ئاهەنگەکانی مۆڵەت بەخشینی مەلایەتی وەک نمونە !
حوجرە لە دوای بڵاوبونەوەی ئاینی ئیسلام لە کوردستان یەکەم بنەمای ئاین و خوێندەواریە لەناو گەلی کورددا، ئەگەر بمانەوێت لە شوێن دیدگا و داهێنانکاری و کلتور و نیشانەکانی ئیسلامەتیەکی کوردەواری خۆڕسکی کوردی موسڵمان بگەڕێین بە دڵنیاییەوە حوجرە و فەقێ یە کە لەسەر بنەمای ڕێنماییە شەرعیە حەڵاڵەکان و بەبێ چاولێکەری داهێنراوە و پەیڕەوکراوە ،
لەمێژووی گەلی کورددا ڕێ و ڕەسم و جل و بەرگ و کلتور و عاداتەکان هەموو کوردانەیە بە پێ ی ڕێنمایی ئاینی ئیسلامە ، کە دەڵێم ئیسلامی کوردەواری مەبەستم ئاینێکی جیاواز نیە لە ئاینی ئیسلام بەڵکو ئەو ئیسلامەیە کە تەفسیر و شیکردنەوە و ماناکردن و بنەماکانی هەڵهێنجان و حوکمەکان بە تێگەیشتنی زاناکوردەکان بۆ قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر درودی خودای لەسەر و سەرچاوەکانی دیکەی شەریعەت بووە ، بە پێچەوانەی هەندێک بیروبۆچونی ئەم سەردەمەی ئێستاوە کە هێڵێکی چەپ و ڕاست دەهێنن بەسەر هەموو تەفسیر و لێکدانەوە و شیکردنەوە وئاقیدە و هەوڵ و ماندوبونی زانا کوردەکاندا و بە بێ نرخ و بیدعەت و تەنانەت هەندێکجار بە کوفر و هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام دەبینن و لە بەرانبەریشدا ڕا و بۆچون و ئیجتیهاداتی زانایانی دیکەی جگە لە کورد بە پیرۆز و ڕاست و تەواو لە قەڵەم دەدەن .
ئەوەی لەم نوسینەدا قسەی لەسەر دەکەم ساتەکانی خۆشی و ڕابواردنە حەڵاڵەکانە لە ژیانی فەقێیەتی حوجرەکانی کوردستان بەتایبەت کاتی پێدانی موڵەت کە زۆر جار ئیجازەی دوانزەعیلمی مەلایەتی بووە و ئەم شێوازە تایبەتە بە کورد و چاولێکەری هیچ نەتەوەیەکی دیکەی ناو موسڵمانان نەبووە .
کاتی ئاهەنگی ئیجازە بەخشین بە فەقێ ی موستەعید کە لە لایەن مامۆستای ئیجازەبەخش (مجیز) دراوە و ئەو مامۆستایە بووە فەقێ دوا کتێبی لە لای خوێندووە .
ئەو ئاهەنگە لە سێ ڕۆژەوە تاکو حەوت ڕۆژ نان و پڵاو گۆشتی تێدا خوراوە سەرەڕای شیرینی و چا ..
شەو و ڕۆژ شایی و ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ بوو ، فەقێ لەهەموو ئامادەبووان گەرم و گوڕتر و شارەزایانە تر هەڵپەڕیوە !
گۆرانی بێژێکی دەنگ خۆش گۆرانی گوتووە و هەموو دەوروبەرەکەی بۆیان سەندۆتەوە و هەڵپەڕیون ، شایانی باسە لەم بۆنەیەدا ئامادەبوانی ئەهەنگەکە دەبنە دەستە دەستە ، دەستەیەکی زۆر خەریکی هەڵپەڕکێ و گۆرانی گوتنن، شایی و چەپڵە ڕێزان و شیعر خوێندنەوە، هەڵپەڕکێکان زۆرتر سێ پێیی و سۆسکەیی و تەمبۆڵێ و پێداپێدا بوو ، زۆر جار هەرخۆیان بەستە و گۆرانی فۆلکلۆری و ئاوازیان لەسەر نەزمی هەڵپەڕکێکە دادەنا ، هەندێک جاریش لە شایی سۆسکەیی پیتەکانی ئەلف و پێیان بە هەڵپەڕکێوە دەگوت بەم شێوەیە :
ئەلفێکی ئەن ، وەلا ئەئەن، ئەئلەم و ئەیو ئۆیە،
بێیەکی بەن ،وەلا بەبەن، بەبلەم و بەیو بۆ یە ،
جیمێکی جەن، وەلا جەجەن، جەجلەم و جەی و جۆیە ،
میمێکی مەن ، وەلا مەمەن، مەملەم و مەی و مۆیە .
بەم جۆرە درێژەیان پێدەدا تا هەموو پیتەکانی ئەلف و بێیان تەواو دەکرد ، شیعری گۆرانیەکانیش زۆربەی جار یان فۆلکلۆر یان شیعری شاعیرانی وەک : نالی و مەحوی و وەفایی و سافی جەزیری و موخلیص و شاعیران و مەلا دیار و ناسراوەکان بوون .
سەید مستەفا مەحمودیان لە کتێبی ” فەقێ و فەقێیەتی لە کوردستان “ل۱۷۲ ، نوسیویەتی :
[ لە ئاهەنگ و ڕێ و ڕەسمی ئیجازە وەرگرتن یان زەماوەندی فەقێیەکان ڕێگاپێدراوبوو چەند جۆر هەڵپەڕکێ و گۆڤەند بەڕێوەبچێ] … پاشان دەنوسێت ، [ هەڵپەڕکێیەکان بەم چەشنە بوون :
١- ڕۆینە :ئەو هەڵپەڕکێیە تایبەتی فەقێیان نەبوو ، بەڵکو هەوایەکی داوەتی کوردییە، سەربەندی گۆرانیەکەی ئەو تاکە شیعرەیە ” هەی ئاغالەر ، دیوانەلەر ،شەمع یانر، پەروانەلەر ” کە بە زمانی ئازەریە .
بەو شێوەیە کە فەقێیەکان بەڕیز قامکە چکۆلەیان لەبەر دەنێن و لاقی ڕاستیان لە دوایە و پاژنەی چەپیان لەپێشەوە لەسەر زەوی دەچەقێنن ، ئەوجا لاقی ڕاستە دێننە پێشەوە و خۆی دەدەنە سەری و پاشان لاقی چەپە، ئەمما بەرلەوە بەتەواوی خۆی بدەنەسەری، بەو ئەندازەی هاتونە پێشێ دەچنەوە دواوە هەتا دەکەونەوە سەر حاڵ و چۆنێتیی هەوەڵێ، ئەوجار دووبارە ئەوکارە دەکەنەوە ، وێڕای ئەو چوونە پێش و هاتنەوە دوایەش لەگەڵ هەرجوڵانێک هەڵبەزێک دەکەن و وردە وردە بەلای دەستی ڕاست دا دەسوڕێن و دوو کەسی دەنگ خۆش لەسەر کێش (وزن) ی سەربەندی “هەی ئاغالەر ، دیوانەلەر… ” گۆرانی بۆ یەکتر دەستێننەوە .
۲ٓ – پێدا پێدا : ئەو چەشنە لەهەڵپەڕکێ تایبەتی فەقێیان بوو، لە کاتی ئاهەنگی ئیجازە وەرگرتن و زەماوەندی فەقێیەکان ئەو هەڵپەڕینە بەڕێوە دەبرا ، ئەو نێوە “پێدا پێدا” بەهۆی سەربەندی گۆرانیەکەیە کە دەڵێ : ” هەی پێدا پێدا،
تەمورە پێدا،
یاخودا نەبارێ ،
یارم لەڕێدا”،
هەنبانە بۆرینە نوسیوە، پێدا پێدا واتە بەشوێن یەکدا ، شێوەی داگیرساندن و گێڕانی شایی پێدا پێدا بەو چەشنەیە کە فەقێیەکان : بەبێ دەست و پەنجە تێک گرتن لە حاڵێک دا کە هەر یەک دەستیان لەبەر کەلەکەیان دەنێن بەماوەی یەک هەتا دوو هەنگاوان لە یەکتر دوور، ڕیز دەبن دەست دەکەن بە ڕۆیشتن بەلای ڕاست دا، بەو شێوە پێ ی ڕاستیان دەبەنە پێش و پاشان لاقی چەپ و جارێکی دیش لاقی ڕاست و ئەوجار لاقی چەپ هەڵدێننەوە و لەگەڵ ئەوە تۆزێک بەلای چەپ و ژووری شاییەکەدا دەسووڕێن، بڕێک بە توندی لاق لە زەوی دەدەن و وێڕای ئەو کارەش چەپڵەیەک لێدەدەن و دوایە دەست دەخەنەوە بەر کەلەکەیان و پاش ئەوەی کە بڕێکی دیش هەر بەولایەدا سووڕان لاقی چەپیان دەبەنەوە دوایەوە و ئەوجار لاقی ڕاستیان لە زەوی دەدەن و دەگەڵ ئەو لاق لە زەوی دانەش چەپڵەیەک لێدەدەنەوە .
لەو جۆرە گۆڤەندەدا دووکەسی دەنگ خۆش لەسەر کێش و هەوای سەربەندی
” هەی پێدا، پێدا – تەمبۆلە پێدا – دەچمەبەعشوکێ – بەعزانوک ڕێدە – چەمێ بەعشوکێ – چەمەکی قوڕە – بەخۆم لێچاندیە – شترەگندۆرە”
گۆرانی دەڵێن و لەبەریەکتری دەڵێنەوە.
جاروباریش دەیانکردە شایی و چەپڵەڕێزان و شیعرخوێندنەوە و شایی “سێ پێیی ” و ” سوێسکەیی” و “تەمبۆڵی”، هەربۆخۆشیان بەستە و گۆرانی فۆلکلۆری وئاوازیان لەسەر نەزمی هەڵپەڕکێیەکە دادەنا و زۆرتر بۆ کات ڕابوردن بوو، شێوەی مەقامی سوێسکەیی بەناوی شیعرەکانی “ئەلفییەی ئیبنومالیک ” یان بە پیتەکانی ” هیجا ” دەگێڕا ، شیعرەکانی ئەلفییە بە شێوەیەکی سوک دەگوترا ، بە نەزمێکی تایبەت ، یەکێک دەیگوت ئەوانیتر بە تێکڕایی دەیانگێڕایەوە :
” كلامنا لفظ مفيد كاستقم ::
واسم وفعل ثم حرف الكلم “.
یان پیتەکانی هیجایان بەکاردێنا ، وەک ئاماژەمان پێدا، یەکێک دەیگوت و ئەوانیتر دووپاتیان دەکردەوە و درێژەیان پێدەدا تا هەموو پیتەکانی هیجایان تەواو دەکرد و شیعرەکانیش زۆربەیان شیعری مەلاکانی پێشوو یان شیعری سەردەمی خۆیان بوون وەک نالی، مەحوی، وەفایی، سافی، جزیری، موخلیس ٠ “ژیانی فەقێیەتی لە کوردستان، مەلا محمد عەلیاوەیی، ل۷۰، سلێمانی ۲۰۰۳ ” .
کتێبی ڕەوشی حوجرە سەبارەت بە هەڵپەڕکێ ی فەقێیان نوسیویەتی :
” لە کاتی ئیجازە وەرگرتنی فەقێ، یان ژنهێنانی فەقێ، فەقێیەکان زۆرتر حەزیان لە شایی ” سێ پێیی” و ” ئایشۆکێ ” دەکرد ، دەیان بەستەی جۆراوجۆریان لە هەڵپەڕکێ ی سێ پێ ی دەگوت ، بەزم و ڕەزمی ئایشۆکێ جیا بوو ، حەوت هەشت کەس بەرامبەریان لە یەک دەگرت، بێ دەستگرتن دەکەوتنە هەنگاونانی ڕێک و پێک و چەپڵەلێدان و گۆرانی گوتنی ئایشۆکێ کە ئەمەی خوارەوە چەند کۆپلەیەکە لەو بەستە و گۆرانیە :
ئایشۆکێ وەیشێ وەیشێ
کیژۆرێ وەیشێ وەیشێ
ئایشۆک کیژێ وەنەوشێ
کێ دەرێ بە من ناشێ
هێدەلالێم وەیشێ وەیشێ
ئایشۆک کیژە کوێخایە
خاوەن بەژن و باڵایە
ئایشۆکێ وەیشێ وەیشێ
هێدەلالێم وەیشێ وەیشێ…
ئا بەوشێوەیە ئەو بەستەیەیان تەواو دەکرد. ” ڕەوشی حوجرە لە پێگەیاندنی زانا ئایینیەکانی هەولێر ، عومەر شێخ لەتیف بەرزنجی ل۳۹ ، ساڵی ۲۰۰۷ ” .
مامۆستا مەسعود محمد لە کتێبی “حاجی قادری کۆیی، ساڵی ۲۰۱۰ ب۱ ، ل۲۳۲ ” نوسیویەتی : ” بۆ خۆم دیومە گۆرانی بێژی گاور لە مەجلیسی ئیجازەی مەلایان لە مزگەوتی کۆیە بۆ ماوەی دورودرێژ گۆرانی گوتووە ” ٠
هەر لەم ئاهەنگەدا دەستەیەکی تر لەلایەکەوە خەریکی خوێندنەوەی قەسیدەی بوردییەن ، کە گۆرانی گوتنە بە باڵای پێغەمبەری ئیسلام و وەسفی جوانی ڕەوشت و ڕوخسار و باڵاو موعجیزەکانیەتی کە خوا پێ ی بەخشیوە ، دەستەیەکی تر لەولاوە کۆڕێکی پێشبڕكێیان دروستکردووە خەریکی پرسیار لەیەکتری و وەڵام دانەوەن !
دەستەیەکی تر چەندین جۆر یاریان دەکرد و هەریاریەک ناوێکی خۆی هەبوو ، وەک : هەمزەل ، تەڵە و ڕێوی ، قاڕنی فەقێیان کە جۆرێک لە تۆپ تۆپێن بوو زۆر جاریش بە پەڕۆ تۆپێکیان دروستدەکرد و دەکەوتنە یاریپێکردنی ، یان یاری ” شەقان” کە گۆیەکی خڕیان لە داردروستدەکرد بە دارێکی شێوەی گۆپاڵ لێیان دەدا ، هەروەها یاری هەلوکێن و یاری سێباز و بازدان بەسەر پشتی یەکتردا کە یەکێک دەچەمایەوە و ئەویتر بەسەر پشتیدا بازی دەدا ، دکتۆر مستەفا زەڵمی لە کتێبی کاروانی ژیانم ناوی چواردە یاری بردووە کە فەقێ لە کاتی پشوو و ئاهەنگەکاندا ئەنجامیاندەدا بەم شێوەیەی خوارەوە :
١. موسا و فیرعەون ۲. گەنم گەنم ۳. فڕی فڕی قەل فڕی ٤.تەقیلە لەسەر تەقیلە ٥. میر و گزیر یا پادشا و وەزیر ٦. فەنە بێ دەنگە ۷. تەڕکی ژێر عەبا ٨. یاپراخە دوودوو ۹. گۆرەویی بازی یان کڵاوێن یان کەوشێن ۱۰. گەڕەلاوژە ۱۱. گایەکم هەیە دەیفرۆشم ۱۲. سکڵ پف ۱۳. ڕاوە ژیژک ۱٤. هەرکەسێ کاری خودەش باری خودەش .
هەندێک لە یاریەکان مەیدانێکی پان و بەرینی دەویست لەبەر ئەوە دەچونە دەرەوەی ئاوەدانی وەک یاریەکانی :
سێ باز و کەوشەک یان یەکباز و جوغزێن و تۆپ قاڕ یان قەلە مردارە و کورزەکوێرە و گورز و بن مێخ و گۆشتی قەڵەو و کڵاوفڕکێنە و کێل و بەرد .
لەم ڕۆژانەی ئاهەنگدا هەمیشە سەماوەر و قۆریە لە جۆشدایە و چایەکەش هەموو دەم قوڵئەدات .
دواتر بڕگەیەکی تر بەڕێوەدەبرا، بڕگەیەکی سەرنج ڕاکێش، بڕگەی ” شانۆگەری ” کە داهێنانێکی نوێ بۆ ئەوسەردەمە و تێکەڵکردن یان هێنانی هونەرە بۆ ناو کەیەی ئیسلامەتی و زانست و فێربوون، کە لەکۆنەوە لە حوجرەکاندا بەتایبەت لەم بۆنانەدا نمایشکراوە و پلە و پایەیەکی بەرز و شەیدایانی زۆری هەبووە ، لە شانۆگەریە بەناوبانگەکان کە نمایش دەکران :
“شانۆگەری کەر و ئاشەوان ” هەروەها “شانۆگەری مەلا و مەلاژن ” هەروەها “شانۆگەری دوکتۆری چاو ” بوو .
شێخ عەبدوڵڵا شێخ بابەعەلی بەرزنجی دەنوسێت : “بیرۆکەی شانۆگەری وسەرهەڵدانی ئەو هونەرە لە کوردستان زۆر کۆنترە بە بەراورد لەگەڵ عەرەب”.
بێدەنگی زاناگەورەکانی ئەو سەردەمە لە وەها نمایشێک ، مانای خۆشحاڵی و ڕەزامەندی بووە لەسەر ئەو لایەنە گرنگەی هونەر .
یەکێکی تر لە یاری و شانۆگەریەکانی فەقێکان کە مایەی سەرنجی بیرمەندی کورد مەسعود محمدی ڕاکێشاوە لە بارەیەوە دەڵێت :
” میرمیرانێ ی فەقێ و مەلایان کەلەکاتی کۆبونەوەی وەک موناسەبەی ئیجازەی موستەعیدان شکڵی حکومەتێک ڕێکدەخرا و فەقێیەک دەبوو بە میر و فەرمانی بەسەر هەموو برا گەورە و سەرۆک عەشیرەتان دا دەکشا، لە نوسینی تر باسی ئەو لایەنەم کردووە و گوتوومە ئێستاش دەیڵێمەوە ئەو ئاهەنگەی چەند ڕۆژێکی دەخایاند ڕەنگدانەوەی تامەزرۆیی بێ حکوومەتی کوردی بوو … “(مرۆڤ و دەوروبەر ، مەسعود محەممەد، هەولێر، 2010ب۳، ل۹٥) .
لە کۆتایدا هیوادارم ئەم نوسینە بچێتە خانەی خزمەتکردن بە پڕۆژەی کوردانە خوێندنەوەی ئیسلام و شانازیکردن بە مێژووی ڕەسەنی ئیسلامەتی کوردەواریەوە


