بە فەقێیەکی کوردی لە خۆی ڕووت و برسی تر، لە قاهیرە و ئەستەنبوڵ و شام و بەغدا و لاهور و توونس و مەڕاکیش و فاس و زانستگاکانی ئەوڕوپای پێش(٥٠٠) ساڵ، چ مادەیەک دەخوێنرا هەمان ماددە لە هەرتلی و ڕانیە و عەبابەیلێ و شارەزوور و ڕۆستی ڕەواندز و دێیەکانی وەک ئەوانەی هەموو ناوچەکانی کوردستان لەبەر چرای قۆدیلە (فتیلە) و لەسەر حەسیری شڕ، جاری واش دەبوو بێ چرا و حەسیر، دەرس دەگوتراوە و کتێبیشیان لەسەر دادەنرا ” سەرچاوەی پێشوو ل۱٨٤ .
لە کتێبی فەرهەنگی حوجرە، بابەتی خوێندن و خوێندەواری لە کوردستان، لێکۆڵینەوەی محەمەد ئەحمەدیان لە لەپەڕە (١٨٢-١٨٣) سەبارەت بە( کۆلکە مەلا ، میرزا )، نوسیویەتی :
” ئەو کەسانەی لە زانستی ئاینیی کەمیان دەخوێند و خۆیان ماندوونەدەکرد و عیلمەکانی مەلایەتییان تەواو نەدەکرد و ئاگادارییەکیان لە ڕۆشنبیری و قوڵایی زانستەکان نەبوبوبا ، پێیان دەگوترا “کۆلکە مەلا” ، کۆلکە مەلاکان دوو تاقم بوون ، تاقمێک ئەو کەسانەی کەمیان خوێندبوو ، بەڵام بۆ ئەنجامدانی دەستوراتی ئاینی و فەرزەکانی دین ئازا و بەکاربوون و لە کوێرەدێیەک دەبوونە مەلا و بەڕادەی توانا خەڵکیان ڕێنوێنی دەکرد، لە بارەی ئەخلاق و ڕێوشوێنی مەلایەتی گرێیان نەبوو، خەڵکیش ڕێزیان دەگرتن.
بەڵام تاقمێکی تر هەبوو لەو کۆلکە مەلایانە لەگەڵ ئەوەی زانستی ئاینی فێرنەبووبوون فێری سەرەڕۆیی و هەڵەشەیی و ڕەوشی نزم و خۆ بواردن لە ئەنجامدانی ئەرکی ئاینیی ببوون و قسە و قسەڵۆکی سووکەڵە و ڕەخنەی جاهیلانە ئەرکیان بوو، لە ڕاستیدا لەناو کۆمەڵگادا بۆ خۆبەخێوکردن خۆیان بە ئاینەوە هەڵواسیبوو ،ئەمڕۆش هەر ئەو شێوە تاقمە لەناو کۆمەڵگادا ئایینیان سووک کردووە “.
مامۆستا محمد علی قەرەداغی نوسیویەتی :
” لە کوردستان ئەگەر مەلایەک پلەکانی خوێندنی نەبڕیبا و بەلێهاتووی خۆی نەگەیشتبایە بە ئەو پلەیە کە ئیجازەی مەلایەتی وەربگرێ ئەوە پێ ی دەگوترا کۆلکە مەلا و جێگە و شوێنی یەکێک لە کوێرە دێ و شوێنە چەپەکان بوو ، مەگەر بۆ دەرسی فێرکردنی قورئان و کتێبە وردەکان ، ئەگینا کەسی پێ قایل نەدەبوو دەرسی لەلا بخوێنێ ” (بوژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد، محمد علی قەرەداغی ، چاپخانەی وميض ، بەغدا ۱۹۹٨ ب۳، ل۱۹٤).
کەواتە “کۆلکە مەلا بەو مەلایانە گوتراوە کە هەندێکیان لە حوجرە خوێندووە، بەڵام تەواویان نەکردووە، تەنها لە ئەرکە سەرەکیەکان وەک پێشنوێژی و یاسین و تەڵقین حوێندن و هاوشێوەکانی ئەو کارانە بەڵەد بوون ” (ڕەوشی حوجرە لە پێگەیاندنی زانائاینیەکانی هەولێر ل۱۷).
حەمەکەریم هەورامی دەنوسێت :
” ئەو قوتابیەی کە قورئانی خەتم دەکرد و فێری نووسین دەبوو ، هەروا جۆرە سەوادێکی بەدەستدەهێنا و بەو هەندە خوێندن و سەوادە وازی لە خوێندن دەهێنا و دەبووە کۆلکە مەلا و خەریکی قورئان و یاسین و تەڵقین خوێندن و نووشتە نوسێن دەبوو ، بەو جۆرە بژێوی خۆی دابین دەکرد، بەڵام حەقی ئەوەی نەبوو مێزەرەی سپی ببەستێ …” (مێژووی پەروەردە و خوێندن لە حوجرەکانی کوردستان ، حەمەکەریم هەورامی، هەولێر ۲۰۰٨ ،ل ۳۰٤ – ٣٠٥) .
لە کۆتایی ئەم نوسینە کورت و خێرایەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە مەلایەتی و پێشەوایەتی موسڵمانان و بەناوی خودای گەوره “جل جلاله “و پێغەمبەری خۆشەویست ” درودی خوای لەسەربێت” قسەکردن هەروا بە هەوانتەو ئاسان نیە ، زانایان بە ڕەنجی زیاتر لە نیوەی تەمەن و گەڕان بە شوێن زانست و خوێندنی زۆر و تاوتوێکردن و تەدریس و جۆراوجۆری زانستەکان و ئەزمونی ژیانی مەلایەتی و هەڵکردن لەگەڵ کۆمەڵگە و خەڵک و بیروبۆچون و تەبیعەت و میزاجە جیاوازەکان هێشتا نەیانتوانیوە و خۆیان بە مەلەوانی ئەو دەریا بێ پەیە بزانن،
ئەو کەسانەی کە ماوەیە زانستە سەرەتاییەکانی قورئانی پیرۆز بە جوانخوێندنەوە و لەبەرکردن و هەندێک کتێبەکانی نەحو و سەرف و فیقهو و زانستی عەقیدە و حەدیسیان خوێندووە و هەموو زانستەکانیان بە تێروتەسەلی تەواونەکردووە بە کۆلکە مەلا ناسراون و حەقی ئەوەیان نەبووە لەناو خەڵکدا خۆیان بەمەلا بزانن ، تەنها کارە پێویستیەکانی ڕۆژانی خەڵکەکەیان ئەنجامداوە نەک خۆ بە زانا زان و موفتی و موجتەهید .




