لەم سەردەمە پڕ لە تەنگژە و گێژاوەدا، کە گەنجان و کۆمەڵگە بە دەست دەیان دەردی دەروونی، داڕمانی ئاکاری، بێهیوایی و وێڵبوونی هزرییەوە دەناڵێنن، چاوەکان هەمیشە لەسەر زانایان و مامۆستایانی ئایینییە تا ببنە تریفەی ڕووناکی بۆ تاریکستانی ڕۆحەکان و پزیشکی برینەکان،بەڵام کاتێک سەیری گۆڕەپانەکە دەکەین، بەداخەوە پرسیارێکی گەورە و سەرسوڕهێنەر یەخەمان دەگرێت، بەڕاست مامۆستایانی ئایینی بەرێز … ئێوە خەریکی چین؟!.
بەبێ بریندارکردنی هیچ کەسێک و بەدوور لە هەر جۆرە لایەنگیرییەک، ئەمە ئازارێکی قووڵی کۆمەڵگەیە کە پێویستە بە دەنگی بەرز بگوترێت، ئایینی پیرۆزی ئیسلام، کە هاتووە بۆ ژیانەوەی مرۆڤایەتی، بونیادنانی شارستانییەت، ڕێنوێنیکردنی مرۆڤ بەرەو بەختەوەری، ڕاستکردنەوەی لادانەکان و سڕینەوەی پەرتەوازەیی، نابێت ببێتە قوربانیی چەواشەکاری و قۆرخکاریی کەسانێک کە سیمای ئایینیان شێواندووە و بوونەتە هۆکاری سەرلێشێوانی گشتی.
لە جیاتی ئەوەی مامۆستایانی ئایینی وەڵامی گومانە سەردەمییەکان بدەنەوە، ببنە سایە و پەناگەیەک بۆ گەنجە باڵشکاواکان و چارەسەری گرێ کۆمەڵایەتییەکان بکەن، بەشێکی زۆریان کۆمەڵگەیان بەند کردووە بە باسە لاوەکی و پەراوێزییەکانەوە، ئایینیان هێندە بچووک کردووەتەوە، لەسەر شێوازی دەستگرتن لە نوێژدا یان پەنجە جولاندن و سەدان بابەتی زۆر لەوە بچووکتر، یەکتری بێڕێز و بێ ئایین دەکەن!،
مەبەست لە، بچووکتر، ئەوە نییە کە خودی بابەتەکە گرنگ نەبێت،نەخێر! بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە گرنگیدان بە پرسە چارەنووسسازە کانی ئوممەتی ئیسلام، لە بابەتەکانی تر گرنگترە.
ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مینبەرە کانەوە، ڕۆژانە گوێبیستی دەیان پەیامی سەیر و نەشیاو دەبین کە بچووکترین خزمەت بە باوەڕ و ڕەوشتی مرۆڤ ناکەن، بەداخەوە، ئەم جۆرە گوتارانە وایان کردووە کەسانی دەرەوەی ئایین، بێباکانە گاڵتە بە پیرۆزییەکانمان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە،بێدەنگیی زانایانی ڕاستەقینە و ژاوەژاوی کەمزان و نەفامەکان بە سیما و ناوی زانایانەوە، بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان هەژمار دەکرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە مامۆستا زانا، دانا و تێگەیشتووەکان پاشەکشەیان کردووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، لە بەرامبەریشدا گۆڕەپانەکە بۆ کەسانێکی بەناو مەلا و بێبەش لە زانستی ڕاستەقینە و دانایی چۆڵ کراوە، کە بە قسەی بێبنەما و نەفامییەکەیان، وێنەی ئایین و زانایانیان ناشرین کردووە.
لێرەوە پرسیارێک دێتە پێشەوە، وەڵامەکەی بۆ خۆتان بدەنەوە، ئایا کەسێک دەتوانێت بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە، زێرەڤانی یان پۆلیس کارێک بکات؟ یان پلەی سەربازی بۆ خۆی دروست بکات و بە ئازادی تەواو مەرامەکانی خۆی بەو شێوە نایاساییە بەڕێوە ببات؟ یان بە ناوی دادوەرێک یان پزیشکێکەوە، هەرگیز ڕێگەی پێ نادرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکار دەکرێت، بەڵام هەمان پرسیار، ئەی بۆچی ئەم ڕێکارە نایاساییانە ناگیرێنە بەر بەرامبەر بە تەواوی ئەوانەی بە ناوی زانایان و مامۆستایانی ئایینییەوە ئەم جۆرە کار و لێدوانانە ڕۆژانە دەدەن؟
موسڵمانانی خۆشەویست، زۆر گرنگە بۆ هەموومان بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە ڕاستەقینەکانی قورئان و سوننەت، با بزانین پێوەرەکان چۆنن:
لە قورئانی پیرۆزدا سەبارەت بە ئەرک و پێگەی زانایان هاتووە، کە تەنها ئەوانەی زانستی ڕاستەقینەیان هەیە لە خودا دەترسن، نەک ئەوانەی تەنها قسەکەرن: إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ، فاطر، ٢٨ .
واتە: بێگومان لە نێوان بەندەکانی خوادا، تەنها زانایان (بەهۆی قووڵیی تێگەیشتن و زانستەکەیانەوە) بەڕاستی لە خوا دەترسن.
هەروەها دەربارەی ئەرکی گەیاندنی پەیامە گەورە و ڕاستەقینەکە نەک بابەتی بێبەها، دەفەرموێت: الَّذِينَ يُبَلِّغُونَ رِسَالَاتِ اللَّهِ وَيَخْشَوْنَهُ وَلَا يَخْشَوْنَ أَحَدًا إِلَّا اللَّهَ ۗ وَكَفَىٰ بِاللَّهِ حَسِيبًا، الأحزاب، ٣٩.
واتە: ئەوانەی کە پەیامەکانی خوا (وەک خۆی) دەگەیەنن و تەنها لەو دەترسن، وە لە هیچ کەسێکی تر ناترسن جگە لە خوا، وە خوای گەورەش بەسە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە بکات.
لە فەرموودەکانی پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە، سەبارەت بەوەی کە زانایان دەبێت هەڵگری پەیامە گەورەکەی پێغەمبەران بن نەک خەریکی دونیایەکی بچووک بن: إِنَّ الْعُلَمَاءَ وَرَثَةُ الْأَنْبِيَاءِ، إِنَّ الْأَنْبِيَاءَ لَمْ يُوَرِّثُوا دِينَارًا وَلَا دِرْهَمًا، إِنَّمَا وَرَّثُوا الْعِلْمَ، فَمَنْ أَخَذَهُ أَخَذَ بِحَظٍّ وَافِرٍ،رواه أبو داود والترمذي.
واتە: بەڕاستی زانایان میراتگری پێغەمبەرانن، پێغەمبەرانیش دینار و درهەمیان بە میرات جێ نەهێشتووە، بەڵکو زانستیان بە میرات جێهێشتووە، هەرکەسێک ئەو زانستە وەربگرێت، ئەوا بەشێکی زۆر و گەورەی وەرگرتووە.
سەبارەت بە دەرکەوتنی کەسانی نەفام و بێبەها لە گۆڕەپانەکە و قسەکردنیان بەناوی ئایین و کۆمەڵگەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشبینییەکی زۆر وردی کردووە: سَيَأْتِي عَلَى النَّاسِ سَنَوَاتٌ خَدَّاعَاتُ، وَيَنْطِقُ فِيهَا الرُّوَيْبِضَةُ، قِيلَ: وَمَا الرُّوَيْبِضَةُ؟ قَالَ: الرَّجُلُ التَّافِهُ يَتَكَلَّمُ فِي أَمْرِ الْعَامَّةِ، رواه ابن ماجه وصححه الألباني.
واتە: ساڵانێکی هەڵخەڵەتێنەر دێتە سەر خەڵک و ئومەتی من لە کۆتا زەماندا، تێیدا (الرُّوَيْبِضَة – ڕوەیبزە) قسە دەکات،پرسیار كرا: ڕوەیبزە چییە؟ فەرمووی، پیاوێکی نەفام و هیچ و پووچە، کە لە کاروباری گشتیی خەڵکدا و بە ناوی خەڵکەوە قسە دەکات و بڕیار دەدات.
وە هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا فەرموویەتی:إِنَّ اللَّهَ لَا يَقْبِضُ الْعِلْمَ انْتِزَاعًا يَنْتَزِعُهُ مِنْ صُدُورِ الْعُلَمَاءِ، وَلَكِنْ يَقْبِضُ الْعِلْمَ بِقَبْضِ الْعُلَمَاءِ، حَتَّى إِذَا لَمْ يُبْقِ عَالِمًا اتَّخَذَ النَّاسُ رُءُوسًا جُهَّالًا، فَسُئِلُوا فَأَفْتَوْا بِغَيْرِ عِلْمٍ، فَضَلُّوا وَأَضَلُّوا، أخرجە البخاری،
واتە: بێگومان خوای گەورە زانست و زانیاری لە کۆتاییی زەماندا،لە پڕێکدا و بە ڕاکێشان لە سنگی زانایان دەریناهێنێت، بەڵکو زانستەکە دەکێشێتەوە بە کێشانی ڕۆح و مردنی زانایان، هەتا ئەوکاتەی هیچ زانایەکی ڕاستەقینە نامێنێت، خەڵکی کەسانێکی نەزان دەکەنە پێشەوا و گەورەی خۆیان، پرسیاریان لێ دەکرێت، ئەوانیش بەبێ زانست فەتوایان بۆ دەدەن، بەوەش خۆیان گومڕا دەبن و خەڵکیش گومڕا دەکەن،
ئەم فەرموودەیە ، بوخاری بۆمانی باسکردووە.
کەواتە: ڕێک قسەی پێغەمبەرامان (محمد) (صلى الله عليه وسلم)، ئەمڕۆ لە نێوانماندا بەرجەستەیە، چونکە ڕۆژانە دەبینین ئەمڕۆ چەند زۆرن ئەوانەی بە ناوی ئایین، بە ناوی ئازادی، بە ناوی مافی مرۆڤ، بە ناوی مافی منداڵ و ژن، یان بە ناوی دادپەروەری و پێکەوە ژیانەوە قسە دەکەن لەسەر تەواوی کاروباری موسڵمانان، ئەوانەی سەر زمان و بن زمانیان مافی خەڵک و پێکەوەژیانە، کەچی بۆ خۆیان پێکەوە ناتوانن بژین و یەکتریان قبووڵ نییە؟!
چوار ئامۆژگاریی زێڕین بۆ زانایانی ئایینیی بەڕێز:
١- ببنە پزیشکی دەروونەکان، نەک دادوەر: لەبری ئەوەی خەریکی حوکمدان و دابەش کردنی خەڵک بن بۆ بەهەشت و دۆزەخ، ببنە ئەو باوەشە گەرمەی کە گەنجان لە کاتی شکان و نائومێدییاندا پەنای بۆ دەبەن،وەڵامی گومانەکانیان بە زانست و لۆژیک بدەنەوە، نەک بە تووڕەیی و هەڕەشە.
٢- کاکڵەکەی وەر بگرن و توێکڵ فڕێ بدەن: کۆمەڵگە پێویستی بە تێگەیشتن لە دادپەروەری، ڕەوشت، لێبوردەیی و خۆشەویستییە، واز لە گەورەکردنی خاڵە جیاوازە لاوەکییەکان بهێنن کە تەنها کۆمەڵگە پەرتەوازە دەکەن، و جەخت لەسەر ئەو بنەما گەورانە بکەنەوە کە هەموومان کۆدەکەنەوە.
٣- بێدەنگی بشکێنن، خۆتان بکەنە خاوەنی ئەم ئیسلامە:
زانایانی ڕاستەقینە و خاوەن حیكمەت نابێت چیتر گۆڕەپانەکە بۆ نەفام و نەخوێندەواری بەناو ئایینی چۆڵ بکەن، بێدەنگیی ئێوە، مۆڵەتدانە بە وێرانکاریی ڕۆحیی کۆمەڵگە، بە دەنگی بەرز و زانستییانە ڕاستییەکان بخەنە ڕوو، دلنیابن بارێکی قورستان لەسەرشانە، خوا گەورە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم )، دەفەرموێت: إِنَّا سَنُلْقِي عَلَيْكَ قَوْلًا ثَقِيلًا، قورئان و پەیامی ئیسلام ،ئەمانەتێک قورسە، واتە بارێکی گەورەی بەرپرسیارییە، ئەوەی خۆی بە زانا، مامۆستا یان بانگخواز دەزانێت، دەبێت بزانێت ئەو ئەرکە سووک نییە، و زۆر قورسە بەرپرسیارییەکەی لە دونیا و لە ڕۆژی قیامەتدا قورستر دەبێت.
٤- پێشەنگی کردار بن پێش گوتار: خەڵکی ئەمڕۆ پێویستی بە بینینی ئیسلامە لە ڕەفتار و مامەڵەتاندا، نەک تەنها بیستنی لەسەر مینبەرەکانەوە، با کردارتان پێش قسەکانتان وتار بدات، چونکە ئایین لە بنەڕەتدا جوانکردنی ژیان و ڕەوشتە.
قسەی کۆتاییم:
کاتی ئەوە هاتووە مامۆستایانی ئایینی بە خۆیاندا بچنەوە و بەئاگا بێن، نابێت چیتر خەمی ماڵی خەڵک بتان کاتە قوربانی و ئاگری ماڵی خۆتان نەبینن! نەکەن خۆراکێک بۆ کۆمەڵگە ئامادە بکەن کە لەبری شیفا، ببێتە هۆی دەرد و کەس ئارەزووی خواردنی نەکات، ئێمە ئەمڕۆ تینووی زانایانی ڕاستەقینەین کە ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی خێزان، ڕێبەر بۆ ئارامکردنەوەی ناخی گەنجان، و هەوێنی یەکڕیزی و بونیادنانی نیشتمان،بێدەنگیی زانا دڵسۆزەکان و زۆربڵێیی نەفامەکان، زەنگێکی مەترسیدارە و دەبێت بوەستێنرێت، ئایین پیرۆزی ئیسلام بۆ جوانکردنی ژیان و ڕزگار کردنی مرۆڤە،با نەیگۆڕین بۆ دێوەزمەیەک کە خەڵکی لێی ڕابکەن.




