خودای میهرەبان و لێبوردە لە پرۆگرامی حوجرەکانی کوردستان.. ئیسماعیل نامە بە نمونە!

 

لە گوند و شارەکانی کوردستان، پێش ئەوەی قوتابخانە نوێکان و زانکۆ گەورەکان سەرهەڵبدەن، حوجرەی مزگەوتەکان یەکەم سەرچاوەی خوێندن و مەعریفەت بوون ، خوێندنگەی ژیان بوون. لەو شوێنە پیرۆزانەدا نەک تەنها خوێندن و نووسین و زانستە ئاینی و نەقڵی و ئەقڵیەکان و زمانە زیندووەکانی ئەوسەردەمە دەخوێنران، بەڵکو پەروەردە، مرۆڤدۆستی، ڕەوشت، شەرموحەیا، خۆشەویستی و میهرەبانی و ناسینی خودا لە دڵەکاندا جێگیردەکران.

مامۆستایانی حوجرە بە گوفتولفتی شیرین، تەڕ و پاراو ، ڕەنگ و ڕوخساری ئومێدبەخشی زەردەخەنەی پرشنگدار چون سروشتی جوان و دڵڕفێنی گوندەکانی کوردستان بە نەرمی و دانایی ، لەگەڵ سەبای ساڵحان تێکەڵ بە دەنگی بانگی بەیانی و قاسپەی کەو و  جریوەی مەل و خوێندنی بولبول و دەستنوێژی سەرکانیاوە سازگارەکان لە دامێنی شاخی گەردن بەرزی سەرکەشی سەربەفرینی بنارەکان، هەموو پەیامبوون کە خودا پەروەردگاری میهرەبانی و جوانی و سۆز و ئەوین و خێر و ڕەحمەتە، پەشیمانبونەوە و تەوبەی بەندەکانی خۆی وەردەگرێت،  لێبوردە و ئارامگران و جوانی و خاوێنی و پێکەوەژیانی خۆشدەوێت و دەرگای گفتوگۆ و ڕاز و نیازی هەمیشە بۆ هەمووان  کراوەیە، بۆیە ئەوکاتە پەیوەندی فەقێ سوختە و موستەعید و مامۆستا مودەڕیسەکان  لەگەڵ خودا پەیوەندیی ترس و هەڕەشە نەبوو، بەڵکو پەیوەندیی خۆشەویستی و متمانە بوو، بەرهەمی ئەم شێوازەش حەزرەتی مەحوی و نالی و جەزیری و خانی و مەولەوی و سالم و کوردی و فەقێ تەیران و دەیان ناوی درەوشاوەی دیکە بوو کە هەتا هەتایە شانازی و سەروەرین .

بابەتی پڕۆگرامی گشتگیری حوجرەکانی کوردستان هێندە ئاسان نیە من لەم کورتە وتارەدا بتوانم خۆم لە قەرەی بدەم ! ئەم بوارە دەریایەکی هێندە بێ پەیە من هەرگیز لە کەنارەکانیشدا ناتوانم مەلەوانی بکەم ، لێرەدا تەنها قسە لەسەر نامیلکەیەکی قۆناغی سەرەتایی سوختەیی هەندێک لە حوجرەکان دەکەم کە ئەویش نامیلکەی ئیسماعیل‌نامەیە کە پێکهاتووە لە شەش چیرۆکە وانە بە هۆنراوەی کوردی سەردەمی خۆی لەلایەن ” محمد ئەمین عەسری”  نوسراوون بە  ناونیشانەکانی: ئیسماعیل نامە و  ناگەهان و باخەوان و سەنگتەراش و نان و ماست و بیاداود !

*  ئیسماعیل نامە باسی حەزرەتی ئیسماعیلی کوڕی حەزرەتی ئیبراهیم دەکات و ٨٨  بەیتە و باسی سۆز و میهرەبانی خوادەکات کە نایەوێت دڵی بەندەکەی بریندار بێت و جگەری بسوتێت و لە جیاتی سەربڕینی مرۆڤێک لە ئاسمانەوە بەرانێک بەتایبەت  پێشکەش دەکات و داوادەکات لە جیاتی ڕشتنی خوێنی ئیسماعیل خوێنێ ئەو ئاژەڵە بڕژێت .

* ناگەهان باسی سەرەنجامی خراپەکاری و دەرفەتی بونە مرۆڤی چاک دەکات ، ۷۲ بەیتە، باسی ئەوە دەکات ڕۆژێک حەزرەتی عیسا لە چۆڵەوانیەک چاوی بە کەللەسەری مردویەک دەکەوێت، داوا دەکات خودای گەورە ئەو کەللەسەرەی بۆ زیندوو بکاتەوە ، لەدوای ئەوەی زیندوودەبێتەوە حەزرەتی عیسا پرسیاری لێدەکات کە چەندساڵە مردووە و چی کارەبووە ؟ ئەویش وەڵام دەداتەوە کە سەدوپەنجا ساڵە مردووە و ناوی سوڵتان جومجومەیە، سوڵتانی حەوت ئیقلیم بووە ، خاوەن سەروەت و سامانی زۆری سەرزەمین بووە و زۆربەی خەڵکی سەر زەوی ڕەعیەتی بوون ، داوا دەکات لەعیسا کە دەرفەتی بداتێ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئیدی کاری چاکە و خزمەت بکات ، لەسەر داوای حەزرەتی عیسا خوا چل ساڵ تەمەنی سەرلەنوێ پێدەبەخشێتەوە ، ئەو چل ساڵە وەک دەرفەتێکی گەورە بە خوا پەرستی و چاکەکاری بەسەر دەبات .

* باغەبان ٤۳ بەیتە باسی باخەوانەکەی

” فەڕڕوخ شا” دەکات ، کاری ئەوە بووە هەرگوڵێک کە پشکوتووە یەکسەر بردویەتی بۆ شا ، ڕۆژێک چاودێری گوڵێک دەکات کە بپشکوێت و بیبات بۆ شا ، لە دوای ماوەیەک چاوەڕوانی بولبولی شەیدا دێت و بۆنی گوڵدەکات و هەڵدەوەرێت ،  کوڕەکەی باخەوانیش لە تۆڵەدا بولبولەکە دەگرێت و سەری دەبڕن ، لە سزای سەربڕینی بولبولی شەیدای گوڵدا مارێک دەداتە کوڕی باخەوانەوە و دەیکوژێت، باخەوانەکەش مارەکە دەکوژێت ، پاشا بەم کارە دەزانێت و پێ ی دەڵێت ڕۆژێک دێت تۆش لە تۆڵەی کوشتنی ئەو مارەدا سزای خۆت وەردەگریت.

ڕۆژێکیان ژنانی حەڕەمسەرای شا لە ناو حەوزی باخەکەدا مەلە دەکەن ، هەواڵ دەگاتە پاشا کە باخەوان لەناو گەڵادارەکانی باخەکەوە بە نهێنی سەیری کردوون، پادشاش دەیەوێت بیکوژێت ، ئەویش دەڵێت گەورەم ئەگەر بمکوژیت تۆش سزای خۆت وەردەگریت ، ئیتر پاشاش لێیدەبورێت و نایکوژێت.

* سەنگتەراش ٤٦ بەیتە ، باسی ئەوە دەکات کابرایەکی سەنگتەراش گیرۆدەی خۆشەویستی خودا دەبێ ، هەمیشە بیردەکاتەوە  ئەوخودایە مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمانی ڕازاندۆتەوە، دەشت و دەر و گوڵ و گوڵزار و کانی و دەریاکانی دروستکردووە ئەبێت خۆی چەندێک جوان بێ ، ڕوودەکاتە خودا و لێ دەپاڕێتەوە و پێ ی دەڵێ ئەوە تۆ لەو ئاسمانە چی دەکەی؟ بۆ نایەیتە خوارەوە بۆ  سەرزەوی!؟ بەڵێن دەدەم باخچەیەکت بۆ دەڕازێنمەوە پڕ گوڵ و نێرگز،  خوایە گیان بەڵێن بێت ئەگەر تەشریف بێنی خانویەکی شاهانەت بۆ دروست دەکەم و دەبمە خزمەتکاری بەر دەرگاکەت ، لەدوایدا سەنگتەراش دەستپێدەکات، هەموو هونەری خۆی دەخاتە کار شاخی سەختی بەردینی کێوی تور دەتاشێت و کۆشکێکی پڕ لە نەخش و نیگار دروست دەکات و تەخت و عەرشێکی شاهانەشی تێدا دروست دەکات ، ئیتر دەکەوێتە چاوەڕوانی کردنی خودا کە تەشریف بێنێتە خوار بۆ سەر زەوی!  سەنگتەراش بیری کردەوە پێشوازی بەبێ خواردن و زەرفوزیافەت نابێت بۆیە بە پەلە و خێرا چوو بۆ لای شوانێک کە مەڕێکی قەڵەوی لێبکڕێت کە خودا هاتەخوار لەبەر پێیدا سەریببڕێت ، کابرایەک بەم کەین و بەینەی سەنگتەراشی زانیبوو و هەواڵەکەی بە حەزرەتی موسا گەیاند ، ئەویش ڕۆیشتە سەر ماڵەکەی و هەرچی کاسە و گۆزە و تەخت و تاراجێک کە بۆ پێشوازی خودا ڕێکی خستبوو هەمووی وردوخاشکرد و خانووەکەشی وێران کرد، کاتێک کابرای عاشقی خودا بە خۆیی و مەڕەکەیەوە گەڕایەوە بەدەم ڕێگەوە لەدڵی خۆیدا خۆزگەی دەخواست ئێستا خودا هاتبێت و لەماڵەیدا خەوتبێت بەڵام کە بینی ئەوەی دروستی کردبوو هەمووی تێک و پێکدراوە دڵی شکا، لەدڵی خۆیدا گوتی ئێستە خۆشەویستەکەم بێت من چی بکەم بۆیه زۆر خەفەتی خوارد و دەستی کرد بە گریان و فرمێسک ڕشتن ، سۆز و میهرەبانی خودا بۆی هاتە جۆش و خرۆش، جبرائیلی ناردە لای موسا کە بۆچی دڵی عاشقێکی ئەوی ڕەنجاندووە !فەرمانی پێکرد بە زوترین کات ماڵەکەی وەک خۆی بۆ چاکبکاتەوە و داوای لێبوردنیشی لێبکات ، ئیتر موسا زانی کە ڕاستگۆیی بەندایەتی خودا لە چیدایە و خوداش زۆر بەندەکانی خۆی خۆش دەوێت  .

* بیا داود ” وەرە داود ” ئەم بابەتە کۆمەڵێک ئامۆژگاریە ٥۲ بەیتە و وەک ئەوانی دیکە چیرۆک نیە، سەرەتاکەی بەم بەیتانە دەست پێدەکات :

وەرە داود ئەگەر مەردی خودای تۆ

مریدی خانەدانی مستەفای تۆ

وەرە داود لە گۆڕستان گوزەر کە

ببینە جێگەکەت عەزمی سەفەر کە .

لێرە داوا دەکات نوێژ بە دڵ و گیان بکەن چونکە نوێژ دیدار و گەیشتنە بە لیقای خودای میهرەبان هەروەها لە کۆتایی بابەتەکەدا پاڕانەوەیە لەخودا کە لە تاوانباران خۆش بێت .

* نان و ماست ، ئەم چیرۆکە شیعریە ۳٤ بەیتە، باس لەوە دەکات شوانێک عیشقی خودا سەراپای داگیر دەکات ، خۆشەویستی خودا لە کەللەی دەدات، لەبەر خۆیەوە لەگەڵ خوادا قسەدەکات و دەڵێت : ئەی خودای گەورە و میهرەبان خۆزگە دەمزانی جێگەت لەکوێیە هەتا جوانترین و خاوێنترین ماست پەنیر و کەرەم بۆ دەهێنایت ، خوایە گیان شوێنەکەتم پێبڵێ با پۆشاک و فەرەنجی جوان و کەمەربەندی زێڕینت بۆ بهێنم .

حەزرەتی مووسا گوێی لەم ڕاز و ویردە دەبێت سەرکۆنەی شوانەکە دەکات و پێ ی دەڵێ : شوانە خوا نابینرێ ، ناخەوێ ، جێگەی نیە، باوک و دایکی نیە ، خێزان و منداڵی نیە،  شوانەکە کە ئەمەی لە مووسا بیست زۆر دڵتەنگ بوو کەوتە ناو غەم و پەژارە و سەرلێشێوانەوە و زۆر گریا ، لەلایەک نائومێد بوو لە دیداری خودا و خزمەتکردنی ،  لەلایەکیش پەشیمانبوو کە خودای نەناسیبوو بەوجۆرەی کە مووسا دەیناسێ، داوای لێبوردنی لە خودا کرد، خودا فەرمانی بە مووسا دا کە بچێتە لای ئەو شوانە و سەلام و خۆشەویستی خودای پێبگەیەنێت ، شوانە کە سەلامەکەی خوای پێگەیشت لەخۆشیان شایی مەرگ بوو ، دەرحاڵ گیانی دەرچوو .

ئەم بابەتانە تەنها بۆ خۆشی و حیکایەتخوانی و کاتبەسەربردن نەبوون ، هەروەها تەنها دەقێکی خوێندن و لەبەرکردنی شیعر نەبوون؛ بەڵکو هەریەکەیان قوتابخانەیەکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی بوون. لە ناو چیرۆک و نموونەکان و هۆنراوە و پەندەکاندا خوێندکار فێری ئەوە دەبوو کە ڕاستگۆیی و دەستپاکی و دڵسۆزی و خزمەتکردنی خەڵک و لێبوردەیی لە باشترینی خواپەرستیەکانن.

ئەم کتێبانە خودایان بە وێنەی حاکم و دەسەڵاتدارێکی توند و زەبروەشێن و بێ ڕەحم نەناساندووە ، بەڵکو بە وێنەی پەروەردگارێکی میهرەبان و لێخۆشبوو ؛ خودایەک کە پەشیمانبونەوە و داوای لێبوردن لە بەندەکانی قبوڵ دەکات، دەرفەتی دوبارە و  گەڕانەوە بە هەڵەکاران  دەدات و دەرگای ڕەحمەتی خۆی لەسەر هیچ کەسێک داناخات، ئەم تێگەیشتنە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پەروەردەی نەوەی ئەو سەردەمە هەبوو، چونکە مرۆڤێک هەر لە منداڵیەوە  باوەڕی بە ڕەحمەتی خودا هەبێت زیاتر میهرەبانتر و لێبوردەتر دەبێت لە چاو خەڵکی تردا .

هەروەها حوجرەی مزگەوتەکان قەبوڵکردنی جیاوازییەکانیان پەیڕەودەکرد نەک دژایەتی، لەوێوە فەقێ فێر دەبوو کە مرۆڤ بە ڕەفتار و ئەخلاق هەڵسەنگێنێت نەک بە ڕەنگ و زمان یان هۆز یان بیر و بۆچوون.

هەر ئەم پەروەردەیە بوو کە هۆکاری ئەوە بوو زۆر لە زانایانی کورد لەگەڵ جیاوازترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە میهرەبانی و ڕێز هەڵسوکەوتیان دەکرد.

ئێمە ئەگەرچی ئەمڕۆ لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و زانیاری خێرا و زیرەکی دەستکردداین، بەڵام پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ ئەو جۆرە ڕۆحیەتە هەیە؛ نەک بۆ دووبارەکردنەوەی هەموو شێوازەکانی ڕابردوو، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەو بەهایانەی کە مرۆڤیان درووست دەکرد،  بەهای  خۆشەویستیی خودا، هیوابەستن بە ڕەحمەتی، لێخۆشبوون لە خەڵک، ڕێزگرتن لە جیاوازی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا.

کاتێک منداڵێک لە حوجرە فێردەبوو کە “خودا ڕەحمەت ی چەند قات ڕەحمەتە و نور لەسەر نورە “، هەمان کات فێری ئەوەش دەبوو کە خۆی ببێتە سەرچاوەی میهرەبانی بۆ خێزان، دراوسێ، هاوڕێ و کۆمەڵگە و تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش کە لەگەڵی جیاوازن .

لەکۆتاییدا  کتێبە ناسراو و خوێنراوەکانی حوجرە تەنها بەشێک نین لە مێژووی پەروەردەی کوردستان ؛ بەڵکو بەشێکن لە مێژووی دروستکردنی دڵێکی پاک، عەقڵێکی ڕوون، و کۆمەڵگایەکی ئارام. هەرچەندە شێوازی فێرکردن گۆڕاوە، بەڵام پەیامی ئەو کتێبانە هێشتا زیندووە کە ڕێگای نزیکبوونەوە لە خودا بە ڕێگای خۆشەویستی و ڕەحمەت و ئەخلاق و خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت .

…………

سەرچاوەکان

۱- ئیسماعیل نامە  و ناگهان و باغبان و بیاداود  و نانوماست و سگتراش.

چاپکراوە لەسەر ئەرکی عبدالخالق محمد امین عصري ،

دارالمثنی للطباعة و النشر ببغداد سنة ۱۹۸۲

٢- مێژووی پەروەردە و خوێندن لە حوجرەکانی کوردستان، حەمەکەریم هەورامی، وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر ۲۰۰٨ ، ل ۳۱۱ – ٣١٥ .

٣- فەرهەنگی حوجرە، بابەتی خوێندن و خوێندەواری لە کوردستان ،ناوەندی خانی، سەقز، چاپی یەکەم١٤٠٣ ، ل ٢٢٧ – ٢٢٩ ٠ر

نوێ

بابەتی پێشنیاركراو

پەروەردەو هونەری قسەکردن لە تێڕوانینی ئیسلامدا

پەیامێک